نه‌ورۆز و بۆچوونه جیاوازه‌کان له سه‌ر ئه‌م جه‌ژنه
نه‌ورۆز و بۆچوونه جیاوازه‌کان له سه‌ر ئه‌م جه‌ژنه
سورکێو زه‌کی
سه‌ره‌تا
نه‌ورۆز یان نه‌ڤرۆز به واتای ڕۆژی نه‌و یان نوێ دێت که به یه‌که‌م ڕۆژی سه‌ری ساڵ دێته ئه‌ژمار و له کوردستان و گه‌لێک وڵاتی دیکه به جه‌ژنێکی نه‌ته‌وه‌یی ناسراوه و هه‌ڵگری داب‌و نه‌ریتێکی کۆنی به‌هاریی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی. خه‌ڵکی کورد به گشتیی یه‌که‌م ڕۆژی مانگی خاکه‌لێوه و یه‌که‌م ڕۆژی وه‌رزی به‌هار به نه‌ورۆز ده‌ناسن و وشه‌ی نه‌ورۆز له مێشکی هه‌ر تاکێک دا به‌ر له هه‌موو مانایه‌ک، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی به‌هار و جه‌ژن و سه‌وزایی و خۆشییه.
به‌ر له‌هاتنی به‌هار و جه‌ژنی نه‌ورۆز ، نه‌ته‌وه‌کانی کورد، فارس و چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌کیتر له وڵاته‌کانی کوردستان، ئێران، ئێڕاق، سوریه، تورکیه، ئه‌فغانستان، تاجیکستان، ئه‌رمه‌نستان و سه‌رجه‌م ئه‌م وڵاتانه‌ی که کورد و نه‌ته‌وه‌کانی ئاواره‌ی ئه‌م وڵاتانه‌یان لێده‌ژییت، خۆیان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ڕێ و ڕه‌سمه‌کانی نه‌ورۆز ئاماده ده‌که‌ن و هه‌ر نه‌ته‌وه‌وه‌یه‌ک له‌م ڕۆژه‌دا به‌پێی ئه‌و داب‌و نه‌ریتانه‌ی که پشت به پشت وه‌ریگرتووه یان خۆی پێیه‌وه زیادکردووه، ئاهه‌نگی بۆ ده‌گێڕێت و پیرۆزی ده‌کات.
له ڕاستیدا له‌سه‌ر چۆنییه‌تی هاتنه ئارا‌و سه‌رهه‌ڵدانی نه‌ورۆز ، زانیاریی متمانه پێکراو زۆر که‌من و به‌تایبه‌تیی له‌سه‌ر مێژووی سه‌ره‌تایی ئه‌م جه‌ژنه، بیر‌و بۆچوونی زۆر جیاواز و لێک دوور هه‌نه که لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌ری ده‌خه‌ن که هه‌ر نه‌ته‌وه‌و پاشا‌و ده‌وڵه‌تێکی ده‌وروبه‌ری کوردستان و به‌تایبه‌تی پاشاکانی ئێرانی ، به‌و پێیه که زانیویانه ئه‌م جه‌ژنه وه‌ک کولتوورێک له‌ناو دڵی کۆمه‌ڵگادا جێگیر بووه، ویستوویانه شتێک له‌م ڕۆژه بۆخۆیان هه‌ڵکڕێنن و خۆیانی به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان پێوه بلکێنن و ئه‌فسانه‌یه‌ک له‌سه‌ر گه‌وره‌یی و به‌ناوبانگی و سه‌رچاوه‌گرتنی ئه‌ژداد و تیره‌و تۆوی خۆیانی له قووڵایی مێژوودا بۆ بڕازێننه‌وه‌و به‌قه‌ولی خۆیان ئه‌سڵی نه‌سه‌بی خۆیانی پێ بسه‌لمێنن.
بۆ زانیین و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆچوونه جیاوازه‌کان له‌سه‌ر نه‌ورۆز، بچووکتان چه‌ند کتێب و مه‌قاله‌یه‌کم به کوردی و فارسی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته خوێندۆته‌وه و له‌وانه‌ش به‌شێک له کتێبی ئاسارو‌لباقییه ( آثارالباقیة، ی ئه‌بوڕیحانی بیرونی)، چه‌پکێ گوڵ چه‌پكێ نێرگز(ی مامۆستا هێمن)، زه‌رته‌شت (ی عه‌بدوڵڵا قه‌ره‌داغی)، مێژووی ناسینی پێغه‌مبه‌ران (ی د. ع. شه‌ریعه‌تی) و چه‌ند بابه‌تێکیش به زمانی فارسی که بۆ ماندوونه‌بوونی زۆری خوێنه‌ران هه‌وڵده‌ده‌م شته‌کان کورت بکه‌مه‌وه و له‌ناوه‌رۆکی بابه‌ته‌که‌دا به‌کورتی ڕای منیشی تێدا به‌دی ده‌کرێت. بۆ ڕه‌وانبوونی ناوه‌رۆکی بابه‌ته‌که و به‌هۆی قورسبوون و زۆربوونی ناوی ژماره‌یه‌کی زۆر له مێژوونووسان و به‌شێکی زۆر له‌وکه‌سانه‌ی ڕایان له‌سه‌ر نه‌ورۆز ده‌ربڕیوه، من له‌ناوهێنانی هه‌موویان خۆم پاراستووه و له‌م شوێنانه‌دا که ده‌یان مێژووزان و لێکۆڵه‌ر بۆچوونێکی هاوبه‌شیان هه‌بووه ته‌نیا نووسیومه به‌شێک له مێژوونووسان ئه‌م ڕایه‌یان هه‌یه یان شتیکی له‌م چه‌شنه که ئه‌گه‌ر خوێنه‌رێک حه‌زی لێیه ناوی ئه‌م که‌سانه بزانێت ده‌توانێت له‌م کتێبانه‌ی که ناویان برا بیان دۆزێته‌وه.
ئامانجی من له‌م نووسینه ته‌نیا لێکۆڵینه‌وه، زیاتر لێحاڵییبون و زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م جه‌ژنه و هه‌روه‌ها هه‌ڵسه‌نگاندنێکی کورت بووه و هه‌وڵم داوه شته‌کان به‌بێ هیچ لاگرتنێک باس بکه‌م و زانیارییه‌کی گشتیی بده‌م به‌م خوێنه‌رانه‌ش که حه‌ز ده‌که‌ن له‌م باره‌وه زیاتر بزانن. هه‌روه‌ها ئه‌وه به‌م مانایه نییه که بۆچوونیتر له‌باره‌ی نه‌ورۆزدا بوونی نییه یان بۆچوونی که‌سانیتر وێچووتر نه‌بێت. هه‌رکه‌سێکیش زانیاریی باشتری هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و شتیتری خوێندۆته‌وه، با باسی بکات و من و خوێنه‌رانیشی زیاتر لێ ئاگادار بکاته‌وه هه‌تا پڕبه‌دڵ سپاسی بکه‌یین.
دوو پرسیاری سه‌رکی که پێویسته خوێنه‌ر له ناوه‌رۆکی ئه‌م بابه‌ته‌دا بیاندۆزێته‌وه ئه‌وانه‌ن:
یه‌که‌م ڕای مێژوو نووسان و لێکۆڵه‌ره‌کان له‌سه‌ر نه‌ورۆز چییه؟
دووهه‌م نه‌ورۆز چییه و چ که‌ڵکێکی بۆ کورد هه‌یه؟
ڕای مێژوونووسان و لێکۆڵه‌ره‌کان له‌سه‌ر نه‌ورۆز (به کورتی)
به‌شێکی زۆر له نووسراوه‌کان له‌سه‌ر چۆنییه‌تی په‌یدابوونی نه‌ورۆز، ئاماژه به یه‌کێک له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ده‌که‌ن :
به‌شێک له مێژووناسان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که گۆڕانی وه‌رز و ئاووهه‌وا له‌ناو مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌کانی چاخه سه‌ره‌تاکان یان به‌ر له‌مێژووی نه‌ته‌وه‌کانی سه‌قامگیربوو له کوردستان و ده‌وروبه‌ری که له‌م ناوه‌شدا زۆرتر ناوی بابل ده‌هێندرێت، بۆته سه‌رچاوه‌ی په‌یدابوونی نه‌ورۆز. به‌شێکیتر‌یان زۆرتر مه‌ڕدار و ئاژه‌ڵداریی و وه‌رزێڕ یان جووتیار بوونی گه‌لانی ده‌وروبه‌ر و به‌تایبه‌تیی خه‌ڵکی نێوانی ڕوباره‌کانی دیجله و فه‌رات (فورات) وه‌ک ئیلامی یان عیلامی ، کاسی، گوتی، ئورارتۆ، میتانی و نه‌ته‌وه‌کانیتری ئه‌م ناوچه‌یه(ی به‌ر له هاتنی ئاریاییه‌کان بۆ ئه‌م شوێنه‌ی ئێستێ پێی ده‌وترێ کوردستان) به سه‌رچاوه‌ی نه‌ورۆز ده‌زانن و له‌ڕاستییدا ئاریاییه‌کان به میراتگری ئه‌م نه‌ریته ده‌زانن. به‌شێکیش له لێکۆڵه‌ره‌کان خودی ئاریاییه‌کان به دامه‌زرێنه‌ری نه‌ورۆز ده‌ژمێرن و ته‌نانه‌ت چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌کیش له‌م نه‌ته‌وانه‌ی ناویان برا، به ئاریایی ده‌زانن.
هه‌ندێک له لێکۆڵه‌ره‌کان ڕای گشتیی دووپات ده‌که‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن نه‌ورۆز ڕۆژێکه که له‌م ڕۆژه‌دا کاوه‌ی ئاسنگه‌ر که مرۆڤێکی ئازادیخواز و لایه‌نگری چینی هه‌ژار بووه، ( و کورده‌کان به‌کوردی ده‌زانن و هه‌ندێ له ڕۆشنبیرانی کوردیش گومانییان له ڕاستبوونی ئه‌م بۆچوونه هه‌یه) له زه‌حاکی خوێنخۆر و زۆردار ڕاپه‌ڕیوه و به‌سه‌ر زه‌حاکدا سه‌رکه‌وتووه وکۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی زۆرداریی هێناوه و له‌ئه‌نجامدا خه‌ڵک ئه‌م ڕۆژه‌یان کردووه به جه‌ژن و ناویان ناوه نه‌ورۆز واتا ڕۆژێک یان سه‌ره‌تایه‌کی نه‌و. له هه‌مانکاتدا به‌شێک له مێژوو نووسان ئه‌و شته ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه وێڕای به ئه‌فسانه زانینی زه‌حاک و ماره‌کانی سه‌رشانیی، نه‌ورۆز زۆر به کۆنتر له‌م ئه‌فسانه‌یه ده‌زانن.
هه‌ندێکیتر به جه‌ژنێکی مه‌زهه‌بی به‌ر له زه‌رده‌شتییه‌کان و ئاریاییه‌کانی ده‌زانن و لایان وایه که زه‌رده‌شتییه‌کان میراتگری ئه‌م نه‌ریته‌ن له که‌سانی به‌ر له‌خۆیان. به‌ڵام به ڕای که‌سانێکیتر به‌هۆی گرنگی ئاگر له ئایینی زه‌رده‌شتدا ئه‌وان به جه‌ژنێکی ئایینی زه‌رده‌شتی ده‌زانن که لایان وایه چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی ڕێوڕه‌سمی ئه‌م جه‌ژنه زۆر له هی ئه‌وڕۆ جیاواز بووه و هه‌تا گه‌یشتۆته ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه به‌م شێوه‌یه‌ی که هه‌یه گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتووه.
له ئاوێستای ده‌ورانی زه‌رده‌شت دا ئاماژه‌یه‌ک به سه‌رچاوه‌ی په‌یدابوونی نه‌ورۆز نه‌کراوه. به‌م پێیه که به وته‌ی مێژووناسان به‌شێکی زۆری ئاوێستا له کاتی هێرشی ئه‌سکه‌نده‌ردا له‌ناوچووه (و هه‌ندێکیش باوه‌ڕیان وایه که هه‌مووی له‌ناو چووه) و ته‌نیا له به‌شی وه‌ندیداد یان وێدیودات دا که ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌شه‌سی به وته‌ی عه‌لی شه‌ریعه‌تی ”له‌ده‌ورانی ساسانییه‌کاندا نووسراوه‌ته‌وه نه‌وه‌ک نووسراوه یان بۆچوونه‌کانی زه‌رده‌شت بووبێت و به‌هۆی ئه‌وه‌که له‌باری مێژووییه‌وه نێوانێکی زه‌مانی زۆر دووری له‌گه‌ڵ زه‌رده‌شت دا هه‌یه و هیچ پێوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به زه‌رده‌شته‌وه نه‌بووه،” له‌وێدا به‌ڕێوه‌بردنی ڕێ‌و ڕه‌سمی نه‌ورۆز به کارێکی پیرۆز ناسراوه، به‌ڵام ئاماژه‌یه‌ک به سه‌رچاوه‌ی په‌یدابوونی نه‌ورۆز نه‌کراوه.
به‌شێک له مێژووناسان ده‌ڵێن که زه‌رده‌شتییه‌کان و ته‌نانه‌ت ئاریاییه کۆنه‌کان له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه بوونه که هه‌موو ساڵێک له ده ڕۆژی کۆتایی ساڵدا ڕووح یان گیانه پاکه‌کان( که به فه‌راوه‌شی یان فرووهه‌ر ناو ده‌برێن و پارێزه‌ری فریشته‌کانن) ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر دونیای ماددی و سه‌ردانی که‌سوکاریان له‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌که‌ن. هه‌ر بۆیه‌ش زه‌رده‌شتییه‌کان له کۆتایی ساڵدا و له‌سه‌ره‌تای ساڵی نوێ‌دا ئاگر هه‌ڵده‌که‌ن و خووانی حه‌وت سین داده‌نێن و له‌ده‌وری داده‌نیشن. به‌م پێیه باوه‌رمه‌ندانی ئه‌م ئا‌یینه چه‌ند ڕۆژێک به‌ر له هاتنه‌وه‌ی که‌سوکاره‌کانیان( واته به‌ر له گه‌ڕانه‌وه‌ی مردووه‌کان) و به‌ر له هاتنی نه‌ورۆز ده‌ستیان ده‌کرد به خاوێن کردنه‌وه‌و ته‌کاندنی که‌لوپه‌لی ناو ماڵ و پاشان به جل و به‌رگی نوێوه سه‌ردانی گۆڕستانه‌کانیان ده‌کرد و پاشان به هه‌ڵکردنی ئاگر له پشتی سه‌ربانه‌کانیان له‌سه‌ری ساڵدا پێشوازییان له مردووکانیان ده‌کرد و خووارده‌مه‌نییان بۆ مردووه گه‌ڕاوه‌کان له ده‌وری ئاگره‌که داده‌نا. ئه‌م ئا‌گره‌ش هه‌تا تاریکایی به‌سه‌ر چووه هه‌ر ئایساوه بۆ ئه‌وه‌ی مردووه‌کان له تاریکییدا نه‌بن. گۆیا ئه‌و ڕێوڕه‌سمه هه‌مان شته که به جه‌ژنی سووری ناسراوه و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌یه که ئه‌مڕۆکه به چوارشه‌ممه سووری ده‌ناسرێت و ئێستاکه ته‌نیا له ئاخیر چوارشه‌ممه‌ی کۆتایی ساڵدا ڕێوڕه‌سمی بازدان به‌سه‌ر ئاگردا به‌ڕێوه ده‌چێت له‌گه‌ڵ هه‌ندێ شت که ساڵانه ورده ورده لێی زیاد ده‌کرێت یان گۆڕانکاری به‌سه‌ر دادێت.
ده‌گوترێت که له سه‌رده‌مه‌کانی پێشووتردا ڕێ‌و و ڕه‌سمی چوارشه‌ممه سووری چه‌ند ڕۆژ بووه و ته‌نیا تایبه‌ت به ڕۆژی چوارشه‌ممه نه‌بووه. بۆ وێنه دوه‌وترێت که له ده‌وره‌ی ساسانییه‌کاندا خه‌ڵک 10 ڕۆژی ئاخیری ساڵیان جه‌ژن گرتووه به‌ڵام زه‌رده‌شتیه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه ڕۆژی 6 ی خاکه‌لێوه به ڕۆژی نه‌ورۆزی گه‌وره ناوزه‌د ده‌که‌ن و هه‌روه‌ها به ڕۆژی له‌داییکبوونی زه‌رده‌شتیشی ده‌زانن.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ش که‌سانێکیش هه‌ن که که ده‌ڵێن نه‌ورۆز ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر مێژووی شاهه‌نشاکانی کۆنی ئێرانیی و بۆ وێنه ده‌ڵێن که جه‌مشید شا که یه‌کێک له پاشاکانی ده‌وره‌ی پیشدادییه‌کان بووه، له‌م ڕۆژه‌دا بووه به پاشا و ڕێ و ڕه‌سمی تاج له‌سه‌رنانی به‌ڕێوه بردوه و ناوی ئه‌م ڕۆژه‌ی ناوه نه‌ورۆز. له‌هه‌مان کاتدا هه‌ندێکیتر له شاهه‌نشاهییه‌کان ده‌ڵێن که جه‌مشید پاشا له‌م ڕۆژه‌دا ئاگری دیتۆته‌وه و پێشکه‌شی خه‌ڵکی کردووه. که‌سانییتریش هه‌ن که ئه‌م باوه‌ڕانه ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه و ده‌ڵێن که جه‌مشید شا ته‌نیا ویستوویه‌تی له‌م ڕۆژه‌و بۆنه‌یه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی که‌ڵک وه‌رگرێت و پڕ‌و پاگه‌نده‌ی پێوه کردووه و خه‌ڵکی پێ هه‌ڵخه‌ڵه‌تا‌ندوه تا خه‌ڵک په‌یمانی وه‌فاداری له‌گه‌ڵ ببه‌ستن. که‌سانێکیش هه‌ن که هه‌مووی ئه‌م شتانه له‌سه‌ر جه‌مشید پاشا ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه و ته‌نانه‌ت له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێن که ژیانی ئه‌م پاشایه له ئه‌فسانه به‌ده‌ر نییه و به‌سه‌رهاته‌کانی زۆر خه‌یاڵین و سه‌رده‌مه‌که‌شی که بۆی هه‌ڵبه‌ستراوه به‌رله‌چاخی مێژوو بووه.
هه‌ندێک له باوه‌ڕمه‌ندانی ئا‌یینه کۆنه‌کانی ئێرانییش له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه بوونه که له ڕۆژی نه‌ورۆزدا، خودای مه‌زن کاری ئافراندن و خه‌ڵقکردنی جیهانی ته‌واو کردووه و له‌م کاته‌وه ناوی ئه‌م ڕۆژه‌یان ناوه نه‌ورۆز.
ئه‌بو ڕیحانی بیرونی له کتێبی ئاسارولباقییه‌دا له زمانی سه‌لمانی فارسی یه‌وه ده‌ڵێت، ئێمه له زه‌مانی زه‌رده‌شتی بوونماندا له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه بوویین که خودای مه‌زن بۆ ڕازاندنه‌وه‌ی به‌نده‌کانی خۆی زبه‌رجه‌دی(به‌ردێکی گرانبه‌هایه) له ڕۆژی مێهره‌گاندا و یاقوتی له نه‌ورۆزدا به مرۆڤ به‌خشیین و گه‌وره‌یی ئه‌م دوو ڕۆژه له‌چاو ڕۆژه‌کانیتر، وه‌ک گه‌وره‌یی یاقووت و زبه‌رجه‌د له‌چاو زێڕ و زێوه‌کانیتر وایه.
بۆچوونیتریش له‌سه‌ر نه‌ورۆز به‌کورتی ئاوان که گۆیا له‌م ڕۆژه‌دا که‌سانێک ئاگریان دۆزیه‌وه و خه‌ڵگ ئاگریان کرده‌وه و له‌ده‌وری کۆ بوونه‌وه و ناوی ئه‌م ڕۆژه‌یان نا نه‌ورۆز واتا ڕۆژێکی نه‌و یان سه‌ره‌تایه‌کی نه‌و. هه‌ندێک له شیعه‌کانیش له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن که عه‌لی کوڕی ئه‌بوتالب له‌م ڕۆژه‌دا له‌داییک بووه. ( بۆ ئه‌م هه‌موو بۆچوونه جیاواز و لێک دووره عه‌ڕه‌ب گوته‌نیی وه‌ڵڵا هو ئه‌عله‌م!)
مامۆستا و شاعیری کورد، هێمنی موکوریانییش له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌بوو که هاتنه ئارای نه‌ورۆز پێوه‌ندی به ئابورییه‌وه هه‌بووه. مامۆستا هێمن له چه‌پکێ گوڵ چه‌پكێ نێرگزدا ده‌ڵێت ” ئه‌و گه‌لانه‌ی که( چه‌ند هه‌زارساڵ به‌ر له ئێستا) له قه‌فقازه‌وه سه‌ره‌وژێر بوونه‌وه و هه‌ریه‌که‌و بۆلا‌یه‌ک ڕۆیشتن، هه‌موویان شوانه وێڵه‌و مه‌ڕدار بوون و ژیانیان به پێست و گوانی ئه‌م گیانله‌به‌ره خوێن شیرین و به‌سته‌زمانه که زۆر زوو ده‌سته‌مۆ بووه دابین کردووه، ڕوونتر بڵێم خۆراکیان له شیر و پۆشاکیان له خوری ئه‌م حه‌یوانه بووه. جا بۆیه خۆشیان ویستووه و گه‌رمێن و کوێستانیان ده‌گه‌ڵ کردووه و به‌دوای هه‌وار و له‌وه‌ڕگه‌دا وێڵ بوون و گه‌ڕاون و ئێستاش ئه‌گه‌ر کاره‌ساتی ڕۆژگار لێی گه‌ڕی، کورد هه‌ر که‌یفی له شوانه‌تییه و وڵاته‌که‌شی بۆ ئاژه‌ڵداریی ده‌ناڵێ. ئێستا هه‌رچه‌ند به‌داخه‌وه مه‌ڕداری له کوردستان زۆر که‌م بۆته‌وه و مه‌ڕداره‌کان کاتی به‌ران تێبه‌ردانیان گۆڕیوه به‌ڵام ئه‌و دابه هه‌ر نه‌گۆڕاوه و هه‌رکه‌س کرتکه مه‌ڕێکی هه‌بێت، ئه‌و ڕۆژه به‌ران ده‌به‌ر مه‌ڕ ده‌کات، میوانداریی له جیرانان ده‌کا، مێوژ و خورماو شیرینی ده‌دا به منداڵان و ئه‌گه‌ر خه‌ڵاتێکی زۆر باش بۆ شوان له ئه‌ستۆی به‌ران نه‌کات، کاکی شوان نایه‌ڵێ به‌رانی ڕه‌نگاو بچێته ناو مێگه‌ل. به‌ڵام زۆر دوور نییه هه‌ر به بیری من مه‌ڕدار له ئاخر و ئۆخری مانگی مێهر به‌رانیان ده‌به‌ر مه‌ڕ کردووه و جێژنی مێهره‌گانیان بۆ گرتووه، دیاره ئه‌و جێژنه ئه‌وه‌نده گه‌وره بووه که عه‌ره‌ب وه‌ریان گرتووه و کردوویانه به مێهرجان و به هه‌موو ڕۆژێکی خۆش ده‌ڵێن میهرجان. ”
مامۆستا هێمن له درێژه‌ی باسه‌که‌دا ده‌ڵێت ” مه‌ڕ به 5 مانگ ده‌زێ و پێشینییان ده‌ڵێن به‌رخ پاش سه‌د ڕۆژ ڕووحی وه‌به‌ر دێ و مه‌ترسیی به‌راویشتنی که‌م ده‌بێته‌وه. جێژنی سه‌ده که ئێستاش له زۆر شوێنی کوردستان ده‌یکه‌ن و پێی ده‌ڵێن بێڵن دانا ، پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ ئه‌م باسه هه‌یه. دوو مانگ پاییز و سێ مانگ زستان ده‌کاته 5 مانگ و له شه‌وی ئه‌وه‌ڵی به‌هاردا زه‌نی مه‌ڕ دێ و جه‌ژنی هه‌ره گه‌وره‌ی مه‌ڕداره. هه‌روه‌ها به‌رخی مه‌سته‌شیر پاشی 13 ڕۆژ ده‌بێ له کۆز ده‌ربکرێت و به زاوه‌ماک بیبه‌یه له‌وه‌ڕ . ئه‌وه‌ش سێزده‌به‌ده‌ره‌که‌مان”. (مامۆستای نه‌مر هێمن)
نه‌ورۆز چییه و چ که‌ڵکێکی بۆ کورد هه‌یه؟
هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌تای باسه‌که‌دا هاتبوو، بیروڕاکان له‌سه‌ر نه‌ورۆز و چۆنییه‌تی و هۆکاری هاتنه ئارای ئه‌م ڕۆژه له‌لایه‌ک زۆرن و له‌لایه‌کیتریش زۆر لێک دوورن. دیاره جگه له‌وانه‌ی که باسیان لێ‌کرا بۆچوونیتریش له‌مه‌ڕ نه‌ورۆز هه‌ن که زۆر شایانی باسکردن نیین و لێره‌دا پاش بیستنی ئه‌م بۆچوونه جیاوازانه که به‌شێکی زۆریان جێی تێڕامانن، پێویسته کامه بۆچوون قه‌بووڵ بکه‌یین و ئه‌گه‌ر یه‌کێک لێمان بپرسێ نه‌ورۆز چییه ده‌بێ له وڵامدا ئه‌ماژه به‌کام بۆچوون بکه‌یین؟ لێره‌دا له‌وانه‌یه ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌ندێک له‌بۆچوونه‌کان بۆ وێنه‌ی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پاشاکان وتراوه زۆر سه‌خت نه‌بێ به‌ڵام به‌گشتیی به‌ڕاستزانینی یه‌کێک له بۆچوونه‌کانیش بۆ و‌ڵامی ئه‌م پرسیاره زۆر هاسان نییه و به‌ڕای من پێویستی به لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی پسپۆڕانه‌ی زۆر زیاتر له‌وه‌یکه تا ئێستا کراوه هه‌یه و مرۆڤ ته‌نیا ده‌توانێ بۆ وێنه بڵێت بۆچوونه‌که‌ی مامۆستا هێمن وێچووتره.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌م جیاوازییانه ئه‌گه‌ر یه‌کێک له‌من بپرسێت نه‌ورۆز چییه یان چ ڕۆژێکه؟ من ده‌ڵێم نه‌ورۆز ڕۆژی نوێ، ڕۆژی سه‌ره‌تای ساڵ و سه‌ره‌تای ژیینه‌وه‌ی سروشته به گشتیی و سه‌رتای هه‌ر شتێکیش ئه‌م شته‌یه نوێیه و ئه‌گه‌ر پێوه‌ندیی به زه‌مان و کات و ساڵه‌وه هه‌بێت ئه‌وه نه‌وڕۆژ، ڕۆژێکی نه‌و یان نه‌ورۆزه و ته‌واو. ئه‌وه‌یکه خه‌ڵکیش له که‌ونه زه‌ماندا له‌به‌ر ئه‌وه‌یکه سه‌ره‌تای ساڵ و به‌تایبه‌تیش سه‌ر له ئێواران سه‌رما هه‌ر ده‌مێنێ و خه‌ڵکیش سه‌ر له‌ئێواران که له کار و تاقه‌تکردنی مه‌ڕ و ماڵات بوونه‌ته‌وه و به‌تایبه‌تیش له سه‌ره‌تای ساڵی نوێ لێک کۆ بوونه‌ته‌وه و بۆ گه‌رمکردنه‌وه‌ی خۆیان ئاگریان کردۆته‌وه و له‌ده‌وری ڕاوه‌ستاون و قسه‌ی خۆشیان پێکه‌وه کردووه به دڵێکی زۆر ساکار و به‌بێ هیچ ئاسمان و ڕیسمانێک باسی مه‌ڕ و ماڵات و ژیانی خۆیانیان کردووه پاشان ئه‌م شته هه‌موو ساڵێک دووپات کراوه‌ته‌وه و هێدی هێدی کردوویانه به نه‌ریتێک و به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن پاشا و لێکۆڵه‌ر و مێژوونووسیان لێپه‌یداده‌بن بۆیان بۆته نه‌ریتێکی ساڵانه. پاشان پاشا و ده‌روێش که زانیویانه شته‌که له دڵی خه‌ڵکدا جێگیر بووه، هه‌رکه‌سه‌ی له‌به‌رژه‌وندیی خۆیدا ویستوویه شتێکی بۆ هه‌ڵبه‌ستێ و بیکات به هی خۆی.
لێره‌دا گرینگ ئه‌وه‌یه که بزانین گرینگیی نه‌ورۆز بۆ ئێمه‌ی کورد له‌چیدایه. به بڕوای من گرینگیی نه‌ورۆز بۆ ئێمه زۆرتر له به‌کارهێنانی نه‌ورۆز دایه وه‌ک بۆنه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریی بۆ ڕێکخستنی گه‌ل چ له شێوه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و چ له شێوه‌ی هێنانه‌گۆڕی دێموکراتییانه‌ی باسی مافی یه‌کسان له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری خۆماندا. که‌وابوو نه‌ورۆز بۆ ئێمه به‌ڕاستی گرینگه. نه‌ورۆز بریتییه له هاتنه‌گۆڕی باسی ژیان و ژینه‌وه له تێئوریداو وه‌جۆشخستن و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی مافی ژیان و یه‌کسانیی و سه‌لماندن و پێشاندانی هه‌بوون له پڕاکتیکدا. نه‌ورۆز یانی ژیانه‌وه‌ی سروشت، سه‌وزایی و گه‌ش بوونه‌وه‌ی وڵات، دڵخۆشیی گه‌ل، گه‌ڕانه‌وه‌ی تین و هه‌تاو و به‌سه‌رچوونی سه‌رماو سۆڵه و پاشگوێخستنی نه‌هامه‌تییه‌کان و به‌ئه‌زموونکردنیان بۆ داهاتوو. که واته له‌کاتی دڵخۆشییه‌کاندا، تین و وزه بۆ خرۆشان، به‌گوڕبوونی توواناکان بۆ به‌رگریی، هه‌روه‌ها سه‌رنجیپێدانی بیر و هۆشه‌کان بۆ هۆشیاربوونه‌وه زیاتر و ئاماده‌ترن و به‌م پێیه‌ش که گه‌لی مافخوراو و دابه‌شکراوی کورد بۆ ڕزگاریی خۆی زیاتر له‌هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌کیتر پێویستیی به یه‌کڕیزیی و یه‌کگرتوویی هه‌یه، ده‌توانیین له ڕۆژی نه‌ورۆز چ وه‌ک ڕۆژی سه‌ره‌تای ساڵ و چ وه‌ک جه‌ژنێکی نه‌ته‌وه‌یی، به‌بێ ئه‌وه‌یکه ئه‌فسانه‌سازی بۆ بکه‌یین و شتی ناڕاست ده‌رخوواردی نه‌وه‌کانی داهاتوومان بده‌یین، وه‌ک یه‌کێک له سو‌مبوله‌کانی یه‌کگرتن( هه‌روه‌ک چۆن ئێستا له باکوری کوردستان ئه‌م ڕۆژه کراوه به ڕه‌مزی به‌رخۆدان و چالاکیی جه‌ماوه‌ریی که ئه‌وه له‌هه‌مووشتێک بۆ ئێمه به‌نرختر و گرنگتره) سه‌یری ئه‌م ڕۆژه بکه‌ین و که‌ڵکی لێوه‌رگرین .
له‌کۆتاییدا له سه‌ر مێژووی نه‌ورۆزله ڕووانگه‌ی منه‌وه، چ سه‌رچاوه‌ی نه‌ورۆز هاتنی به‌هار و زیندوبوونه‌وه‌ی سرووشت یان خود ته‌واوبوونی کاری خیلقه‌ت بووبێت، چ باوه‌ڕمان به شۆڕشی کاوه‌ی ئاسنگه‌رو ڕووخانی کۆشکی زه‌حاک و تێکشکانی زوڵم و زۆرداریی یان دیتنه‌وه‌ی ئاگر یان خود به ڕۆژی له داییکبوونی پێغه‌مبه‌رێک یان گه‌وره‌پیاوێکی بزانین یان ئه‌م ڕۆژه له ئایینێکی دێرینی خه‌ڵکی کوردستان و ته‌نانه‌ت به‌ر له مێژووشه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، یان به قه‌ولی مامۆستای خوالێخۆشبو هێمنی موکریانی سه‌رچاوه‌ی نه‌ورۆز پێوه‌ندیی به ئابووری خه‌ڵکی ئه‌م ناوچانه‌وه بووبێت، ئه‌وه‌ی له هه‌موو شتێک ڕوونتره ئه‌وه‌یه که ڕۆژی نه‌ورۆز له‌لای خه‌ڵکی ئێمه ڕۆژێکی خۆش و خۆشه‌ویسته و ئه‌م گه‌له‌ش که هه‌موو ڕۆژێکی خۆشی لێ ئه‌ستێندراوه و ته‌نیا به‌شیی له ژیان، ژێرچه‌پۆکه‌یی و چه‌وسانه‌وه بووه، له‌م ڕۆژه‌دا دڵشادن و به‌گشتیی به‌هۆی هاتنه‌وه‌ی به‌هار و سه‌وزایی و زاڵبوونی هه‌تاو و تیین به‌سه‌ر سه‌رما و سۆڵه‌دا دڵیان شاده و پێویسته ئێمه‌ش به شادی نه‌ته‌وه و سه‌وزایی نیشتمانی خۆمان شاد بین و نه‌ورۆز و ساڵی تازه له هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد و سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کانیتریش که نه‌ورۆز جه‌ژن ده‌گرن پیرۆز بکه‌یین و ئاواتمان ئه‌وه‌بێت که ساڵی تازه، ساڵی لێک نزییکبوونه‌وه‌و لێبورده‌یی و یه‌کێتیی و برایه‌تی و قاییمکردنی ڕیزه‌کانی گه‌له‌که‌مان، ساڵی هه‌وڵدان بۆ وه‌لانانی به‌رژه‌وه‌ندییه ته‌سکه‌کان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ده‌سکه‌وتی به‌نرخ و تێکشکانی کۆشکی زۆرداران بێت.
هه‌ر له شادی و خۆشی‌دا بن و ساڵی تازه له‌هه‌مووتان پیرۆز بێت.
سه‌رچاوه‌کان:
- زه‌رته‌شت ( عه‌بدوڵڵا قه‌ره‌داغی)
- ئاسارو‌لباقییه یان آثارالباقیة( ی ئه‌بو ڕیحانی بیرونی)
- چه‌پکێ گوڵ چه‌پكێ نێرگز( مامۆستا هێمن)
- مێژووی ناسینی پێغه‌مبه‌ران ( تاریخ شناخت ادیان د. علی شریعتی)
- هه‌ندێک نووسراوه‌ی به‌ربڵاو له‌سه‌ر نه‌ورۆز به فارسی
و
هه‌ڵسه‌نگاندن و بۆچوونه‌کانی سوورکێو زه‌کی
سوئێد
26 /12/1385 ی هه‌تاویی17/03/2007 ی زایینی
پێداچوونه‌وه‌و چاکسازیی بابه‌ت 29 ڕه‌شه‌مه‌ی 1387ی هه‌تاویی
سوورکێو زەکی، لەدایکبووی باشووری کوردستان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم. لە ڕاستییدا سوورکێو ناوی دووهەممە، بەڵام لە ناو کوردان زیاتر بەم ناوەوە ناسراوم، خۆشم هەر ئەو ناوەم پێ خۆشترە لە ناوی یەکەمم، سولەیمان یان سوولمەن ناوی ناسنامە و ناوی سویدییەکەمە.