کیژە کوردێکی پەری ڕوو

کە دەوەستێ لەبەر دەرگا

تاڵ بەتاڵی زۆڵفەکانی

ڕێک لەم شۆڕەبیە دەچن

سەما دەکەن بە سێحری با!

 

کە ڕێ دەگرێ بەرەو کانی

کە گۆزەی خستە سەر شانی

هەموو کوڕانی ئەم گوندە و

شار و گوندی دەوروبەریش

لە سایەی جوانی ڕوخساری،

لەبەر سەنگینی ڕەفتاری

بێ ئیرادە دەکەونە گەڕ...

هەموو لەبەر خۆوە دەڵێن:

هۆ کیژە کوردی پەری ڕوو!

تۆ هەوێنی

پەڕەی گوڵ و

شنەی باڵ و

ڕوونی کانی!

تۆ شیرازەی،

فرشتەکانی فیردەوس،

هەڵاڵەکانی کوێستانی!

بۆیە گەنجانی ئەم ناوە

دەیڵێنەوە ناوە ناوە

سەد ئافەرین لەو گۆنانەی

لەسەر دەستی مانگ وەستاون

سەد ئەوەندەشی لەم چاوانەی

لە ئەستێران هەڵقوڵاون!

لەم تروسکە نیگایانەی

لە جەوهەرەی خۆرتکاوان!

هەزاران ئەوەندەتریش!

لە هەر هەموو ئەم سیفاتەی

کە بە باڵاو

لەبەر بەژنی

ئەم کیژە کوردەی بڕاون!

 

١٨-٥-٢٠١٢

سولەیمان زەکی - سوێد