که‌سایه‌تیی و فاکتەرە کاریگه‌رەکانی سه‌ر که‌سایه‌تیی تاکی کورد! (به‌شی یه‌که‌م)
که‌سایه‌تیی (personality ) چ وه‌کو پێکهاته‌یه‌کی دوولایه‌نه‌ی ده‌روونی و ڕوواله‌تیی مرۆڤ و چ وه‌کو چه‌مکێکی پێناسه‌کراوی زانستته‌کانی ده‌روونناسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی، بایه‌خ و گرینگییه‌کی تایبه‌تیی بۆ مرۆڤ هه‌یه و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی که‌سایه‌تیی که‌س (Individual) نه‌خشێکی کاریگه‌ریان هه‌یه له‌سه‌ر ڕاده‌ی سه‌رکه‌وتن یان شکستی که‌سی خاوه‌ن که‌سایه‌تیی له ژیاندا و هه‌روه‌ها له‌زۆر بوواره‌وه له‌سه‌ر شکست و سه‌رکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه یان کۆمه‌ڵگه‌کان به‌گوێره‌ی قورسایی که‌سایه‌تییه‌کان و هه‌لومه‌رج و پێگەیەک کە هەیانە.
بیروبۆچوونه‌کان له‌سه‌ر پێناسه‌کردنی که‌سایه‌تیی تاڕاده‌یه‌ک لێک نزیکن به‌ڵام بۆ خۆپاراستن له درێژبوونه‌وه‌ی باسه‌که که مه‌به‌ستی باسی بابه‌ته‌که نییه له‌باسی ئه‌و پێناسانه خۆده‌بوێرم و وه‌ک سه‌ره‌کییه‌ک به‌کورتیی به چه‌ند دێڕێک له‌سه‌ر پێناسه‌ی که‌سایه‌تیی ده‌چینه سه‌ر مه‌به‌ستی باسه‌که که له دوو به‌شدا پێشکه‌شتان ده‌کرێت. به‌شی یه‌که‌می ناساندن و پێناسه‌کردنی که‌سایه‌تیی به‌گشتییه و به‌شی دووهه‌می بابه‌ته‌که بریتییه له‌و فاکته‌ره سه‌ره‌کییانه‌ی که کاریگه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر پێکهاته‌ی که‌سایه‌تیی تاکێکی کورد. دیاره ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌کوترێت لێکۆڵینه‌وه نییه به‌ڵکو هاڵسه‌نگاندن و بۆچوونی برای بچووکتانه به‌پێی ئه‌و خوێندنه‌وه و زانیارییانه‌ی له‌سه‌ر دیارده و چه‌مکی که‌سایه‌تیی لێکم داوه‌ته‌وه و ده‌یخه‌مه به‌رده‌ستی خوێنه‌ران و ڕه‌خنه و پێشنیاریشتان مایه‌ی خۆشحاڵیم ده‌بێت.
به‌شی یه‌که‌م: که‌سایه‌تیی!
که‌سایه‌تیی ده‌کرێت وه‌ک ناسنامه‌ی ڕه‌فتاریی مرۆڤ پێناسه بکرییت. ده‌روونناس و کۆمه‌ڵناسه‌کان له باسی که‌سایه‌تییدا زیاتر له‌هه‌رشتێک سه‌رنج ده‌ده‌نه ئه‌و کاراکته‌رانه‌ی که تاکه‌کان لێک جیا ده‌که‌نه‌وه. له‌مباره‌وه ده‌روونناسه‌کان زۆرتر باری چۆنایه‌تیی (quality) سایکۆلۆژیی واته ده‌روونناسانه‌ی تاکه‌کان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن که تایبه‌تمه‌ندییه ده‌روونی و ڕه‌فتارییه‌کان به هه‌ست و بیروبۆچوونه‌وه له‌خۆده‌گرن. دیاره کۆمه‌ڵناس و زانایانی بوواری کۆمه‌ڵایه‌تی، پێوه‌ندیی مرۆڤ وه‌کو تاک له‌گه‌ڵ گرووپ و له‌پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ مافه‌کانی تاک و کۆمه‌ڵگه هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و له پێناسه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و تایبه‌تمه‌ندیی سیسته‌م و پرۆسه کو‌لتووریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندیی ماف و ئه‌رکه‌کانی تاک و هاووڵاتیی ده‌کۆڵنه‌وه و زۆربه‌ی زانایانی ئه‌و بووارانه له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که که‌سایه‌تیی به‌رهه‌می میرات له‌لایه‌ک و سرووشتی ده‌ورووبه‌ر و سرووشتی كۆمه‌ڵایه‌تییە لەلایەکیتر. که‌سایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌ر تاکێک بریتییه له هه‌ڵسوکه‌وت و جووڵانه‌وه ڕوواڵه‌تییه‌کان و له‌وانه‌ش شێوازی قسه‌کردن، به‌ڕێدا ڕۆیشتن، خۆش یان ناخۆش ڕوویی له‌گه‌ڵ خه‌ڵک، شێوازی کاردانه‌وه له هه‌لومه‌رجه نائاساییه‌کان، تێڕوانیین بۆ به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، تێبینیی و بۆچوونه‌کانی تاک به‌گشتیی و به‌تایبه‌تیی له‌کاتی ڕووداودا که دیاره هه‌رکام له‌وانه ده‌توانن له‌سه‌ر هه‌ڵسووکه‌وتی تاک به‌تایبه‌تیی له کاته نائاساییه‌کاندا کاریگه‌رییه‌کی سه‌رکییان هه‌بێت.
کەواتە هەست و هەڵسوکەوت و بیر و بۆچوونەکانی هەر تاکێک لەپێوەندیی لەگەڵ دەوروبەریدا، ئەو کۆمەڵە کاراکتەرەن کە کەسایەتیی ئەو کەسە پێناسە دەکەن و لە کەسانیتر جیای دەکەنەوە. کەسایەتیی ئەو ئاوێنەیە کە جووان و ناحەزییەکانی ڕوواڵەت و دەروونی مرۆڤەکان دەردەخات و لەقالبی دەدات. دیارە بێگومان ئەوەی شارەزایه‌ک یان زانایەکی بوواری دەروونناسی لەو ئاوێنەدا دەیبینێ، زۆر جیاوازە لەوەیکە کەسەکه بۆخۆی یان تەنانەت کەسانیتریش دەیبینن. هەر بۆیەش لام وایە ئەگەر زۆر کەس وەکو ئه‌وه‌ی دەروونناسەکان له‌سه‌ر باری که‌سایه‌تی و ڕه‌فتاریی خه‌ڵک ده‌رکی ده‌که‌ن و ده‌یبینن، ئه‌وانیش ئاوا کەسایەتیی خۆیان لەبەرچاوبا و مانا‌و هۆکارەکانی رەفتارەکانی خۆیان بەشێوەیەکی زانستیی زانیبا، زۆر بەزوویی بە بۆچوون و کردارەکانی خۆیاندا دەچوونەوە و دەبوون بە مرۆڤێکیتر و کەسایەتییەکی جیاوازیان دەبوو لەوەیکە هەیانە.
به‌ڵام ته‌نیا ئه‌و شتانه‌ی باسیان لێوه‌کرا که‌سایه‌تیی مرۆڤ پێک ناهێنن، به‌ڵکو که‌سایه‌تیی زۆر جار تایبه‌تمه‌ندیی ناڕوون و شاراوه‌شی هه‌ن که ده‌توانن له خه‌یاڵات ، بیرکردنه‌وه و زۆر جاریش له ئه‌زموونه‌کانی تایبه‌تیی تاکه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتبێت و له حاڵاتی زۆر تایبه‌تدا نه‌بێ، که‌سایه‌تیی یان تایبه‌تمه‌ندیی که‌سایه‌تییان له‌بوارێکه‌وه ده‌رنەخه‌ن.
دیارە مەبەستم لەو بابەتە ئەوە نییە کە بچمە ناو قووڵایی باسی دەروونناسانە و کۆمەڵناسانەی کەسایەتیی یان تێئوریی و فاکتەرە جۆراوجۆرەکانی پێوەندیداری دەروونی و فیزیکیی ئەو بووارە شیی بکه‌مه‌وه، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە ئەو باسە لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی سەرەکیی کاریگەر لەسەر کەسایەتیی تاک و لەوانەش فاکتەرەکانی مێژوو، جوگرافییا، کۆمەڵگە و دەسەڵات یان سیاسەت لەسەر پێکهاتەی کەسایەتیی کورد بەگشتیی و بەکورتیی گرێبدەم و بیخەمە بەر باس.
وەک سەرچاوە گرینگەکانی کاریگەر لەسەر کەسایەتیی بەگشتیی، دەکرێت ئاماژە بکرێت بەوەیکە به‌شی زۆرینه‌ی کرداری مرۆڤ، ڕه‌نگدانه‌وه و به‌رهه‌می ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌یه که تاک له هه‌لومه‌رج و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی شوێنی گه‌وره‌بوون و بنه‌ماڵه‌و کۆمه‌ڵگه‌وه وه‌ریان ده‌گرێت و به‌گوێره‌ی چۆنییەتی فاکتەرە کۆمه‌ڵایەتییەکانەوە، کاریگه‌رییان له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌بوون و بارهینانی تاک ده‌بێت. دیارە کۆمەڵگەکان و شوێن و مێژوو و هەلومەجەکانییان زۆر جیاوازن و ئەزموون و کاریگەرییەکانی مێژووشیان لەسەر بارهێنانی کەسایەتییان زۆر جیاوازە. بۆ وێنه ئەزموونی ئێمەی کورد پێمان دەڵێت کە گه‌وره‌بوون و په‌روه‌رده‌بوونی تاک له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی داگیرکراو ده‌توانێ دوو جۆره که‌سایه‌تیی جیاواز با‌ر بێنێ. یه‌که‌م به‌هۆی ئەو زەبروزەنگەی که له‌ماوه‌یه‌کی دوورودرێژدا لە هەموو ئاستەکانی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە به‌شێوازی جیاواز بە تاک نیشان دراوەو کاریگەرییان کردۆتەسەری، تاکێکی به‌رهه‌ڵستکار و زۆر جار سه‌ره‌ڕۆ بارهاتووه که به‌گوێره‌ی هه‌لومه‌رجێک که تێیدایه، به‌رهه‌ڵستی ئه‌و شتانه ده‌بێته‌وه که به نائاساییان ده‌زانێ و ته‌سلیمی هه‌لومه‌رجه‌که نابێت و له‌هه‌مانکاتدا خۆشی زۆرینەی گرفتەکانی بە توندووتیژی چارەسەر دەکات (لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە کێشەکانی بەو شێوەیە چارەسەر دەبن). دووهه‌میان تاکێکی بێ ئیراده و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌ر که تەسلیمی هەلومەرجەکە بووە و زۆر ئه‌سته‌م ده‌خۆیڕاده‌بێنێ کارێک یان بیرێکی نوێ بکاته‌وه‌و به‌وه‌ی که هه‌یه ڕازییه. دیارە بەشێک لەوکەسانەی دووایی لەترسان و بەشیکیشیان بەهۆی پاراستنی بەرژەوەندییان هه‌لومه‌رجه‌که به شتێکی ئاسایی یان لەبەرژەوەندیی خۆیان ده‌زانن. زۆربه‌ی کاته‌کان له هه‌ردووک حاڵه‌تدا، که‌سی بارهاتوو له‌و باره نائاساییه‌دا، لەبوواری دەروونییەوە که‌سایه‌تییه‌کی نه‌خۆشە که چاک کردنه‌وه و ساخکردنه‌وه‌ی باری که‌سایه‌تیی و ده‌روونیه‌که‌ی کارێکی هاسان نییه. تاکی با‌ر هاتوو له‌وه‌ها کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا (و بەتایبەتییش لە حاڵەتی یەکەمدا) لەکاتێکدا لە ڕەوشی ئاسایی‌دا زۆر مێهرەبان و خۆش مەشرەفە و زۆر کاری باش و کورده‌واری گوته‌نی پیاوه‌تیی له‌ده‌ست دێن، لەکاتی نائاساییدا زۆر که‌م ته‌حه‌مموله و ئاسایی هه‌ڵده‌چێت و به هاسانی توندوو تیژی به‌کار دێنێ و به گشتی له‌وه‌ها هه‌لومه‌رجێکدا زۆر ئه‌سته‌م له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری سازشی هه‌یه و ئه‌گه‌ر هه‌ستیش به ده‌سه‌ڵاتداری بکات زۆربه‌ی کاته‌کان خۆسه‌پێن و دیکتاتۆره. حه‌زی لییه به هه‌وڵێکی که‌م شتی زۆر گه‌وره وه‌ده‌ست بێنی و گه‌لێک تایبه‌تمه‌ندییتر کە بەپێ بنەماڵەو دۆستان و هەلوومەرجە تایبەتییەکان، خه‌سڵەتی باش یان خراپیتریشی پێوە زیاد دەبێت که بێگومان خه‌سڵه‌ته‌کان چ ئه‌رێنی بین یا خود نه‌رێنیی، کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و که‌سه‌و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ده‌ورووبه‌ریشی ده‌بێت. دیاره ئه‌وه به‌و مانایه نییه که کاسایه‌تیی ته‌نیا به‌رهه‌می سرووشتی کۆمه‌ڵگه بێت، به‌ڵکو هەروەک بەکورتیی ئاماژەی پێکرا، زۆر فاکتەریتر و له‌وانه‌ش پەروەردەو فێربوونی خوێندنگه و لەو ڕۆژگارەدا سینەما و مێدیا و هەروەها زۆر تایبه‌تمه‌ندیی ده‌روونی و تاکەکەسیی هه‌ن که له به‌رهه‌مهێنان و تایبه‌تمه‌ندیی به‌خشین به که‌سه‌کان به‌شدارن.
درێژه‌ی هه‌یه...
بۆ خوێندنەوەی بەشی دووهەم:که‌سایه‌تیی و فاکتەرە کاریگه‌رەکانی سه‌ر که‌سایه‌تیی تاکی کورد! (به‌شی دووهه‌م ) http://surkew.blogfa.com/post/13
ڕەشەمەی ١٣٨٨ ی هەتاویی
سوئێد
سوورکێو زەکی، لەدایکبووی باشووری کوردستان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم. لە ڕاستییدا سوورکێو ناوی دووهەممە، بەڵام لە ناو کوردان زیاتر بەم ناوەوە ناسراوم، خۆشم هەر ئەو ناوەم پێ خۆشترە لە ناوی یەکەمم، سولەیمان یان سوولمەن ناوی ناسنامە و ناوی سویدییەکەمە.