خۆزگە!
نووسینی: هێلدێر کامارا
وەرگێڕانی لە سویدییەوە: سوورکێو زەکی
خۆزیا دەمتووانی
گۆیێک لە زەوی
پێشکەشی هەموو مناڵێک بکەم
لەوەش زیاتر
وەها ڕووناکییەک لە هومێد
کە توانیبای بە شێوەیەک
چاوی گشت مناڵان وەکا و
سەرنجیان ڕاکێشێ بەرەو
خۆشەویستیی
هەموو گەلێک
هەموو ڕەگەزێک
هەموو زمانێک و
هەموو ئایینێک!
*سەرنج: لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە بڵێم، ئامانج لەم وەرگێڕانە زۆرتر ناسین و ناساندنی بیری نووسەرە بە شێعر دۆستان کە لەڕاستییدا نووسەر، خۆی بیرمەند و شاعیرێکی گەورەی بێرێزیلی دەیەکانی ڕابردوویە ،هەروەها لەگەڵ ئەوەیدا کە خۆم لە دەستتێوەردانی شێعرەکە پاراستووە، بەڵام هەوڵم داوە مانا و مەبەستی نووسەرەکە بخەمە ڕوو نەوەک وشە بە وشە تەرجەمەی بکەمەوە. شایانی باسە کە شاعیر وێڕای ئەوەیکە ئۆسقۆفی گەورەی وڵاتەکەی بووە، بە سادەیی و هەژاریی ژیانی بردۆتە سەر و لەگەڵ زام و ئێشەکانی هەژارانی نیشتمانەکەیدا ژیاوە و وێڕای خەبات بۆ یەکسانیی، هیوا و هومێدی ئازادی و شیوەی بەربەرەکانی لەگەڵ نەهامەتییەکانی ڕۆژگاری فێری هەژاران و چەوساوەکانی وڵاتەکەی کردووە. لە ناو وتەکانی کامارەدا، ئەو وتەیەی ناودێرە کە دەڵێ: هەر کاتیک یارمەتیی هەژاران دەدەم، بە قەددیس ناوم دەبەن، بەڵام کە دەپرسم بۆچی هەژاران نانیان نییە بیخۆن، پێم دەڵێن تۆ کۆمۆنیستی.
سەرەتای بەفرانباری ١٣٨٩ی هەتاوی/ سوید
سەرچاوە:
Dom Helder Camara, (1982), Tusen skäl att leva.
سوورکێو زەکی، لەدایکبووی باشووری کوردستان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم. لە ڕاستییدا سوورکێو ناوی دووهەممە، بەڵام لە ناو کوردان زیاتر بەم ناوەوە ناسراوم، خۆشم هەر ئەو ناوەم پێ خۆشترە لە ناوی یەکەمم، سولەیمان یان سوولمەن ناوی ناسنامە و ناوی سویدییەکەمە.