چەند خاڵێکی بەهێز و لاوازی فیدێل کاسترۆ و شۆڕشەکەی!
ئەوڕۆ مەرگی فیدێل کاسترۆ لە تەمەنی ٩٠ ساڵییدا لە لایەن ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی جیهانیی گرینگییەکی زۆری پێ درا. فیدێل کاسترۆ کەی و چۆن لە داییک بووە و لەگەڵ کێ ژیاوە و چۆن ژیاوە و چۆن مرد، زۆربەی خەڵک کەم و زۆر شتێکی لێ دەزانێ و مەبەستی ئەم چەند ڕستە نووسیینەی من نییە. ئەوەی لێرەدا زیاتر مەبەستمە بە کورتی باسی چەند خاڵی بەهێز و لاوازی شۆڕشی کاسترۆیە لە ڕووانگەی خۆمەوە.
فیدێل کاسترۆ و دەسکەوتەکانی شۆڕشەکەی بۆ وڵاتی کووبا و خەڵکەکەی لە زۆر بووارەوە چ بە باشیی و چ بە خراپیی جێگەی لێ فێربوونن. کەسایەتیی بەهێزی کاسترۆ و خۆڕاگریی خۆی و هاوڕێکانی بە درێژایی ژیانیان، باشترکردنی ژیانی هەژارانی وڵاتەکەیان، گەشەپێدانی ئابووریی کووبا لە قۆناخێکدا و هەروەها بە نموونەکردنی کووبا لە بوواری ژینگەپاریزییەوە، چەند نموونەیەکن لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی کووبا. هاوکات ئەوەش لەبیر ناکرێت کە کاسترۆ و هەڤاڵەکانی زیاتر لەوەی کە کەسانێکی دێموکراتییک و لایەنگری ژێردەستەکان، هەژاران، کرێکارانی جیهان و بە گشتیی لایەنگری مافی مرۆڤ ببن، لایەنگری پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان بە شیوەیەکی ناوەندگەرایانە بوون. بۆ ئەم مەبەستەش دەستیان بۆ هەموو دیکتاتۆرە دینیی و خێڵەکییەکانی سەر ئەم زەوییە درێژ کرد و لە زۆر قۆناخیشدا پشتگیریی دیکتاتۆرانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینیان کرد.
بە واتایەکی تر کاسترۆ و هەڤاڵانی بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەیان لە بەرامبەر بە وتەی خۆیان "وڵاتێکی سەرمایەداریی و ئیمپریالیستی" (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامرییکا)، دەستیان بۆ هاوکاریی زۆربەی "ئیمپریالیستە بچووکەکان"ی گۆی زەوی درێژ کرد، هەر لەو پێناوەشدا پشتیان لە هەموو نەتەوە بندەستەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپریالیستە بچووکەکان کرد. دیار من نە باوەڕم بە ئیمپریالیزمە و نە بە بەرەبەرەکانیی کوردیش لەگەڵ ئیمپریالییزم، بەڵام لە بابەت کاسترۆوە بە درێژایی تەمەنم، جگە لە بەربەرەکانیی هاوبەشی کاسترۆ و چەند گرووپی ئامرییکای لاتیین لەگەڵ وڵاتی ئامرییکا، تا ئێستاش پشتگیریی هیچ گەل و نەتەوەیەکی بندەستم لە کاسترۆ و هاوڕێکانییەوە نەبیستووە. ڕەخنەیەکی تر کە دەکرێت لە کاسترۆ بگیرێت ئەوەیە کە کاسترۆش وەک زۆر یەک لە دەسەڵاتە خێڵەکییەکانی تر، ئامادە نەبوو هەتا وزەی لە لەشدا بوو واز لە سەرۆکایەتیی و دەسەڵات بێنێ و لە کۆتایشیدا دەسەڵاتەکەی ڕادەستی برایەکەی خۆی کرد...
بەکورتیی کاسترۆ بە هەموو ناحەز و جوانییەکانییەوە، شۆڕشگێڕێکی ناسراو و جێی ڕێزی زۆربەی خەڵکی وڵاتەکەی خۆی و هەروەها جێگەی ڕێزی خەڵکێکی زۆر لە زۆربەی وڵاتانی جیهانە، بەڵام ڕێبەری گەورە و نەمر لای من ئەو کەسەیە کە جیا لە پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوە و وڵاتی خۆی، لە شێوەی "ماندێللا" بیر لە بەرژەوەندیی هەموو نەتەوە بندەستەکانیش بکاتەوە و نەیانکاتە قوربانیی بەرژەوەندیی خۆی و دەسەڵاتەکەی. ئەوەش بەو مانایە نییە کە من چاوەڕێ ببم فیدێل کاسترۆ و کەسانی هاوشێوەی هاتبان کوردیان ڕزگار کردبا چوون ئەمە ئەرکی کورد خۆیەتی، بەڵام چاوەڕێی ئەوەش نەبووم کە لە لایەک کاسترۆ خۆی بە یەکسانییخواز و لایەنگری خەڵکە چەوساوەکان بزانێت و لە هەمانکاتیشدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆی و دەسەڵاتەکەی، دۆستایەتیی و نزیکایەتیی یەک بە یەکی دیکتاتۆرەکانی سەر زەویی و لەوانەش دۆستایەتیی نزییکی داگیرکەرانی کوردستان بکات و چاو لە هەموو زوڵم و زۆرییەکیان لە ئاست خەڵکی کورد بنووقێنێ.
٢٦/١١/٢٠١٦
سوورکێو زەکی
سوورکێو زەکی، لەدایکبووی باشووری کوردستان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم. لە ڕاستییدا سوورکێو ناوی دووهەممە، بەڵام لە ناو کوردان زیاتر بەم ناوەوە ناسراوم، خۆشم هەر ئەو ناوەم پێ خۆشترە لە ناوی یەکەمم، سولەیمان یان سوولمەن ناوی ناسنامە و ناوی سویدییەکەمە.