لە دواکەوتوویی و بێمافیی گەلی کورد دا زۆر فاکتەر کاریگەر بوونە، کە بەڕای من گرینگتریینیان پەراوێز خران و نەخوێندرانەوە لەلایەن نەتەوە زاڵ و پاوانخوازەکان لەلایەک و هەوڵی پەراوێز خستن و یەکتر نەخوێندنەوە و یەکتر سڕینەوەی کورد خۆبەخۆ لەلایەکیتر بووە. واتە لە بێمافیی و پێنەگەیشتنی کورد دا، کورد و ڕووحییەی پاوانخوازیی لایەنە سیاسییەکانی، بەقەدەر دوژمنەکانی تاوانبارن. نموونەی هەرە زەقی ئەو یەکتر نەخوێندنەوە و خۆ ویستییەش، مێژووی ئەو لایەنانەو و پرش و بڵاویی ئێستایان و بێبەرنامەییان بۆ داهاتوویە. دیارە ئەم ڕەوتەش بۆ گەلی لێقەوماوی کورد بەداخەوە گەلێک کارەساتبار بووە و ئێستاش ئەزموونی لێ وەرنەگیراوە. بێگومان ئاکامی ئەوەش ئەوەیە کە ئاسۆی کورد هەر وا بە ناڕوونی و بە لێڵیی بمێنێتەوە.