کوژانەوەی ئەستێرەکان، مژدەی بەرەبەیانە!
دیسان ئێوارەیە و تەوژمی ڕەشەبا پێمان دەڵێت "کات، کاتێکی هەستیارە" و بیرمان دەخاتەوە ڕۆژەکان لە کورتییان داوە و تارمایی دریژترین تاریکەشەوەکانی ساڵ، دەورەی وڵاتی خۆریان گرتووە . دیسان هەورە ناوک ڕەشەکان، بە هێزی ڕەشەبا و بە درێژیی شەوە تاریکەکان گەمارۆی ئەستێرەکانی ڕۆژهەڵاتیان داوە و لەبەرچاوان ونیان دەکەن.
دیسان بەرتەسکبوونەوەی ڕووناکی بۆتە هەلێک بۆ دەرکەوتنی سەمای شەمشەمە کوێرەکان و دیسان مارە برسییەکانی سەرشانەکانی زەحاک، ئاسۆی ژیان و ڕووناکی ئەستێرەکانیان بەرتەسک کردۆتەوە و سەرشێتانە دوایین چرکەساتەکانی کوژاندنەوەی ئەستێرەیەکی تر دەژمێرن. ئاخر دەڵێن ڕەشەبا و ڕەشە هەور و شەمشەمەکوێرە و زەحاک و دێوەزمەکانی تاریکی، لەبەر ناشیرینی و ترسەنووکییان، زەندەقیان لە ڕووناکی و ئەستێرە و خۆر چووە و تاریکیی بە تاکە یاری خۆیان دەناسن و چاویان بەرایی ڕووناکی نادات.
کەچی زەمان هاتووە و زەمان ڕابووردووە، بەڵام نە دوژمنانی ڕووناکی توانییویانە هەتا سەر بەری ڕووناکی بگرن و جەژنی خامۆشکردنی ئەستێرەکان بگێڕن، و نە کۆژانەوەی ئەستێرەکانیش کۆتایی بە بوونیان هیناوە ، و ئێستاش ڕوون نییە بۆچی شەمشەمە کوێرە و زەحاک و دێوەزمەکانی تاریکیپەرەست تێنەگەیشتوون کە ڕووناکیی حەبیبی ڕۆژهەڵاتە و تاریکیی دەورەیەکی کاتییە و کاتیش بەردەوام لە بەسەرچوون دایە.
نەخێر، ئێستاش ڕوون نییە، بۆچی دۆستانی تاریکی بیر لە مانای کوژانەوەی ئەستێرەکان ناکەنەوە، کەچی کوژانەوەی ئەستێرەکان و بزربوونی تیشکەکان، خۆی مژدەی بەرەبەیان و لەناوچوونی تاریکی و سەرهەڵدانی ڕۆژهەڵاتیان بەدەمەوەیە و لە بەسەرچوونی ئەم بەرەبەیانانەش، نەورۆز و بەهار لەداییک دەبن و لەیادی ئەستێرە جووانەمەرگەکان، گوڵاڵەکان وێڕای فرمێسکی زوڵاڵی شەونم لەسەر ناسکە لاپەڕە خوێناوییەکانییان، هاتنەوەی بەهاری ڕووناکی جەژن دەگرن و بە هاورێی هەموو ئەستێرە ڕەنگاوڕەنگەکان، پێشوازیی ڕۆژە پڕ هیواکان دەکەن.
سەرەتای بەفرانباری ١٣٨٩ی هەتاوی/ سوید
سوورکێو زەکی، لەدایکبووی باشووری کوردستان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم. لە ڕاستییدا سوورکێو ناوی دووهەممە، بەڵام لە ناو کوردان زیاتر بەم ناوەوە ناسراوم، خۆشم هەر ئەو ناوەم پێ خۆشترە لە ناوی یەکەمم، سولەیمان یان سوولمەن ناوی ناسنامە و ناوی سویدییەکەمە.