کورتە بیرەوەرییەکی د. کاوسێن بابەکر لە باوکم، شەهید مامۆستا قەندیل (عەوڵای مەلا عوسمان) لە یادی یازد
کورتە بیرەوەرییەکی د. کاوسێن بابەکر لە باوکم، شەهید مامۆستا قەندیل (عەوڵای مەلا عوسمان) لە یادی یازدەی ئازاردا:
"بیرەوەریی ١١ئازار؛ ئێوارەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، کە هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە؛
لە ترسی ڕژێمی عێراق ڕامان کردبوو بۆ گوندی وورتەی بناری چیای گەڵالەی قەندیل، خۆی گوندەکە تەنها ە ماڵی لێ بوو بەڵام ئاوارەکان و ماڵی پێشمەرگەکانی حزبی دێموکرات ئاوەدانتریان کردبۆوە و زیاتر لە ٢٠ماڵ دەبوون، تاقە کەرەستەی هەوال زانین ڕێبوار و ڕادوێ بوو کە هەموو ماڵان نەیان بوو! ئەو ئێوارەیە وەک باقی ئێوارەکان ووردە ووردە خۆر بەرەو ئاوابوون دەچوو، دەستمان لەسەر دڵمان بوو دەبێ ئەمڕۆ چەند پێشمەرگە شەهید بووبن؟ دەبێ کام شار و کام گوند خاپوورکرابێ؟ لەپڕ دەنگی دوو سریەی کەڵاشینکۆف دونیای هەژاند! چونکە زۆرکەم تەقە دەکرا ئەویش تاک تاک! بۆیە ئەم ڕیزە تەقەیە زۆر سەیرو لەناکاو بوو! تەقەکە لەلای ماڵی عەوڵای مەلاعوسمان پێشمەرگە و کادیری بە وەجی حزبی دێموکڕات کە پیاوێکی ئازاو کوردپەروەرو دەست ڕەنگین بوو، ماڵەکەیان کە هەر بەدەستی خۆی خانوەکەی دروستکردبوو و لەهەموو خانوەکانی گوندەکە جوانترو مۆدێرن تر بوو لەوێ ڕۆژێدا، ڕێک بەرانبەر ماڵی ئێمە بوو. من کە هێشتا مناڵ بووم بە هەڵەداوان بەدوای باوکمدا ڕام کرد و تا گەیشتین دەیان کەسی تر گەیشتبوونە وێندەرێ.
باوکم ووتی؛ کاک مەلا عەبدوڵڵا ئەو تەقەیە چ بوو؟ تۆ بووی؟
ووتی: مام کوێخا، دیارە نەتان زانیوە؟
ووتی: چی بزانین؟
وووتی: تەواو، بەیاننامەی ئازار خوێندرایەوە کە حکومەت دانی ناوە بە ئۆتۆنۆمی بۆ کورد.
ئیدی بوو بە گفتوگۆکردن و باسو خواسی مافی کورد و پێکەنین و زەردەخەنە دەم و چاوی پێکدا داتەپیوی زەردهەڵگەڕاوی خەڵکەکەی ڕووناک دەکردەوە و ئێمەی مناڵیش گەزگەز باڵامان دەکرد!!
پیرۆزبێ ئەم یادە و هەزاران سڵاو لە ڕۆحی شەهید مەلا عەبدوڵڵا و سەرجەم شەهیدانی ئازادیی کوردستان".
سوورکێو زەکی، لەدایکبووی باشووری کوردستان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم. لە ڕاستییدا سوورکێو ناوی دووهەممە، بەڵام لە ناو کوردان زیاتر بەم ناوەوە ناسراوم، خۆشم هەر ئەو ناوەم پێ خۆشترە لە ناوی یەکەمم، سولەیمان یان سوولمەن ناوی ناسنامە و ناوی سویدییەکەمە.