ژن و ژیان!
ژن و ژیان!
سوورکێو زەکی
بەکام وشەی جوان و ڕەنگین، وەتڕازێنم؟
بەکام ڕستەی ڕێک و سەنگیین، بتلاوێنم؟
لە نووکی کام قەڵەم بڕژێم؟ بتڕەنگێنم!
بە زمانی کامە گەل بدوێم؟ بتناسێنم!
ئەتۆ ژنی و
لە بەر بەژن و
وەسفی ئەوین و جوانییت،
بۆ پێناسەی مێهرەبانییت،
وشە و قەڵەم، بێ زمانن!
کەچی بە زمانی گەلی من،
ئەتۆ تەنیا هەر دوو پیتی
"ژ"ێ ژیانە و
"ن"وونیش نیهان
بەڵام لە واتای دڵی من،
ئەتۆ دونیایەک لە ژینی و
ژیان بێ تۆ، بێ واتایە!
تۆ دەریایەک لەسەرخۆیی و
پیاو بێ تۆ، هەڵوەدایە!
تۆ لە ساتی خەم و خەفەت،
لە کاتی ئازار و مەینەت،
بەس فرمێسکت هەڵدەوەرێن!
کەچی هەر خۆت لێبوردەی و،
پیاوان لە دەورت دەگەڕێن!
بەڵێ ئەی ژن!
تۆ داییم لەبەر چاوانی
لە هۆشیاریی و لە ناو خەوی
تۆ هەوێنی شێعرەکانی
شاعیرانی سەر گۆی زەوی!
تۆ "ملوانکە"ی هەڵبەستەکانی "بێکەس" ی و
"شەنگەبێری" و" پەری شێعر" و
"جوانی بێناو"ی "هێمن"ی
تۆ "بۆ کچان"ی "قانع"ی و
تۆ بۆ "وەفایی" "شیرن"ی
تۆ لە ماڵ و لە دەشت و دەر
لە کار و خەبات و سەفەر
خوشکی، دایکی یانە هاوسەر
ئاوێنەی ژیین و ژیانی
لەوەش زیاتر ئەتۆ ئەی ژین!
ڕەمزی ئاشتی و ئاوەدانی!
لەوەش زیاتر، بەلێ هاوژین!
بەڵێ هەزاران جار بەڵێ!
شایانی مافی یەکسانی
١٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٠
٨ی مارسی ٢٠١٢
سوید
سوورکێو زەکی، لەدایکبووی باشووری کوردستان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم. لە ڕاستییدا سوورکێو ناوی دووهەممە، بەڵام لە ناو کوردان زیاتر بەم ناوەوە ناسراوم، خۆشم هەر ئەو ناوەم پێ خۆشترە لە ناوی یەکەمم، سولەیمان یان سوولمەن ناوی ناسنامە و ناوی سویدییەکەمە.