چاوەکانم!

چاو هەڵێنە

بەو چاوانەی

کەهەڵاتن، کە پشکووتن

بەشنەی شەماڵی کوێستان

ئەو دووچاوەی کە شاجووتن

لەچاو چاوانی چاومەستان!

ئەو چاوانەی،

لە حەسرەتی چاوەڕوانی...

هەر لە سەرچاوەی زوڵاڵی،

کانیاوی ناو چاوانەوە،

هەتا سەر پیتی بن لێوی،

چاوەڕێی بەر هەیوانەوە،

وەک کارمامزێکی کێوی

لەسەر هەست و دوورەدەستن

 

چاوەکانم!

بەو چاوانەت

کە دەڕوانی و،

سەر هەڵدەبڕی بەبێ هەستی

بە ئامێزیک بزە و نیگای...

ئەم بزانەی کە دەپشکوون،

 لەم نیگایانەی لەسەر روون،

وەک خونچەگۆڵێکی پاوان،

بەبێ سووچ و بەبێ تاوان

هەڵدەگیرسێنن ئاگرێ

پڕ لە تینی خۆشەویستی و

بەردەبنە دڵ و هەناوان!

 

چاوەکانم!

چاوەکانت لەبەر چاوان،

هەموو ڕۆژێکی خۆرهەڵات

وەک تیشکی ئەم خۆرەتاوەن

نیگاکانم!

نیگاکانت لەبەر ڕاوان،

هەموو شەوێکی تار و مات

وەکوو ئەستێرەی گەشاوان

لە خەیاڵ و لە بێداری

لە وشکایی و لەدەم ئاوان،

لەبەرچاوان،

هەڵدێن و قەت ئاوا نابن

لەبەر ئەوە ی چاوەکانت

لە ڕێبازی خۆشەویستی

لەسەر ڕێگای خۆنەویستی

لەناو دڵ و لە هەناوان

سەرچاوەی مێهر و وەفا بن

بەڵێ هەردەم چاوەکانم!

چاوەکانت لەبەر چاوان

هەڵدێن و قەت ئاوا نابن

هەڵدێن و قەت ئاوا نابن

 

سولەیمان زەکی (سوورکێو)

گوڵانی ٢٠١٢  سوێد