سوورکێو زەکی

ئەم کورتە بۆچوونەی خۆم لەم پرسیارەوە دەست پێدەکەم کە، بەڕای ئێوە ئەگەر کەسێک مەلە نەزانێ و خۆ بە گۆم یان بەحرێکی قووڵ دا بدا، ئاکامەکەی بۆ تاکەکە و بنەماڵە و دۆستانی ئەوکەسە چی دەبێت؟ بێگومان وەڵامەکەی ئاشکرایە: کارەسات بۆ تاکەکە و بۆ کەسوکارەکەی، واتە خنکانی ئەو کەسە لەلایەک و تێکچوونی باری دەروونی و عاتیفی (زۆر کاتیش باری ئابووریی) ئەو بنەماڵە و دۆستانەی کە پێوەستن یان نزیکن لەو کەسەوە.

بەڵام ئەگەر ئەم مەلە نەزانیینە لە بووارێکترەوە و لە چووارچێوەیەکی فراوانتر دا بێت، بۆ وێنە لە یەکێک لە بووارەکانی فەرهەنگی، ئەدەبی و ڕۆشنبیری، سیاسی، ئابووری و هتد دا بێت، ئەوکات ئاکامەکەی بۆ تاکی کورد و بۆ کۆمەڵگەکەی چ دەبێت؟

پێشەکی پێویستە ئەمە ڕوون بکەمەوە کە مەبەست لە مەلە نەزانیین لێرەدا، پسپۆڕ نەبوون و بێ ئەزموونی و تەنانەت زۆر جار ئاشنا نەبوونی بەشێکی زۆری تاکی کورد لەگەڵ هەر شتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی، نووسەریی و ڕۆژنامەوانی، ئابووری، تەکنیکی و هتدەوە، بەبێ مەلەوانبوون لەم بووارەوە، واتە بێ زانست و ئەزموون، بێ خۆ ماندووکردن و بەدواداچوون و هەوڵی فێربوونی زانستیی شتەکە، بەڵام بەبێ دوودڵی، عەرەب گوتەنی تەوەککەلتوعەلەڵڵا، خۆی پێدا دەدا، جا چی لێ پەیدا دەبێ و ئاکامەکەی بۆ خۆی و بنەماڵەکەی و بۆ خەڵک یان ئەو ڕەوتە کۆمەڵایەتییە، سیاسییە، یان فەرهەنگییەی کاری لەسەر دەکات چی دەبێت، هیچ بەلایەوە گرینگ نییە! (تێبینی: ئامانج لێرەدا ئەوە نییە کە هیچ کەسێکی پسپۆری کورد لەم بووارنەوە بوونی نییە، بەڵکو ئامانج زاڵبوونی ڕەوتێک یان هزرێکی هەڵەیە کە بە گشتیی باڵی بەسەر زۆرینەی تاک و کۆمەڵگەی کوردی دا کێشاوە.)

ئاشکرایە هەموومان دەزانیین کە ئێمە لە سەردەمی سات بە ساتی گەشە و پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆژی دا دەژیین و کار و ئەرکەکانی تاکی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، ڕۆژ بەڕۆژ بەرەوە بەپسپۆڕییبوون، واتە بە تەخەسسوسیبوون دەچن و هاوکات ئەوڕۆ کار لە هەر بووارێکەوە پێویستیی بە هەردووک لایەنی خوێندەواری زانستی و ئەزموونی کردەوەیی (پراکتیکی) هەیە. بەڵام ئایا بەڕاستی ئەو شێوازە کارکردنە و بەرەوپێشچوونە تا چ ڕادەیەک کۆمەڵگەی ئێمەی بە گشتیی و تاکی کوردی بەتایبەتیی گرتۆتەوە؟

بۆ وێنە ئایا چەند لەسەدی ئەو تاکانەی کاری ئەدەبی و فەرهەنگی دەکەن، بەر لە خۆ دەرخستن، خۆیان ماندوو کردوە تا لە بووارێکی تایبەتەوە کار بکەن یان لێکۆڵینەوە بکەن و بنووسن؟ ئایا ئەم تاکانە لە کام یەک لە بووارەکانی زمان، ئەدەبیات، ڕۆشنبیریی، چیرۆک، هەڵبەست، بابەتی زانستی، مێژوویی و هتدەوە خۆیان پێگەیاندوە و هاتوون بە هەردووک لایەنی زانست و ئەزموونەوە، بە لەبەرجاوگرتنی مێتۆد و پرنسییپەکانی ئەم بووارەوە، خزمەتی نەتەوەکەیان بکەن؟

لە بوواری سیاسییەوە، ئایا چەند کەس لەوانەی بە کردەوە لە مەیدانی حیزبایەتیی و خەباتی سیاسیی دان، پسپۆڕی ئەم بووارەن یان بە واتایەکیترخاوەنی زانست و ئەزموونی سیاسیین؟

لە بوواری ڕاگەیەندنەوە، ئایا چەند لەسەدی ڕۆژنامەوانان و کەسانی بوواری ڕاگەیاندنی ئەوڕۆی کاناڵ و ڕۆژنامە و سایتە کوردییەکان، زانست و ئەزموونی ئەم بووارەیان هەیە و خاوەنی کۆمەڵە کاراکتەرێکی بەرزی زمان، چۆنییەتی دەربڕیین، ڕۆشنبیریی مێژوویی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، یاسایی و ڕێسایی پێویستی ئەم بووارەن و هاوکات لەگەڵ پرنسیپ و ئەخلاقی زانستیی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە ئاشنان و کارێکی پیشەیی ڕێک و پێک و بێلایەن نیشانی گەلەکەیان و گەلانیتر دەدەن؟

لەبابەت پشێوی لە هونەری کوردی دا، لە زمانی هونەرمەندانی باش و بەئەزموونەوە دەبیستیین کە هونەری کوردیی لەم بووارەوە لە چ حاڵێکدایە و چۆنە.

بەڵام!

ئایا ئەم بێ ئەزموونیی و پسپۆڕنەبوونییە لەم بووارانەوە و لە هەموو بووارەکانی تریشەوە، چەند لەسەدی کۆمەڵگەی ئێمەی گرتۆتەوە و چی بەدواوە بووە و ئاکامەکەی لە داهاتوودا چ دەبێت؟ تۆ بڵێی ئەم جورئەتە نابەجێیەی تاکی کورد لە کوێوە سەری گرتبێت کە بەبێ زانست لە بووارێکەوە و بەبێ خۆ ئامادەکردن و ئەزموون و بیری کاری پیشەیی، خۆی بە پسپۆڕی هەموو کارێک دەزانێت؟ ئەی بۆچی لە ڕۆژئاوادا تەنانەت خەڵک جورئەت ناکەن داوای کارێک بکەن کە زانست و ئەزموونەکەیان نییە؟ تاکەی ئێمە ئەنجامی کارکردنە ناشارەزایانە نەبینیین کە کۆمەڵگەی ئێمە پێیەوە دەناڵێنێ؟

باشە ئەگەر هەرکام لە ئێمە پرسیارمان لێ بکرێت کە، ڕامان چییە لەسەر:

ü ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پزیشک نیین و لێت دەبن بە پزیشک و ڕا لەسەر هەموو جۆرە نەخۆشییەکی فیزیکی و دەروونی دەردەبڕن؟، یان زۆر کەس هەر بەکردەوە دەبن بە دوکتۆر و شکەستەبەند! جا بۆ ئەمەی دووایی با زانست هەر وەلا بنێن، کە هەندێ تاک تەنانەت بەبێ ئەوەیکە فێر ببن ناوی خۆشیان بنووسن ئەم کارە دەکەن!

ü ئەو کەسانەی نازانن ئۆتۆمبیل (واتە ماشێن) بەباشی لێخوڕن و یاساکانی نازانن، بەڵام تەنانەت بەبێ ئیزنی یاسایی ئەم کارە، تەختەگاز دەچنە ناو شەقام و کۆڵانەکان و زۆر جار گەورە و بچووک دەخەنە ژێرەوە!؟

ü ئەو کەسانەی هەرلەخۆوە لێت دەبن بە شاعیر و ئەدیب و نووسەر و مێژووزان و لێکۆڵەر، بەبێ ئەوەی هیچ شتێک لە مێتۆدەکانی ئەدەبیات و شێعر و نووسینی مێژوو و لێکۆڵینەوە بزانن!؟

ü ئەو کەسانەی نازانن حیزب و سیاسەت چییە و تەنانەت زۆریان خوێندنی سەرەتاییشیان بە فەرمی تەواو نەکردووە، کەچی دەبنە سیاسەتمەدار، لە ڕاگەیەندنەکان هەڵسەنگاندن و باسی سیاسی دەکەن، داوای ڕێبەرایەتیی حیزب و کۆمەڵگە دەکەن و تەنیا شتێکیش کە بە زەینیان دا نایە ئەوەیە کە پێویستە لانیکەم ئەلف و بێی سیاسەت، دێموکراسی و فرەچەشنی فێر بن و لەوە زیاتر گەل و وڵاتە داگیرکراوەکەیان وەپاش نەخەن! هەر بەشێک لەوکەسانەی هیچ شتێکیان لە زانستە مرۆڤایەتیی و کۆمەڵایەتییەکان نەخوێندووە، کەچی دەبن بە ئایدۆلۆگی چیینەکانی کۆمەڵگە و بە خوێندنەوەی کتێبێک یان لە پاش بیستنی چەند باسێک و لەبەر کردنی چەند وشەیەک، بۆت دەبن بە کارناسی هەموو بووارێک و بەناوی بەربەرەکانی لەگەڵ نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، زۆر ناکارناسانە چیینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لێک تیژ دەکەن؟

ü ئەو کەسانەی جیاوازیی ڕەخنە و دوژمنایەتیی نازانن و هەر بۆچوونێکی جیاواز بە دوژمنایەتیی لێک دەدەنەوە و ئەگەر فرسەت و دەسەڵاتییان هەبێت، لەسەر بیروبۆچوونی جیاواز خەڵک ڕاوەدوو دەنێن، حوکمی یاسایی بە ئاسایی دەدەن، بەبێ ئەوەی هیچ لە یاسا بزانن یان هەر بەفەرمیی بناسن؟! هەر ئەو کەسانەی زۆر جار مافی تاک و بەرپرسیارەتیی گشتیی دەخەنە ژێرپێ و بەبێ ئەوەیکە کاریگەریی نەرێنیی وتەکانییان لەسەر بەشێک لە خەڵک بزانن، دەبن بە بڵقاسمی ڕۆژگار و ڕێگەی سنووردارکردنی ڕا و بۆچوون و چۆنییەتی ژیان و بیرکردنەوەی خەڵک بەخۆیان دەدەن؟

ü ئەو کەسانەی ئێستا جیاوازیی ڕاگەیاندنی بێلایەن و مێتۆدەکانی ئەم کارە بە مەبەستی زانیاریی پێدان لەگەڵ ڕا و بۆچوونی شەخسیی نازانن، کەچی لێت دەبن بە ڕۆژنامەنووس و فەیلەسووف و شییکەرەوە و ڕەخنەگر و پسپۆڕ؟

ü ئەو کەسانەی هیچ زانستێکی فێرکاریی دەروونناسی و پێداگۆگییان نییە و لێت دەبن بە مامۆستای فێرکاری؟!

ü ئەوکەسانەی ئامادەن بۆ ناودەرکردن، هەموو وشەیەکی بێگانە بێننە ناو زمانی کوردی و وێرانی بکەن، هەر ڕێک لەو کەسانەی کە هوموو هونەرێکی بێگانە و ناڕەسەن، بەبێ زانیاریی لەسەر ئاکامی تێکدەرانەی ئەم ڕەوتە لەسەر کولتوور و زمانی کوردی بزانن و لە بێ هونەرییان دەبن بە هونەرمەند!

ü و... هتد.

دیارە لەبوواری تریش شت بۆ وتن زۆرە و کات کەم، بەڵام بێگومان لە هەموو بووارێکەوە ئەم کەمووکووڕییە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زەق و بەرچاوە و لێرەدا لێکدانەوەی بووارەکانی تر بە خوێنەران دەسپیرم کە بێگومان زۆر کەسی تریش، دەردی ئەم پشێوییە لە کاری پیشەیی لەناو کۆمەڵگەی کوردیی بەگشتی و لەناو تاکی کورد دا بەتایبەتی، ڕۆژانە ئەجرەبە دەکەن و لە کارەساتباربوونی ئەم حاڵە ئاگادارن و لە ئاسەوارەکانی بێبەش نیین، بەڵام بە کورتی و بە کوردی، ئەوە هەلومەرجی کۆمەڵگە و تاکی مەلە نەزانی کوردە کە لای وایە هەر لەخۆوە هەموو شت دەزانێ و لە هەر بووارێک کە حەزی لێبوو، هەست دەکات بەبێ هەوڵی زانیین و خۆماندووکردن و خۆ فێرکردن، هەر لەکاتی لەداییکبوونییەوە پسپۆڕی مامۆستای ئەم بووارە بووە کە کەیفی پێهاتووە.

بەڵام ئاخۆ ئاکامی ئەم ڕەوتە بۆ تاکی کورد بەتایبەتیی، و بۆ کوردی بێ بەشکراوی، بەش بەش کراوی، ڕاونراوی زەین و خاک داگیرکراو بەگشتی چییە و چی دەبێت؟ خۆ ئەگەر ئێمە چ وەک نووسەر، ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر، چ وەک سیاسەتمەدار و مامۆستا و هتدی کورد، لە جیاتی بەخۆداچوونەوە و چارەسەریی، هەرکەسەو ئەسپی خۆ تاو دەین و خۆمان لە دواکەوتنی خۆمان و گەلەکەمان بە تاوانبار نەزانیین، یان بە هەر بیانوویەک خۆ لە بەرپرسیارەتیی ئەم گێرەشێوێنییە، کە لە هەموو بووارێکەوە ژیانی ئێمەی داتەوەنیوە، بدزینەوە، ئەی چارە چییە و ئەم ڕەوتە ئاڵۆزە تا کەی درێژەی دەبێ و کۆمەڵگەی ئێمە بەرەو کوێ دەبات؟

گەلۆ! تاکی کورد کەی وەخۆی دێتەوە و لەو خەوە سەنگیینە ڕا دەبێ؟ تکایە خۆتان بیری لێ بکەنەوە، هەڵیسەنگێنن و لێکی دەنەوە کە لام وایە ئەگەر هەر تاکێک لە هەر بووارێکەوە کە کار دەکات، بتوانێت بیرکردنەوەی لەم بووارەوە بەڕۆژ بکاتەوە و لەسەر بناخەیەکی ژیرانە و زانستیی خۆی پێ بگەیەنێ، دەتوانێ خزمەتێکی پیشەیی و زانستیی پێشکەش بکات و جێ شوێنی بایەخداری خۆی لەم بووارەدا تۆمار بکات.

بەم هیوایە!

سوید

٠٣/٠٢/٢٠١٢ ... ١٤/١١/١٣٩٠