حاجی بۆ کوێ؟ حەج لێرەیە
حاجی بۆ کوێ؟ حەج لێرەیە!
پارەت زۆرە و لە ڕێی خووا!
دەیبەی بۆ حەج، عەرەب بیخووا؟
وەرە پێت بڵێم حەج لە کوێیە
زۆر زۆر نزییک، دراوسێیە
چواردەوری ئەم مزگەوتەیە
بنەماڵەی شەهیدی لێیە
دووا بەدووای ئا ئەم دەرگەیە
بنەماڵەی چەند پێشمەرگەیە
چەند ماڵی شەقامی ئەودیو
ماڵە هەژارن یان هەتیو
لە نزییک ئەم پۆلە دارە
ماڵی کرێچیی و کرێکارە
جەژنی چیی؟ ژیانیان فەوتاوە!
خۆشیی و سەیرانیان نەماوە
هەمووی بێ کارەکەر بووە
تووشی ئەم دەر، ئەو دەر بووە
مناڵیان لە سەر شەقامان
دەستەو داوێن، ئامان ئامان!
وەرە حاجی حەج لێرەیە
لە ژێری ئا ئەم دێڕەیە
بۆ مناڵیان بەرگ و پێڵاو
پێنووس و لێنووس و دراو
لە هەزار حەج واجبترە
لای خوداش بەنرخترە
با حەجت لە ماڵی وان بێ
کەشییدەت بە قەزای وان بێ!
گەر پارەت گەلێ زیاترە،
زانکۆیێک دانێ چاکترە
قوتابخانێک بۆ ئەم گوندە
ڕێگەیەک بەرەو ئەم دوندە
دەرمانگە یان نەخۆشخانێک
دەنا پارک و ڕێگە و بانێک
حەجێکی بێ ڕیا و ڕییشە
ئەمە خێرە و ئەمە ئییشە!
تا وڵاتمان ئاوەدان بێ،
لە مزگەوتی وان حەرام بێ!
ئەو خێر نا، ئەم خێرە دەکەم
من حەجی خۆم لێرە دەکەم.
سوورکێو زەکی
١/٩/٢٠١٧
سوید
تێبینی: ئەم هۆنراوەیە لە کاتی قەیرانی ئابووریی باشوور و وەک ڕەخنەیەک لەوانەی لەم قەیرانەدا بە هەڵەداوان هەوڵی چوونە حەجیان دەدا، لەکاتێکدا باشوور و خەڵکەکەی لە چواردەوەرەوە گەمارۆی ئابووریی درابوون و شەڕی چەند ساڵەی داعش و گەندەڵیی ئیداریی باشوورییش تەنگی بە خەڵک هەڵچنیبوو...
سوورکێو زەکی، لەدایکبووی باشووری کوردستان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم. لە ڕاستییدا سوورکێو ناوی دووهەممە، بەڵام لە ناو کوردان زیاتر بەم ناوەوە ناسراوم، خۆشم هەر ئەو ناوەم پێ خۆشترە لە ناوی یەکەمم، سولەیمان یان سوولمەن ناوی ناسنامە و ناوی سویدییەکەمە.