بگەڕێوە چاوەکانم
چاوەکانم!
کە ڕۆیشتی،
چاوەکانم، لە بەحری شڵەژاوی خەمدا،
شەپۆلیان دەدا و دەخەمڵین
کە ڕۆیشتی لەبەرچاوان
لە ئاهی لەدەستدانی تۆ،
بۆ سۆم هەستا لە هەناوان
کە ڕۆیشتی
شینی ئاسمان ڕەش هەڵگەڕا و
پێم زەوی نەگرت لە تاوان
کە ڕۆیشتی لە بەرچاوان
کە ڕۆیشتی لەبەرچاوم!
ئاسۆکان هەموو لەبارچوون
گوڵەکان سیس و کز وەرین
کانیاوەکان وشک بوون و،
باڵندەکان بە بێ مەیلی
بەرەو نادیاری هەڵفڕین
ڕووبارەکان بوون بە هەڵم،
لەبەر چاوما
کوێستانەکانیش تێک ڕمین
چاوەکانم!
ئێستا کە من لە بێ تۆیی،
لە خەیاڵ و لەناو خەونان
هەموو ڕۆژێک وێڵ و حەیران
بۆ ڕێبوارانی سەر ڕێگەی بەرزەگانی و
بۆ کانیاوی
بەردەم شاباسکی هەرمیلان،
بۆ گەشتیارانی سرووشت و
مامە شوانەکانی کوێستان،
بێریەکانی بانەمەڕ و
کیژۆڵەکانی دیلانگێڕ
لەگۆڕایی گۆڕێ دیلان
بە دڵێکی پڕ پڕ لە خەم
باسی ماڵئاوایی و خەمی
ژیانی بێتۆیی ئەکەم
بگەڕێوە چاوەکانم!
تۆ ئاوێنەی، شاجوانەکانی سرووشت و
تۆ ئاوێنەی، ئەستێرەکانی ئاسمان بووی
تۆ هەناسەی بەیت و بالۆر
گەلۆ و ستران
تۆ ئاوازەی
بەبێ کۆتایی حەیران بووی
تۆ فرشتەی خۆرهەڵات و
ئەتۆ مژدەی
کازیوەی بەرەبەیان بووی
ئەتۆ بولبول، ئەتۆ قومری
تۆ شاباڵ و تۆ شاپەڕی شێعرەکان بووی
بگەڕێوە چاوەکانم!
لەو ڕۆژەوەی کە ڕۆیشتی،
هەموو ئێواران بە تەنیا،
کە زەردەپەڕ لەداییک بوو
لە تاراوگەی بێ ڕەنگییدا،
ڕوو لە زەریا و لە زەردەپەڕ،
لە دونیایێک بێ دەنگییدا،
ماڵاویی لە خۆر ئەکەم
لەو ڕۆژەوەی کە ڕۆیشتی
ساتێ نیگای پڕسێحراوی
بزە و خەندەی بێ کۆتایی
لار و لەنجەی پڕشەیدایی
بۆ چرکەیەک لەبیر ناکەم
هیچ دەزانی چاوەکانم!
هەڵفڕینی نیگاکانت،
هەڵفڕینی حەزەکان بوون
هیچ دەزانی!
کۆچ و باری لەنجەکانت
کۆچی دوایی نیگاکان بوون
هیچ دەزانی!
کە ڕۆیشتی، هەموو شەوێک
لەجیاتی چاوەکانی تۆش
لە جێژوانی تریفەی مانگ و
لە باوەشی
ئەستێرەکانی شەوگارم
بە دڵپری، لەگەڵ ترووسکەکانی شەو
هەر خەریکی چاوەچاوم،
ئاخر، ئاخر چاوەکانی من و تۆ،
ڕێنیشاندەر و شارەزای
ئەستێرەکانی ئاسمان بوون
ئاخر لە سایەی چاوەکانی تۆ،
گشت ئەستێرە و هەسارەکان ئاوەدان بوون
چاوەکانم!
هیچ دەزانی!
هەموو شەوێک
بە هومێدی خۆرهەڵاتی چاوەکانت
بەدوای چەپکێ گوڵی دیاری
زەرد و سووری دارستانت
بەدوای قومێ ئاوێ فێنکی
دەم ڕووباری ناو دەستانت
لەگەڵ بزە و نیگاکانی
ڕێژنەی ئەستێرە بارانت،
لە سەرەتای بانگی شێوان
هەتا سپێدەی بەر بەیان
ڕێی ئەستێرەکان دەپێوم
ئەو چاوانەی،
هەر وەکوو کۆلکەزێڕینان
زەرد و سوور کەسک و شین بوون
ئەو چاوانەی وا بە ئەسپایی لێم ون بوون
بگەڕێوە چاوەکانم!
کە ڕۆیشتی لەگەڵ خۆتا
ئەوین و حەز و هیوات برد
تۆ ماڵئاواییت لەمن و
من ماڵئاوایم بەبێ تۆ
تا هەتایە لە ئەوین کرد
من بەبێ تۆ، وەکوو زەوی بێ ئاسمانم
من بەبێ تۆ، وەکوو کانی بێبارانم
تا هەتاکەی، من بەبێ تۆ
چاوەڕێ بم، من بەخۆم و شێعرەکانم
بگەڕێوە، بگەڕێوە چاوەکانم!
١ ئەیاری ٢٠١٢
سوورکێو زەکی
سوورکێو زەکی، لەدایکبووی باشووری کوردستان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم. لە ڕاستییدا سوورکێو ناوی دووهەممە، بەڵام لە ناو کوردان زیاتر بەم ناوەوە ناسراوم، خۆشم هەر ئەو ناوەم پێ خۆشترە لە ناوی یەکەمم، سولەیمان یان سوولمەن ناوی ناسنامە و ناوی سویدییەکەمە.