که‌سایه‌تیی و فاکتەرە کاریگه‌رەکانی سه‌ر که‌سایه‌تیی تاکی کورد! (به‌شی دووهه‌م )
سوورکێو زه‌کی
له‌به‌شی یه‌که‌می بابه‌ته‌که‌دا وێڕای پێناسه و باسی که‌سایه‌تیی وه‌کو دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی و ده‌روونی به‌گشتیی، هه‌ڵسه‌نگاندنێکیش له‌سه‌ر فاکته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی کاریگه‌ر له‌سه‌ر که‌سایه‌تیی تاک به گشتیی کرا. له‌درێژه‌ی باسه‌که‌دا به‌کورتی باسی چه‌ند فاکته‌رێکی کاریگه‌ر له‌سه‌ر که‌سایه‌تی تاکی کورد، له‌وانه‌ش فاکته‌ره‌کانی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات، کۆمه‌ڵ و کو‌لتوور، مێژوو، ئایین و ئایدۆلۆژیا و هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه‌کی کورتیش به چه‌ند فاکته‌رێکیتر ده‌که‌یین.
فاکته‌ری سیاسه‌ت یان ده‌سه‌ڵات
ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت پێوه‌ندییه‌کی نزیکیان به‌یه‌که‌وه هه‌یه به‌ڵام یه‌ک شت نین. ده‌سه‌ڵات ئه‌و هێزه‌یه که بۆ به‌ڕێوه‌به‌ردنی کاره‌کانی له‌سیاسه‌ت که‌ڵک وه‌رده‌گرێت. به‌واته‌یه‌کیتر سیاسه‌ت ئه‌و تاکتیک و مێتۆدانه‌ن که بۆ به‌ڕێوه‌بردن یان گه‌ییشتن به‌ده‌سه‌لات له‌لایه‌ن گرووپێکه‌وه به‌کارده‌هێندرێن. دیاره ده‌سه‌ڵات له‌هه‌موو بووارێکه‌وه به یه‌کێک له نه‌خشگێڕه‌کانی کاریگه‌ری ژیانی ڕۆژانەی تاک و کۆمه‌ڵ ده‌زاندرێت و یه‌کێک له‌و ئه‌کته‌رانه‌یه کە بە چاک یان خراپ پێوه‌ندیی به ژیان، ئه‌رک و مافه‌کانی هاووڵاتیانه‌وه هه‌یه‌و به‌گوێره‌ی سیسته‌می سیاسیی و هه‌ڵسووکه‌وتی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له‌گه‌ڵ خه‌ڵک له‌لایه‌ک و جۆری تێڕوانینی بۆ به‌ها مرۆڤایەتییەکان و هەروەها سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌یی و فەلسەفە و جیهانبینیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه به‌سه‌رجه‌م که‌رسته‌کانی به‌رده‌ستییه‌وه له‌وانه‌ش مێدیا و په‌روه‌رده‌وه ده‌توانێ قاڵبێکی تایبه‌تی به هه‌ست و بیر‌و بۆچوون و سه‌رجه‌م ئه‌و کاراکته‌رانه بدات که پێوه‌ندییان به که‌سایه‌تیی تاکه‌وه هه‌یه. ئه‌وجار ئه‌گه‌ر له ژیان و ئه‌زموونی کورده‌وه بڕوانیینه فاکته‌ری سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات، به‌داخه‌وه کورد بۆخۆی تا ئه‌وڕۆ ( بێجگه‌له سه‌رده‌می کورتی کۆماری کوردستان و ئه‌و ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردووش له باشوور)، ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕانی به‌وشێوه‌یه نه‌بووه که بکرێت هه‌ڵسه‌نکاندنێکی مێژوویی له‌سه‌ر بکرێت به‌ڵام له‌مه‌ڕ کاریگه‌ریی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وروبه‌ری کورد به‌کورتی ده‌کرێ ئاماژه به‌وه بکرێت که ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات تا ئه‌وڕۆ به تاک و کۆمه‌ڵی کورده‌واری نیشانی داوه شتێک زیاتر له شه‌ڕ، سه‌رکوت و تۆقاندن ، زیندان، بێبه‌شکردن و هه‌ڵاواردن، کوشتن، ده‌رکردن و گیرۆده‌کردن بە ماده‌سڕکه‌ره‌کان و به‌ده‌یان کردار و خسڵه‌تی تێکڕووخێنه‌ریتر نه‌بووه و نییه. هه‌ر بۆیه‌ش له‌وباوه‌ڕه‌دام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یدا که فاکته‌ری ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌ر له‌پێناو خزمه‌ت به‌خه‌ڵک و به‌ره‌وپێشبردنیان له‌ڕێگه‌یه‌کی زانستیی و دێموکراتیکه‌وه به‌کار بهێندرێن، ده‌توانن کاریگه‌رییه‌کی زۆر ئه‌رێنییان له‌سه‌ر که‌سایه‌تیی تاک هه‌بێت و له داڕشتنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌توانا و هۆشیار نه‌خشێکی که‌موێنه بگێڕێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌شی تاکی کورد ته‌نیا دیارده نه‌رێنییه‌کانی له‌خۆ گرتووه و به‌س.
فاکته‌ری مێژوو
ئه‌وه‌ی له‌به‌شی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تدا باسی لێوه‌کرا، خۆیان به‌شێک له‌و فاکته‌ره سه‌ره‌کییانه‌ن که مێژوو درووست ده‌که‌ن به‌ڵام مێژوو ته‌نیا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه نایه‌ته‌دی به‌ڵکو تاک و گرووپی سیاسی و جووڵانه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ش نه‌خشێکی کاریگه‌ریان له‌و پڕۆسه‌یه‌دا هه‌یه. هه‌رچه‌ند به‌وپێیه‌ی که ناحه‌زانی کورد زۆر بێبه‌زه‌یی بوونه، به‌گوێره‌ی ڕاده‌ی بێبه‌زه‌ییبوونیان، له‌نه‌خشی تاک و کۆمه‌ڵی کورده‌وارییان له‌سه‌ر بارهێنانی که‌سایه‌تیی خۆیان که‌مکردۆته‌وه‌و به فاکته‌ره نه‌رێنییه‌کانی سه‌ر باری که‌سایه‌تییه‌وه زیادی کردووه. ئه‌وه‌ی ڕوونه لەبوواری مێژووییەوە ئه‌وه‌یه که کورد و وڵاته‌که‌ی که‌وتۆنه‌ته ناوچه‌یه‌کی ستراتیژیکی جیهان واتە ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌و ناوچه‌یه به‌درێژایی مێژوو بۆته شوێنی ململانێ و ڕێگه‌ی هاتووچۆو و مەیدانی شه‌ڕی ئه‌و داگیرکه‌رانه‌ی که چاویان بڕیوه‌ته سه‌ر و ماڵ و نامووسی خه‌ڵکانیتر له‌و ناوچەیە و ئەوەی بۆیان گرینگ نەبووبێت، چۆنییەتی هەڵسووکەوتکردن لەگەڵ مرۆڤ و باسی مافەکانی مرۆڤ و تاک بووە. ئەوەی گرینگیی هەیە لەوبارەوە بۆ ئەم بابەتە ئەوەیە کە لە سەردەمی ئێمه‌دا دەروونناس و کۆمەڵناسەکان داوا لە بنەماڵەکان دەکەن کە لەکاتی هەرزەکاریی مناڵەکانییاندا، نەوەک هەر مناڵه‌کانیان ته‌مبێ نه‌که‌ن، تەنانەت بە لای مناڵەکانه‌وە لەکەسێکیتریش نەدەن و لێشییان تووڕە مەبن لەبەر ئەوەیکە کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر دەروون و کەسایەتیی ئەو مناڵە لەدرێژخایەندا. ئەوجار ئەگەر لێکی بدەیەوه کە ئه‌و تاڵان و کوشتن و بڕینه مێژوویە کە لە کورد بە گەورەو بچووکەوە کراوە، ئەوهەموو تووندوو تیژیی و کوشتار و شەڕەی کە زۆربه‌ی مناڵانی کورد هەتا ئەو سەردەمەش بەچاوی خۆیان دیتوویانەو دەیبینن و که‌متر مناڵێک هه‌یه که چه‌ند که‌سێک یان لانیکه‌م که‌سێکی نزیکی ژیانی خۆی یان هاوڕێیه‌کی نه‌کوژرابێت یان ده‌ستو قاچی نه‌په‌ڕێبێ، له درێژخایه‌ندا چ کاریگه‌رییه‌کی نه‌رێنیی دەروونیی و فیزیکیی لەسەر تاکی کورد هەبووە و چ وێرانییەکی له‌سه‌ر ئاستی به‌خۆڕاگه‌ییشتن و گه‌شه‌کردنی فیکریی تاکی کورد له‌لایه‌ک و ئاستی تووانایی جه‌سته‌یی و ده‌روونییه‌کانی له‌لایه‌کیتر داناوه و ئه‌و هۆش و ده‌خۆڕادیتن و بڕوابه‌خۆبوونه‌ی که هەر لە مناڵییەوە بۆ گه‌شه‌سه‌ندن و پێکهێنانی تاکێکی ژیر و به‌تووانا پێویستە، بۆئەوەی وەک دەڵێن لانیکه‌م ده‌ستی ڕاست و چه‌پی خۆی بناسێ و بگاتە ئاستێک کە به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی و نه‌ته‌وه‌که‌ی له‌داهاتوودا لێک داته‌وه و هه‌روا به‌خۆڕایی کات و ژیانی خۆی و هاووڵاتییه‌کانی به‌فیڕۆنەدات، زۆر دژوار و ئه‌سته‌م کردۆته‌وه. ئەوەی باسی لێوەکرا، کاریگەرییە نەرێنییەکانی مێژووی داسەپاو بوو بەسەر تاک و کۆمەڵگەی کورد دا بەڵام به‌داخه‌وه تەنانەت لەئاستی کەسایەتییە هۆشیارەکانی کوردیش کاتێک دڕوانیینە کەسایەتییە ناودارەکانی کورد و ئەزموونە مێژووییەکان، بەهاسانی دەردەکەوێت کە تاکی کورد کەسێکی خۆشباوەڕ و سادە و بێفرت و فێڵە، لەبوواری بیر و فیکر و سیاسەتەوە زۆر بەهاسانی فریو دەدرێت، کەم بیر دەکاتەوە، زوو بڕیار دەدات و زۆربەی کاتەکانیش تاکڕەو و تووند ئاژۆیە و پرس به‌که‌س ناکات، زۆر جار به‌هاسانی دەکەوێتە خزمەتی دوژمنەکان و زۆر سیفەتی لەو شێوەیە.
دیاره نابێ له‌و ڕاستییه‌س چاو بپۆشرێت که کورد و سیاسه‌تمه‌داره‌کانی نه‌خشی ئه‌رێنییان له‌سه‌ر بووژانه‌وه‌ی هزر و وه‌خۆهاتنه‌وه‌ی تاک له‌بوواری ناسینه‌وه‌ی مافه‌کانی خۆی هه‌بووه و تاکی پێگه‌یشتووش هه‌بووه که خاوەنی گەلێک تایبه‌تمه‌ندیی جووانی وەک زانایی، فیداکاریی و ماندوویی نه‌ناسیی بووه، به‌ڵام له‌هه‌منکاتدا ئەزموونە مێژووییەکان دەڵێن کە وێڕای ئەوانە، ژمارەیەکیشیان تاک و کۆمه‌ڵی کورده‌وارییان له کاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌کانی کەسایەتیی خۆیان بێبه‌ش نه‌کردووه و له‌ڕاستییدا بەشێک لە سیاسه‌تمه‌دارانی بارهاتوو له‌وه‌ها هه‌لومه‌رجێکدا خۆیان زۆر کات به‌شێک له کێشه‌که بوونه و به‌شیشیان له تێکدانی باری که‌سییه‌تی و خواست و هومێده‌کانی تاک و کۆمه‌ڵی کورده‌وارییدا هه‌بووه که نامهه‌وێ لێره‌دا زۆری باس بکه‌م به‌ڵام له نموونه‌ی ئه‌و کرده‌وانه‌ی کاریگه‌ریی درێژخایه‌ن و قووڵیان له‌سه‌ر هه‌ست و ئاواته‌کانی که‌سایه‌تیی تاکی کورد داناوه، بۆ وێنە بریتین له بڕیاردانی ئەو کەسایەتییانە بۆ شەڕەکانی براکوژیی و چەند بابەتێکی لەم شێوەیە کە لەوباسەدا ناگونجێن.
فاکته‌ره کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان
یەکێکیتر له‌و فاکتەرانەی کاریگه‌ریی نەرێنییان بووه له‌سه‌ر پێکهاتنی که‌سایه‌تیی تاکی کورد، پێوه‌ندییان به پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییه‌وه هه‌یه. کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که پڕه له کێشه‌ی ناعه‌داله‌تییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به تایبه‌تییش کێشه‌ی ژن و پیاو، گەنج و مافەکانی گەنج و مناڵان، کۆنه‌به‌گ و کرێکار و به‌شێک له‌و که‌سانه‌ی که‌سایه‌تیی یان پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی تاک یان گرووپیی خۆیان به‌میرات وه‌رگرتووه و به‌درێژایی مێژووش له دواکه‌وتوویی و په‌کخستنی کۆمه‌ڵگه‌دا نه‌خشی سه‌ره‌کییان گێڕاوه و ده‌یگێڕن که بێگومان به هۆشیاربوونه‌وه و خوێنده‌واربوونی خه‌ڵک و به‌ره‌وپێشچوونی زانست و تێکنۆلۆژی، ئاستی هۆشیاریی خه‌ڵکیش رۆژبه‌ڕۆژ به‌رزتر بۆته‌وه و کاریگه‌ریی نه‌رێنی به‌شێکی زۆر له‌و فاکتەرە کۆمه‌ڵایه‌تییانه که‌م بۆته‌وه بەڵام کاریگەریی درێژخایەنی ئەو فاکتەرانه و زۆر فاکته‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیی و کولتورییتریش ناکرێت لەبەرچاو نەگیرێت.
فاکته‌ری ئایین و ئایدۆلۆژی
ئایین و ئایدۆلۆژی له خانه‌ی کاریگه‌ریی بیروباوه‌ڕ له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی پێکهاته‌ی که‌سایه‌تیی ده‌که‌ونه پاڵ یه‌که‌وه، ئه‌گینا دوو دیارده‌ی لێک جیاوازن که تێڕوانینی زانایان و ڕۆشنبیرانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتییش له‌سه‌ر پێناسه‌کردن یان لێک جیاکردنه‌وه‌یان زۆر جیاوازه. واته له ڕۆژئاوا و پێناسه زانستییه‌کانی ئه‌و به‌شه‌ی جیهاندا، ئایدۆلۆژیی زۆرتر به‌و بیرۆکه زه‌وینییانه ده‌وترێت که سیسته‌مێکی به‌ڕێوه‌به‌ریی ئابووریی و سیاسیی ده‌خه‌نه‌ڕوو و زۆرینه‌شیان له‌سه‌ره‌تای مۆدێرنیته یان دووای کۆتایی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست سه‌ریان هه‌ڵداوه و گه‌شه‌و گۆڕانکارییان به‌خۆوه بینیوه. دیاره ڕۆژئاواییه‌کان ئه‌گه‌ر ئایینیش بێننه ناو ڕیزی ئایدۆلۆژیاکانه‌وه، ئه‌وه وه‌ک لکێکی کۆنسه‌رڤاتیسم (conservatism) واته کۆنه‌پارێزیی یان موحافیزه‌کاریی پێناسه‌ی ده‌که‌ن. ئه‌وه له‌کاتێکدایه که له‌ڕۆژهه‌ڵات و به‌تایبه‌تییش له‌ناو زانایانی موسڵمانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ( بۆ وێنه سه‌ید قوتب و د. شه‌ریعه‌تی)، ئایین وه‌ک ئایدۆلۆژیایه‌کی سه‌ربه‌خۆ هه‌لده‌سه‌نگێنن و ده‌یناسێنن.
بۆ ڕوونبوونه‌وه‌ی کاریگه‌ریی ئایین له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌و تاکی کورد له‌وانه‌یه ئه‌وه‌نده به‌س بێت که وه‌بیری بێنینه‌وه که ئایین ئه‌و دیارده فیکرییه‌یه که زۆربه‌ی هێواره‌کان و له هه‌موو هه‌ینیی و بۆنه ئایینییه‌کان، کێشه و باسه باش و خراپییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئیمه‌ی له‌سه‌ر تریبوونی مزگه‌وته‌کان پێهه‌ڵده‌سه‌نگێندرێ و ڕه‌گ و بناخه‌یه‌کی به‌هێزی له‌ناو کۆمه‌ڵانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌وانه‌ش کۆمه‌ڵی کورده‌وارییدا هه‌یه و ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی ئاسایی ئه‌و ناوچه‌یه بزانن که‌سێک باوه‌ڕی به ئایین نییه، هه‌ڵسوکه‌وتێکی جیاوازیان ده‌گه‌ڵ ده‌بێت و زۆرینه‌یان متمانه‌ی پێناکه‌ن و په‌راوێزی ده‌که‌ن.
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێت به‌کورتی ئاماژه به چه‌ند نموونه‌یه‌کی کاریگه‌ریی ئه‌و دوو فاکته‌ره (واته سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژی) له‌سه‌ر که‌سایه‌تیی تاکی دیار و ناسراوی کورد بکه‌یین بۆ وێنه ده‌کرێت بڵێیین که فاکته‌ری ئایین له‌سه‌ر پێکهاته‌ی که‌سایه‌تیی و بۆچوون و هه‌ڵوێسته‌کانی ژماره‌یه‌ک له ڕێبه‌رانی کوردی وه‌ک شێخ سه‌عیدی پیران، پێشه‌وا قازی مه‌حه‌مه‌د، شێخ عێزه‌ددینی حوسێنی، ئه‌حمه‌دی موفتیزاده، مامۆستا خدری عه‌باسی و زۆر که‌سایه‌تییتریش نه‌خشی سه‌ره‌کیی گێڕاوه، له‌کاتێکدا ئایدۆلۆژیی سۆسیالیزم (socialism) له‌سه‌ر که‌سایه‌تیی د. قاسملو و ئۆجه‌لان و هه‌روه‌ها بیرۆکه‌ی مارکسیزم و کۆمۆنیزم (communism/ marxism) له‌سه‌ر که‌سایه‌تیی به‌شێک له‌ڕێبه‌رانی چه‌پی کورد کاریگه‌ریی سه‌ره‌کییان هه‌بووه و له‌هه‌مانکاتدا بیرۆکه‌ی ناسیۆنالیزم (nationalism) واته نه‌ته‌وه‌یی گه‌رایی (ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ) له‌سه‌ر هه‌موو که‌سایه‌تییه‌کانی ناوبراو کاریگه‌ر بووه.
چه‌ند فاکته‌رێکیتر
بێگومان زۆر فاکته‌ریتریش هه‌ن که به‌گوێره‌ی شوێنی له‌داییبکبوون، بنه‌ماڵه، دۆستان، شوێنی خوێندن و په‌روه‌رده، هونه‌ر و مۆسیقا، مێدیا ، بنکه‌ی ڕۆشنبیریی و جووڵانه‌وه مه‌ده‌نییه‌کان ده‌تووانن کاریگه‌رییان هه‌بێت. بۆ وێنه ئه‌و کوردانه‌ی که زۆرتر گوێیان له گۆرانی و سرووده‌کانی ناسری ڕه‌زازی، شوان په‌روه‌ر یان هونه‌رمه‌ندانیتری کورد بووه، له‌زۆر بوواره‌وه جیاوازن له‌وانه‌یکه ته‌نیا گوێیان له داریوش و شه‌جه‌ریان و هونه‌رمه‌ندانیتر گرتووه و له‌هه‌مانکاتدا ده‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌یکه مۆسیقایان پێ حه‌رامه‌و ته‌نیا گوێ له هه‌ندێک سروود و قورئان ده‌گرن، ده‌کرێت خاوه‌نی هه‌ست و بۆچوون و که‌سایه‌تیی زۆر جیاواز بن. له فاکته‌ره‌کانیتر بۆ وێنه فاکته‌ری جوگرافیا ده‌توانێ به‌گوێره‌ی هه‌لومه‌رجی شوێنی ژیان، که‌سایه‌تییه‌کان بگۆڕێت و هه‌ست و بۆچوون و حاڵه‌تی تایبه‌تییان پێببه‌خشێت. بۆ وێنه کوردێک که له خوراسان یان که‌ره‌ج، ئیستانبوول یان به‌غدا ده‌ژییت، ده‌گه‌ڵ ئه‌و کورده‌ی که له کوردستان و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش که له یه‌کێک له‌وڵاتانی ڕۆژئاوا، له‌ژێر کۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵاتێکی دێموکرات‌دا گه‌وره بووه، به‌گوێره‌ی هه‌ل و مه‌رجی ژیان و کۆمه‌ڵگه‌ی زاڵ و سه‌رجه‌م فاکته‌ره‌کانی که ئاماژه‌یان پێکرا، ده‌کرێت که‌سایه‌تییه‌کی زۆر جیاوازیان هه‌بێت.
دیارە ئەو باسەیە زۆر هەڵدەگرێت و بێگومان په‌روه‌رده‌کردن و بە‌رزکردنه‌وه‌ی باری کەسایەتیی تاکی کورد ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی هەمەلایەنەیە و پێویستیی به پلانی تۆکمه، زانستییانه، درێژخایه‌ن و بەتایبەتییش پشتیوانیی لایه‌نه سیاسیی، مەدەنیی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی کوردستانه و بوونی وه‌ها پلانێک، بێجگه‌له پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی پیلانی ناحه‌زانی کورد، ده‌توانێ هومێدێکی گه‌وره‌ش بێت بۆ چاره‌سه‌ریی کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کان له‌داهاتوودا و ئه‌و که‌سایه‌تییه پته‌و و ژیره‌ش که سوودی بۆ تاکێکی کورد و نەوەی دواڕۆژ و کۆمه‌ڵگه‌که‌شی ده‌بێت و ئەو پێکهاته بەنرخە (که من ناوی ده‌نێم که‌سایه‌تیی ساخ) و پێویسته هه‌موو کوردێک خاوه‌نی بێت، به‌رهه‌می وه‌ها سیاسه‌تێکی دڵسۆزانه‌و ژیرانه بێت.
دیاره ئه‌وه‌ی له‌و بوواره‌وه له‌سه‌رشانی ڕۆشنبیران و مه‌ده‌نییه‌کانی کورده، به‌گوێره‌ی تووانا به نووسین یان هه‌رشێوازێک که له‌ده‌ستیان بێت، پێویسته درێخی لێنه‌کرێت. به‌ڵام ئەوەیکە دەسەڵات و سیاسەتمەدارانی کورد لەو بووارانەوە چ دەکەن و هەنگاوەکانییان چ کاریگەرییەکی ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر کەسایەتی تاکەکان و پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردی دەبێت، داهاتوو زیاتر ڕوونی دەکاتەوە و بێگومان لەچاوی مێژوونووس، کۆمەڵناس و دەروونناسەکان وون نابێت. هه‌روه‌ها ئەوەی لەکۆتاییدا پێویستە ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە کە باسی کەسایەتیی باسێکی دەرونناسانە و کۆمەڵناسانەیە و خوێندەواریی من لەبووری زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوەیە و لەوانەیە بەو هۆیەوە کە زانستە کۆمەڵایەتییەکان زۆرتر لە ڕووانگەیەکی کۆمەڵایەتیی، سیاسی و مێژووییەوە کەسایەتیی و مافەکانیی شرۆڤە دەکات و دەیانخاتە بەرباس ( و له‌ڕاستییدا ئامانجی سه‌ره‌کی بابه‌ته‌که‌ش زۆرتر هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و به‌شه بووه)، ئەو هەڵسەنگاندنە، بوواری زانستییانەی دەروونناسیی کەسایەتیی تاکی کورد به‌شێوه‌یه‌کی کۆنکرێت کەمتر لەخۆ گرتبێت و ئەم بوواره پێویستیی بە لێکۆڵینەوەبێت. هەربۆیەش وێڕای ئه‌وه‌یکه هیوادارم تووانیبم گۆشه‌یه‌ک له‌هه‌رکام له فاکته‌ره کاریگه‌ره‌کانی سه‌ر که‌سایه‌تیی تاکی کورد ڕوون بکه‌مه‌وه، له‌هه‌منکاتدا لام وایە بابەتی ” فاکتەرە کاریگه‌رەکانی سه‌ر که‌سایه‌تیی تاکی کورد، دەرەنجام و ڕێچارەکان!” دەکرێت بابەتێکی شیاوی بایەخپێدان بۆ لێکۆڵینەوە بێت بەتایبەتیی بۆ ئەو خۆێندکارە کوردانەی کە دەیانهەوێت لەبوواری دەروونناسییەوە بڕوانامەکانییان پێشکه‌ش بکه‌ن.
ڕەشەمەی ١٣٨٨ ی هەتاویی
سوئێد
سوورکێو زەکی، لەدایکبووی باشووری کوردستان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم. لە ڕاستییدا سوورکێو ناوی دووهەممە، بەڵام لە ناو کوردان زیاتر بەم ناوەوە ناسراوم، خۆشم هەر ئەو ناوەم پێ خۆشترە لە ناوی یەکەمم، سولەیمان یان سوولمەن ناوی ناسنامە و ناوی سویدییەکەمە.