فاکتەرە جیاوازەکان

فاکتەر یان دیاردەی ناسنامەی کەسیەتیی (هۆویەتی فەردی یانIdentity)

یەکێک لەو فاکتەرانەی کە بە گوێرەی بەشێک لەو لێکۆڵەر و تێئۆریسیێنانەی پێشتر ناوم بردن، کاریگەریی هەیە لەسەر ئیتێگراسیۆنی کۆمەڵایەتی و چۆنییەتی هەڵوێستی کۆچبەرەکان یان بێگانەکان لە وڵاتانی تازەیان، مەسەلە یان دیاردەی ناسنامەی کەسیەتیی (هۆویەتی فەردی یانIdentity) یە کە بەکورتی ئامانج لەو تایبەتمەندییە شەخسییانەیە کە لە ڕەفتار و بیر و بۆچوونەکانی کەسەکاندا ڕەنگ دەداتەوە. گرینگی مەسەلەی هۆوییەت لێردا وەک فاکتەرێکی کاریگەر، زۆرتر نەسلی دووهەمی پەنابەران دەگرێتەوە کە دەکەونە نێوان دوو کولتووری جیاواز و دەیانهەوێت کەسایەتیی ڕاستەقینەی خۆیان لەم نێوانەدا بدۆزنەوە. هەر بۆیەش بۆ وێنە دوو کەس لەو تێئۆریسێنانەی کە پێشتر ناویان برا، واتە میکائیل ستیگێنداڵ و نادر ئەحمەدی وا بیر دەکەنەوە کە شکڵگرتنی ئایدێنتیتی بە گشتیی و بەتایبەتیش لەبارەی کەسێکی سەر بە نەسلی دووهەم بەڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە سەر ئەوەیکە ئەو کەسانەی لە دەورو بەری کەسەکەن چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن و چۆن دەڕواننە ئەوکەسەو چ تێگەیشتنێک یان تەسویرێک لە بارەی ئەو کەسەوە لەخۆیانەوە مونعەکیس دەکەنەوە، بۆ ئەو کەسە و چ کاریگەریەکیان لەسەری دەبێت و هەروەها ئەو کەسەش بەگوێرەی ئەم هەڵسوکەوتەی ئەوان چۆن خۆی و کەسایەتی خۆی لەناو ئەم کۆمەڵگەیەدا پێناسە دەکات. بۆ وێنە ئەگەر ئەو کەسە سەرەڕای ئەوەیکە لەو وڵاتە لەداییک بووە و وەک خەڵکی ئەوێ قسە دەکات و بە هەمان ئەرزشەکان و جیهانبینیی و تەحسیلاتەوە پێگەیشتووە بەڵام تەنیا بەهۆ ڕەنگی دەموو چاویەوە یان بەهۆی ناویەوە وەک پەنابەر چاوی لێبکرێ و بە نرخێکی کەمتر سەیری بکرێت یان بەیەخێکی کەمتری پێبدرێت، ئەوە ئەو ڕەفتارانە کاردانەوەیان لەسەر کەسایەتیی ئەو کەسە دەبێت و ئەویش لە چاوی ئەوانەوە یان بەقەلی خۆمان بە چاویلکەی ئەوانەوە سەیری خۆی دەکات و خۆی هەر وەک پەنابەر دەبینێت واتە خۆی بە بەشێک لەو کۆمەڵگەیە نابینێت کە ئەوەش خۆی کاریگەریی نێگاتڤی (نەرێنی) لەسەر سۆسیان ئینتێگراسیۆنی ئەو کەسە یان کەسانە دەبێت. بە واتایەکیتر کاردانەوەکانی ئەو هەڵسوکەوتە نەرێنییانە دەبنە هۆی کێشانی سنوورێکی دیار لەنێوان پەنابەران بە هەموو نەسلەکانیانەوە لەلایەک و کۆمەڵگەی خانەخوێ یان میزبان لە لایەکیتر.

فاکتەرەی کولتوور

لەبارەی چۆنیەتی کاریگەریی ناکۆکییە کولتووریەکانەوە لەسەر پەنابەران و بەتایبەتیش لەسەر نەسلی دووهەم، فرانزێن و ئالڤوود لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو کەسانەی کە بە هەلو مەرج و باکگراوەندێکی جیاوازەوە گەورە دەبن یان پەروەردە دەبن، هەم لەبوواری چۆنییەتی تێگەییشتن لە دنیای دەوروبەریان و هەم لە بوواری توانایی و لێزانییەوە کە دەکرێ هۆکاری سەرکی پێشکەوتنیان بێت، جیاوازیی سەرەکییان تێدا پێک بێت. ئەم خاڵە گرینگانە بە نۆرەی خۆیان دەتوانن بە گوێرەی بەرزیی و نزمیی ئاستی تواناییەکان و لێک تێگەییشتنەکان، هەرکام لە کارئاسانی و گرفت بۆ کەسەکان درووست بکەن. واتە باکگراوەند و تەجرەبەی کۆمەڵگە و کولتووری جیاواز دەتوانێ تەجرەبە، تێگەیشتن و جیهانبینیێکی جیاواز لە کەسەکاندا بخوڵقێنێ و ئەم جیاوازییەش دەتوانێ ببیتە هۆی خراپ لێک حاڵیبوون بە شێوەیەک کە بێباوەڕی و کاردانەوەی خراپی لەسەر دوو لایەنی جیاواز هەبێت. بەڵام شتێک کە لێرەدا گرفتی نەسلی دووهەم لە نەسلی یەکەم زیاتر جیاواز دەکاتەوە ئەوەیە کە نەسلی دووهەم ئەم گرفتەیان تەنیا لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیە نییە کە بۆ بنەماڵەکەیان و بۆ کولتوور و ئایینەکەیان بێگانە و جیاوازە، چوونکە ئەو کۆمەڵگە و وڵات و کولتوورەی کە بۆ نەسلی یەکەم ئەوەندە بێگانە و جیاوازن، بۆ نەسلی دووهەم بەم شێوەیە نیینە و بگرە لە زۆر بووارەوە ئەو نەسلە خۆی لەوانەیە لەو کولتوور و وڵات و کۆمەڵگەیە بە نزیکتر بزانێت. کەوابێ لیرەدا گرفتێکیتر کە بۆ نەسلی دووهەم مەترەحە، گرفتی جیاوازیی تێگەیشتن و جیهانبینی نەسلی دووهەمە لەگەڵ بنەماڵەکەی لەبابەت ئولگوی خانەوادەیی جیاواز و ئەو بەها و ئەرزشانە کە لە کولتووری سوونەتی و بنەماڵەی سوننەتی ڕۆژهەڵاتییدا هەن بەڵام لە وڵاتێکی ڕۆژئاواییدا بەرەنگاری بەها و جیهانبینییەکانی کۆمەڵگەیەکی سەردەمی و مۆدێرن دەبنەوە. لەو حاڵەتەدا کەسانی سەر بە نەسلی دووهەم بە گوتەی فرانزێن و ئالڤوود، خۆیان لە دوو ڕێیانییەکی ناخۆش کە دوو ڕێیانی بەها کولتوورییەکانی سوننەتی خانەوادەکەی لە لایەک و کۆمەڵگەیەکی ڕۆژئاوایی سەردەم بە تێگەییشتن و بەهای سەردەم و جیاوازەوە دەبیننەوە کە دەست هەڵگرتن یان چوون بۆ لای هەرکامیان، ئەو کەسانە لە قۆناخی دووبەرەکی و بەربەرەکانی لە بەرامبەر لایەنەکەیتردا قەرار دەدا و ئەوە بۆحرانێکی هۆویەتی لەو کەسانەدا پێک دێنێت کە نازانن بە کام لایەندا بشکێنەوە بۆ ئەوەی تووشی بەرنگاربوونەوە و کۆنفلیکت لەگەڵ هیچکام لەو دوو لایەنە نەیەن. کەواتە ئەو نەسلە بۆ ئەوەی خۆی لەو بۆحرانە قوتار بکات، مەجبوورە لە ماڵێ نەخش و ڕۆڵێک بگێڕێت و لە کۆمەڵگاو ناو مەدرەسە و هەڤاڵەکانیشی نەخشێکیتر. ئەوە لەکاتێکدایە کە هەرکام لەو دوو لایەنی کۆمەڵگە و بنەماڵە چەنگیان لەو مناڵە یان گەنجەی نەسلی دووهەم قاییم کردووە و بۆ لای خۆی دەکێشن. واتە لەکاتیکا دۆستان و هاوکلاسییەکانی نەسلی دووهەم وێڕای سیستەم و کۆمەڵگەی خانەخوێ چاوەڕوانی لە کەسی سەر بەم نەسلە دەکەن و سیگناڵی دەدەنێ کە واز لە بەها کولتووری و سوننەتییەکانی خانەوادەکەی بێنێ و پشتیان تێبکا و بە بەهاکانی ئەو کۆمەڵگەیەو ساخبوونەوەی فکر و ژیانی خۆی لەو کۆمەڵگەیەدا بێت، لەهەمانکاتد دایک و باوک و بنەماڵەکەی چاوڕوانن کە پێڕەوی لە داب و نەریتەکانی خانەوادەو کولتوور و ئایینی خۆی بکات و پێیان وەفادار بێت. کەوا بوو ئەو کەسە ڕێک دەکەوێتە ناو ئەو کۆنفلیکت یان ناکۆکییە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەر تێگەیشتن لە تاک و مافەکانی لە کولتوورێکی سوننەتی رۆژهەڵاتی و کولتووری بە مۆدێرنکراوی رۆژئاوایی کە لەسەر ئەساسی لیبێرال دێموکراسی و تاکەکەسگەرایی یان ئیندیڤیدوئالیزم (Individualism) دامەزراوە.

فاکتەری ئایین

فرانزێن و ئالڤوود لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئایین یەکیکیتر لەو فاکتەرانەن کە لە خانەوادە سوننەتییەکاندا دەتوانێ یەکێک لە هۆکارەکانی گرفتی مناڵانی نەسلی دووهەمی ئەندامی ئەم جۆرە بنەماڵانە بن. ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو گرفتە کاتیک ڕووبەڕووی جنسی مێینە واتە کچەکان ببێتەوە زۆر گەورەترە لەوەیکە جنسی نێرینە لە هەمان نەسل تەجرەبەی دەکات. یەکێک لە هۆکارەکان بە وتەی ئەم تێئۆریسێنانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە کولتوور و ئایینی خەڵکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوە زۆر گرینگە کە کچ نابێت بەر لە زەماوەند پێوەندیی خۆی لەگەڵ کوڕ قووڵ بکاتەوە یان هاتوچۆی دۆستانەی یان پێوەندیی خۆشەویستیی دەگەڵدا هەبێت. خۆی وەها پێوەنیێک بەتایبەتی لەو شوینانەی کە ئەو کەسە دەگەڵ کۆمەڵێکی زۆری پەنابەران لە دەوروبەری خۆیدا دەژیت، دەتوانێ زۆر جار بوحران و بێئابڕوویی و شایعە یان قسەڵۆک و ناوبانگی خراپی بۆ بنەماڵەکان و بۆ کەسی پێوەندیداریش بەدواوەبێت. دیارە لەم پیوەندییەدا ئاماژە بەوە دەکرێت کەئایینی ئیسلام لەو بارەوە سەختگیرترە و بەهایێکی زۆر بە پێوەندیی ئەخلاقی دەدات، بۆ وێنە لە ڕووانگەی ئیسلامەوە، کەسەکان بە ئیزدواج و پێکهێنانی خانەوادە، نیوەی دینیان کامڵ دەکەن. ئەو ڕوانگەیە وادەکات کە زۆر جار لە نێوان نەسلی دووهەم کە بە جیهانبینیێکیتر لە دەرەوە گەورە بووە کێشە و بۆحرانی زۆر گەورە بنێتەوە کە کێشەو قەتڵەکانی نامووسی دەکرێت یەکێک لەو گرفتانە بن.

فاکتەری بنەماڵە

یەکێک لە جیاوازییە سەرەکیەکانی کە ئێلیاس فرانزێن و مارتین ئالڤوود لە بارەی فاکتەری خانەوادەوە ئاماژەی پێدەکەن، جیاوازیی ئولگوی پێوەندیی بنەماڵەییە لە نێوان ئەندامانی بنەماڵە، کە ئەویش بریتییە لەوەیکە پێوەندیی ئەندامانی خانەوادە لە خانەوادەیەکی ڕۆژئاواییدا لەسەر ڕێزی بەرامبەری ئەندامانی خانەوادە بۆ یەکتر لە لایەک و تەوافوق لەگەڵ یەکتر لە نێوان داییک و باوک و مناڵەکانییانە جا چ لەبوواری پەروەردەوە بیت یان خود لە بوواری ئەرک و مافەکانەوە بێت کە لێرەدا نامهەوێ بچمە ناو قوڵایی ئەو مەسەلەوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەو پێوەندییە لە کولتوور و بنەماڵەیەکی ڕۆژهەڵاتییدا لەسەر ئەساسی گەورەیی و چووکەییە کە سیستەمی باوکسالاریی و گەورە سالاری و ڕێز لێنانی گەورەکان و بەرپرسیارەتیی گەورەکان بەسەر چووکەکاندا لەسەر مناڵەکان پێڕەو دەکرێت. ئەگەر کەسێک لە ئەندامانی بنەماڵە ئەو نۆرمانە بشکێنێت ئەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەرەنگاری کاردانەوەی نێگاتیڤی ئەندامانی بنەماڵە دەبێتەوە و دەتوانێ بوحران و تیکهەڵچوون لەناو بنەماڵەدا درووست بکات و خۆی ژیان لە وەها بنەماڵەهایەکدا لە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرندا کە ئەرزشهایەکیتری تێدا پێڕەو دەکرێت، بۆ نەسلی دووهەم و بەتایبەتییش بۆ کچەکان کە بە پێی ئۆلگوی بنەماڵە و کولتووری سوننەتی، ئەرکی خزمەتکاریی لەناو ماڵدا زیاترە لە کوڕ، کۆمەڵێک گرفت دەنێتەوە کە ئەو نەسلە لە بەرەوپێشچوون و هاوپێوەستبوون دەگەڵ هاوتەمەنەکانی لە کۆمەڵگەی خاوەنخوێ سنوورداردەکاتەوە.

فاکتەری هەڵاواردن و ڕەگەزپەرەستی (ڕاسیسم)

لەبارەی ئەم دوو فاکتەرە لیک نزیکە واتە هەڵاواردن یان تەبعیز و ڕاسیسمەوە دەبێ بڵێم کە هەڵاواردن دیاردەیەکی کردارییە و بەو ڕەفتار و هەڵسوکەوتانە دەوترێت کە جۆرێک لاگیریی و جیاکەرەوەیی نەرێنی پێوەدیارە بەڵام ڕاسیسم ئایدۆلۆژیێکە کە بە پشتیوانیی کۆمەڵێک ئیدەوە پشتیوانی لەم هەڵاواردنی ڕەگەزیی و نەژادیی دەکات و بێجگەلەوەش زۆر بەرفراوانترە لە هەڵاواردن. واتە دەکرێت راسیسم بەشێک بێت لە هاڵاواردن بەڵام هەر ڕەفتارێک کە بە هاڵاوادن بیتە ئەژمار، ئایدۆلۆژیی یان گرووپێکی ئایدۆلۆژیکی لە پشت نییە.

یەکێک لە تێئۆریسیێن و لێکۆڵەرە مەترەحەکانی ئەوڕۆی سوئێد، مەسعوود کەماڵی یە کە ڕاو سەرنجەکانی لەسەر مەسەلەی ئینتێگراسیۆن لەلایەن پارلەمانی سویدەوە زۆر بە جیددی وەرگیراوە. کەماڵی کە چەندین لێکۆڵینەوەی لە مەڕ ئیتێگراسیۆنی کۆمەڵایەتی و سیاسی کردووە، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە زیاد بوونی دیاردەی سێگرێگەیشن یان هاڵاواردنی نەژادی لە ئەورووپا خۆی پیشاندەری پێڕەوکرانی هەڵاواردنی سترۆکتوورییە و ئەوە جێگەی نیگەرانییە. مەبەست لە هەڵاواردنی سترۆکتووری یان ساختاری ئەوەیە کە هاڵاواردن یان تەبعیز لە هەموو بووار و شوێنەکانی کار، شوێنەکانی ژیان و نیشتەجێبوون، دابەشکرانی ساختارەکانی کۆمەڵگە، سیستەمی خوێندن، مێدیا، ڕاپۆرت و هەواڵ و تەنانەت لە ناو یاسا و دادگا، و سیستەمی سیاسەتیشدا پێرەو دەکرێت کە ئەوە گرینگترین هۆکاری قووڵکردنەوەی جودایی خوازی یان لێجیاکردنەوەیە لە نێوان دیاردە و چەمکی ناودار لە نێو ڕەگەزپەرستەکان واتە دیاردەی "ئێمە و ئەوان" ە و یەکیک لە وتەکانی کەماڵیش بەگشتی لەمبارەوە ئەوەیە کە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی یان کۆمەڵگەیەک کە نەتوانێ یان بەو قەناعەتە نەگەیشتبێت کە راسیسم و هاڵاواردنی نەژادی لەناوخۆیدا وەلا نێت یان لەناوی ببات، ئەوە بێگومان لەبابەت مەسەلەی ئینتێگراسیۆنەوەش شکست دێنێت.

دیارە وتەکانی کەماڵی بەرەنگاربوونەوەیکی بەرفراوانیشی لەلایەن زۆریەک لە نووسەران و لیکۆڵەرانی سویدیەوە بەخۆوە بینی بۆ وێنە یەکیک لەو ڕەخنانەی کە لەلایەن کارل ئارنستبێری بەرەنگاری کەماڵی بۆوە ئەوە بوو کە ئەگەر هەڵاواردنی ساختاری بەو ڕادەیە لێرە پێڕەو دەکرێت، ئەی چۆنە کە ئەو هەموو بێگانەیە، چ لە بوواری سیاسی و چ لەبوواری کار و نێشتەجێبوون و خۆشگوخزەرانییەوە ڕوو لەو وڵاتانە دەکەن و چەندین ڕەخنەیتریش کە من زۆر ناچمە سەر ئەو باسەوە.

فاکتەری جوداسازیی نەژادیی یان سێگرێگەیشن (Segregation)

جوداسازیی (سێگرێگەیشن) لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون بەتایبەتییش لەسەر پرۆسەی سۆسیال ئینتیگراسیۆنی گەنجەکان کە لەم شوێنانەدا زۆرتر پەنابەر یان خەڵکی بێگانەی لێدەژیی و بێجگەلەوەیکە گەنجەکان فێری زمانێکی باش نابن، هەروها له لێکتێگەیشنی کولتووری و ئاشنا بوون بە بەهاکانیتری سیستەمیکی کۆمەڵایەتی رۆژئاوایی دووریان دەخاتەوە و لەو ناوچانەدا لە ڕاستیدا کۆمەڵگەیەکی بچووکی ڕۆژهەڵاتی نیشتەجێیە و ئەوەش دەتوانێ ڕۆڵێکی زۆر نەرێنی بۆ خەڵکان و بەتایبەتیش گەنجەکانی ئەو شوینە پەراویزخراوانە هەبێت. و ئەو ئەوان زۆرتر هۆگری تێکەڵاوبوون و گرووپسازی لەگەڵ پەنابەرەکان بن هەتا لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەو وڵاتە. خۆی ئەوەش یەکێکە لە مەترسییەکانی تری سەر گەنجانی ئەو بەشە دابڕاوانە کە بە هۆی دیاردەی سێگرەگەیشن دەتوانێ وەرگرتنی ئۆلگوو یان نموونەوەرگرتنی خراپی بۆ گەنجەکان هەبێت لەو ناوچانە بە هۆی ئەویکە زۆربەی خەڵکانی ئەم بەشانە پەنابەرن و بەشێکی زۆر لەوان خاوەنی کاری باش و خوێندەوارییەکی زۆر نیین و ئەوەش بەگوێرەی بەشێک لە لێکۆڵەرەکان، جگە لە پەراوێزخستن، دەتوانێ هەروەها ئۆلگووبەرداری نێگاتیڤی لەلایەن ئەو گەنجانە لێبکەوێتەوە کە بە نۆرەی خۆی ئاستەنگێکی گەورە دەبێت لە بەرەوپێشچوون و لێکتێگەییشتن و هاوپێوەستبوونیان لەگەڵ کۆمەڵگە و وڵاتی نیشتەجێبوویان.

فاکتەری کاتی ئازاد (Leisur time, spare time)

بەگوێرەی بەشێک لە لێکۆڵەرەکان لەوانەش نیلسسۆن، ڕۆیاس، یازگان و ئۆلوند، کاتی ئازاد و ناوەندەکانی پێوەندیدار بە کاتی ئازاد وەک ناوەندە وەرزشی و هونەرییەکان یەکێک لە گرینگترین فرسەت و هەلەکانن بۆ تێکەڵاوبوون و بەرەوپێشچوونی نەسلی دووهەم کە دەتوانێ یەکێک لە رۆڵ یان نەخشە سەرەکییەکان بگێڕن لە بابەت مەسەلەی سۆسیال ئیتێگراسیۆن. ناوەند و سەندیکا یان یانەکانی وەرزشی، موزیک و هونەو کە لەوانەش بەتایبەتی وەرزش کە بە دیاردەیەکی بێسنوور ناوزەد دەکرێت، دەتوانێ نەخشێکی پۆزەتیڤی لە بەیەکتر ناساندن و لیکتێگەیشتن و پڕکردنەوەی کاتی ئازادی گەنجەکان و هەروەها بۆ ئاشنا بوون لەگەڵ کۆمەڵگە و کولتوور هەبێت و لە بەرەوپێشچوونی زمانیش دا هاوکاریی باشیان بدات و لەم بارەوە ئەو وتە ناودارە دێننەوە کە دەڵین زمانی وەرزش زمانێکی جیهانییە و هەموو کەسێک دەتوانێ لیی تێبگات و بەم هۆیەوە لێکیش تێبگات.

کورتەی باسی تێئۆرییەکان

ئەگەر بە کورتی ئاماژە بکەم بە تێئۆرییەکانی پێوەندیدار بە سۆسیال ئینتێگراسیۆن لەبابەت نەسلی دووهەمی پەنابەران، دەکرێ بە کورتی بڵێن سۆسیال ئینتێگراسیۆن پرۆسەیێکە کە لەم وڵاتانی رۆژئاوایی باسێکی ئاکتوئێلە کە کۆمەڵگە خانەخوێکان لە ڕێگەی کۆمەڵێک چارەسەریی و فرسەت وەک فێربوونی زمان، خوێندن، کار وکاتی ئازاد بۆ لێکتێگەیشتن و ئاشنابوونیان بە ژیان و بەها بنەڕەتییەکان و کولتووری وڵاتەکانیان، تاک و گرووپە تازەکان ئاوێتە و تێکەڵاوی خۆیان دەکەن. وەک باسم کرد ئەم دیاردەیە پرۆسەیەکی دوولایەنەی لە نێوان قشری پەنابەران و خەڵکی کۆمەڵگەی خانەخوێ، و پێویستە خانەخوێ لە ڕێگەی ڕەخساندنی فرسەت وهەلە پێویستەکان بە یەکسانی هەلومەرجی پێویست بۆ بێگانەکان بخوڵقێنێ و قشری پەنابەریش لەم فرسەت و هەلانە بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ کەڵک وەرگرێت و تواناییەکانی خۆی لەم بووارەو لەمەر لێک تێگەیشتن و خۆ بەرەوپێشبردن نیشان بدات.

دیارە من ئەو تێئۆرییانەم دابەشکردوون بۆ ئەو فاکتەرە گرینگەکانی کە کاریگەرییان هەیە لەسەر مەسەلەی هاوپێوەستبوونی نەسلی دووهەم کە ئەم نەسلە زۆربەی گرفتەکانی خۆی لەم بووارانەدا تەجرەبە دەکات کە ئەوانەش بریتیین لە: دیاردەی ناسنامەی کەسیەتیی (هۆویەتی فەردی)، فاکتەرەکانی کولتوور، ئایین، بنەماڵە، هەڵاواردن و ڕەگەزپەرەستی (ڕاسیسم)، جوداسازیی نەژادیی یان سێگرێگەیشن و هەروەها فاکتەری کاتی ئازاد کە لەم ناوەدا هەرکام لەم فاکتەرانە نەخشی تایبەتیی خۆیان هەیە و سنووردارکردنەکانی بنەماڵەیی، لێکتینەگەیشتنەکانی کولتووری و ئایینی لەلایەن بەرەی بێگانەکان یان پەنابەران و ڕاسیسم، سێگرەگەیشێن و هەڵاواردنیش لەلایەن بەشێک لە کۆمەڵگەی خانەخوێوە ئەو دیاردەو فاکتەرە نەرینیانەن کە گرفتی سۆسیال ئیتێگراسیۆن قووڵتر دەکەنەوە و فاکتەری کاتی ئازادیش ئەو فاکتەرە پۆزەتیڤەیە کە دەتانی لە ڕێگەی چەند چارەیەکی وەک وەرزش و موزیک و هونەر و شتیتریش لەم پێوەندییەدا یارمەتیدەرێکی باش بن بۆ نەسلی دووهەم. دیارە لەوانەیە جیا لەوانەی ناوم بردن و تێکم هەڵکوشین فاکتەریتریش هەبن بەڵام من ئەانەم بە گرینگترینەکان لەمەڕ نەسلی دووهەم ناسیون و ئاماژەم پێکردن.

ئاکامەکانی لێکۆڵینەوەکەی من

ئەوەی لێرەدا پێویستە بە کورتی لەبابەت ئاکامی ئەو لێکۆڵینەوەیە بیڵیم ئەوەیە کە ئەو حەوت کچە کە باکگراوندێکی کوردی و سیاسییان لەپشتەوەبوو، زۆرینەیان بۆیان سەخت بوو کە خۆیان وەک کورد یان سویدی بناسێنن و خۆیان بە گوێرەی شوێن و هەل و مەرجێک کە تێیدا بوون وەک سویدی یان کورد دەناساند. بۆ وێنە لەماڵ و لەناو خزمان و کوردەکان خۆیان وەک کورد و لە مەدرەسە و لەناو هەڤاڵەکانیان خۆیان وەک سویدی دەناساند کە ئەوەش لەگەڵ تێئۆرییەکان لەم بارەوە یەکتر دەگرنەوە (دەخوێنێتەوە). هەر لەم بارەوە دووکەس لەو کچان بە پێچەوانەی ڕای تێئۆریسێن و لێکۆڵینەوەکانی پێشووش، خۆیان لە هەموو هەلو مەرجێکدا وەک کورد دەناساند و لە هۆوویەتی خۆیان وەک کورد خاترجەم بوون. لەبابەت تێگەیشتنی ئەوان لە بابەتی ئینتێگراسیۆن، بە کورتی هەموویان تێگەیشتنێکی درووستیان لەمەڕ ئەم دیاردەیە هەبوو و تێگەیشتنەکانیان لەگەڵ پێناسەی تێئۆریسێنەکان لەم بارەوە یەکتری دەگرتەوە. هەروەها ئەوان دیاردەکانی راسیسم و هاڵاواردن بە ڕێگر لەبەرامبەر سۆسیال ئینتێکگراسیۆن و هاوپێوەستبوونی خۆیان دەزانن و چەندین فاکتەری وەک سیستەمی دێموکرات کە یەکسانی و ریز لە مافەکانی مرۆڤ لە کاتەگۆرییە سەرەکییەکانی ئەو سیستەمەن و هەرەها کۆمەڵگەی ئاوەڵا و فرسەتەکانی وەک خوێندن و کار و کاتی ئازاد بە فرسەت و هەلەکانی پرۆسەی هاوپێوەستبوون دەژمێرن.

یەکێک لە ناکۆکییەکانی کە لەم لیکۆڵینەوەیەدا بۆ من چاوەروانکراو بوو ئەوە بوو کە لە بۆچوونەکانی بەشێک لەو کچانە لەمەڕ گرفتەکانی خۆیان لەبابەت دیاردەی ئیتیگراسییۆن دووگانەگییەک بەرچاو بوو کە ئەویش ئەوە بوو کە ئەو کچانە ئاماژەیان بە کۆمەڵێک ئاستەنگ و گرفتی نەسلی دووهەم لەمەڕ ئازادیی و فرسەتەکانی کولتووری و ئایینی و بنەماڵەییەوە لەسەر گەنجانی پەنابەر دەکرد بەڵام کاتیک پرسیارەکە دەهاتە سەرخۆیان، ئەو گرفتانەیان لە ژیانی خۆیاندا ئینکار دەکرد و هتد.

لە کۆتاییدا بە خوێندنەوەی من بەگشتی سی فاکتەری سەرکی هەن کە ڕۆڵێکی دوولایەنە دەگێڕن لە نێوان بێگانەکان یان خەڵکی میوان و کۆمەڵگەی خانەخۆێ لەبابەت سۆسیال ئینتێگراسیۆنی نەسلی دووهەم کە فاکتەری یەکەمیان بریتییە لە فرسەتەکان و ڕەفتار و هەڵسوکەوتی کۆمەڵگەی خانەخوێ لە هەمبەر بێگانەکان بە گستی و نەسلی دووهەم بەتایبەتی، فاکتەری دووهەم بریتییە لە تێگەیشتن و پێگەیشتنی بنەماڵە بێگانەکانە لە زمان و کولتوور و بەها وسیستەمی خانەخوی، فاکتەری سێهەمیش بریتییە لە ڕادەی ویست، تێگەیشتن و تووانایی تاکەکان لە خۆیان و دەوروبەریان بۆ ئەوەی باڵانسی ژیان و هەل و مەرجی خۆیان لە نێوان دوو کەلتووری جیاوازدا ئیدارە بکەن و هەل و فرسەتەکان بە باشی بقۆزنەوە و لەدەستیان نەدەن.

ڕێبەندانی ٢٠١١ / سوید

سەرچاوەکان:

Addo, T. & Svensson, L. (2003), Ungdomar i vardagens vän. En sociologisk studie av ungdomars gruppbildande i en storstadsförort. Lund: Studentlitteratur.

Ahmadi, Nader, (2003), Ungdom, kulturmöten, identitet, Stockholm: Liber AB.

Ahokas, Laura, (2010), Att främja demokratiskt deltagande och integration bland invandrare, Epace temapublikation.

Allwood Martin, Carl & Franzén C. Elsie, (2000), Tvärkulturella möten: grundbok för psykologer och socialarbetare, Natur och kultur.

Arnstberg Olov, Karl, (2008), Sverige och invandringen, Studentlitteratur AB.

Berggren, Leif, (2000), Fritidskulturer, Lund: Studentlitteratur.

Kamali, Masoud, (SOU 2006), Den segregerande integrationen, Om social sammanhållning och dess hinder, rapport av utredningen om makt, integration och strukturell diskriminering, Stockholm.

Regeringens proposition (1997/98:16), Sverige, framtiden och mångfalden – från invandrarpolitik till integrationspolitik.

Rojas, Mauricio, (2001), Sveriges oälskade barn. Att vara svensk men ändå inte. Smedjebacken, Brombergs.

Stigendal, M. (1999), Sociala värden i olika sociala världar – Segregation och integration i storstaden. Lund: Studentlitteratur.

Ålund, Aleksandra, (1997), Multikultiungdom, Kön, etnicitet, identitet, Studentlitteratur, Lund.