سوورکێو زەکی

سەرەتا بە پێویستی دەزانم ئەوە بە خوێنەرانی بەڕێز ڕابگەیەنم کە ئەو بابەتە وەک باسێک ئامادەکراوە و لە ڕۆژی پێنج شەمۆ ١٠/ ٢ / ٢٠١١ ی زایینی، بەرامبەر بە ٢١ / ١١ / ١٣٨٩ لە کۆبوونەوە یان کۆڕێکی پاڵتاکی ئەنجوومەنی قەڵەم پێشکەش کراوە.

بابەتی ئیتێگراسیۆن، باسێکە لەسەر لێکۆڵینەوەیەکی چۆنایەتیانە لە بابەت کاریگەریی ژیانی دوو کولتووریی لەسەر پڕۆسەی ئینتێگراسیۆن(هاوپێوەستبوون، ئاوێتەبوون)ی نەسلی دووهەمی پەنابەران لە تاراوگەدا. لەم باسەدا وێڕای ئاماژەیەک بە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکە، تیشک دەخرێتە سەر ئەو تێئۆریانەی کە پێوەستن بە ئینتێگراسیۆن و گرفت و ئاستەنگەکانی نەسلی دووهەمی پەنابەران لە نێوان هەر یەک لە کولتوور و ئەرزشەکانی بنەماڵەیی و بێگانەدا لەلایەک و فرسەت و هەلەکانی ئەم نەسلە لە تاراوگە لە لایەکیتر. هەروەها دەرک و تێگەیشتنی ئەم بەرەیە لە مەسەلەی ئینتێگراسیۆن و ئاکامەکانی لێکۆڵینەوەکە بەشیکیتری ئەم باسە دەبن

دیارە ئەو باسە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی بڕوانامەی خۆم لەبابەت پڕۆسەی ئینتێگراسیۆنی نەسلی (بەرەی) دووهەم کە لە نێوان دوو کولتوور و بنەما و جیهانبینی جیاوازدا دەژیین، دامەزراوە و هەروەک دەزانن لێکۆڵینەوەش کە بە چەندین قۆناخی جۆراوجۆری وەک باکگراوند، پرسیار و ئامانجەکان، لێکۆڵینەوەکانی پێشوو، تێئۆرییەکان، وتووێژ و دەستکەوت یان دەرەنجامەکان و بەراوردکردنی دەرەنجامەکان لەگەڵ هەرکام لەو قۆناخانە و باسی کۆتاییدا تێپەڕ دەبێت، باسێکی دوور و دریژە و لەوانەیە کاتێکی زۆری پێویست بێت. هەر بۆیەش من هەوڵ دەدەم وێرای ئاماژەیەکی کورت و گشتیی بە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکە، بچمە سەر تێئۆریەکانی پێوەست بە ئیتێگراسیۆن.

لەبابەت چوارچێوە و سنووری لێکۆڵینەوەکە بەگشتی پێویستە ئاماژە بەوەندە بکەم کە لێکۆڵینەوەکە بە شێوەی موساحبەی یان وتووێژ لەسەر بنەما یان ستروکتووری چۆنایەتی داڕێژراو و بە شێوەیەکی تێماتیک واتە مەوزووعی و بە مێتۆدی فێنۆمێنۆلۆژی لەگەڵ ٧ کچە کوردی نەسلی دووهەم کە بنەماڵەکانیان باکگراوندێکی سیاسیان هەبووە، ئەنجام دراوە و لێرەدا بۆ خۆ پاراستن لە درێژبوونەوەی باسەکە ناچمە ناو مەسەلەی مێتۆد و وتووێژەکان یان موساحبەکان و زۆرتر هەوڵدەدەم پاش ڕوونکردنەوەی چەند وشە یان چەمکی پێوەست بە باسەکەوە، بچمە سەر تێئۆری و ڕووانگەکانی ئەم باسە و پاشانیش بە کورتی چاوێک دەخشێنم بەسەر ئاکام و دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکە.

سێ پرسیاری سەرەکی کە لەو لێکۆڵینەوەکەدا هاتوون بریتیین لە:

1. ئینتێگراسیۆن چ واتایەکی هەیە بۆ ئەو کچە پەنابەرانە، یان بە واتەیەکیتر تێگەیشتنی ئەوان لەم دیاردەیە چیە؟

2. ئەو گەنجانەی کە باکگراوندێکی بنەماڵەیی سیاسی و پەنابەرییان هەیە، چۆن پرۆسەی ئینتێگراسیۆن تەجرەبە دەکەن و دەگەڵی دەژیین؟

3. بەربەست و گرفتەکان و هەروەها فرسەت و هەلەکانی ئەو کەسانە بۆ هاوپێوەستبوون لەگەڵ دەوروبەریان لەم پرۆسەیەدا چیین؟

دیارە دیاردەی ئینتێگراسیۆن، و بە ئاکتوئێل بوونی ئەم باسە وەک گرفتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی زۆرتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دوو سێ دەیەی ئەخیر و هەر بۆیەش ئەو تێئۆریسیێنانەی کە لە ئێئۆریی و بۆچوونەکانیان کەڵک وەرگیراوە زۆرتر لێکۆڵەر و کۆمەڵناسەکانی ئەو سەردەمەی سویدن کە دەکرێت لەوانەش ئاماژە بە ناوەکانی ئاددۆ و سڤێنسۆن، لائورا ئاهوکاس، نادر ئەحمەدی، میکائیل ستیگێنداڵ، ئێلیاس فرانزێن و مارتین ئالڤوود، کارل ئارنستبێری، لەیف بێریگرێن، فوئاد دێنیز، مەسعود کەمالی، ڕۆیاس، یازگان و ئەلەکساندێر ئۆلوند.

بۆ ئەم مەبەستە بە پێویستی دەزانم سەرەتا مانا یان تاریفی چەند ووشەیەک ڕوون بکەمەوە کە بریتیین لە: ئینتێگراسیۆن لە بوواری کۆمەڵایەتیی و سیاسییەوە(integration)، سێگرێگاشون(segregation)، پرۆسەی ئینتێگراسیۆن، کولتوور، نەسلی یەکەم و دووهەمی پەنابەران(first- and second-generation) .

بەر لە تاریفی ئینتێگراسیۆن پێویستە ئاماژە بەو خاڵە گرینگە بکەم کە مەبەستی من لە ئینتێگراسیۆن لەو باسەدا، سۆسیال ئینتێگراسیۆن یان هاوپێوەستبوونی کۆمەڵایەتییە، لەبەر ئەوەیکە بەشێک لە تێئۆریسێنەکان لەوانەش جێری مانگان (Gerry Mangan) کۆمەڵناسی ئیرلەندی، ئینتێگراسیۆن دابەش دەکەن بە سەر چەندین فۆرمی جیاوازدا کە دەکرێت لەوانەش ئاماژە بکەیین بە ئێنتێگراسیۆنی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، دێمۆگرافی و ئەخلاقی کە مەبەستی من لێرەدا هەروەک ووتم سۆسیال ئینتێگراسۆن یان هاوپێوەستبوونی کۆمەڵایەتییە.

ئینتێگراسیۆنی کۆمەڵایەتی: بە گوێرەی پێناسە یان تاریفێک کە بەشێکی زۆر لە تێئۆریسیەنەکان لەسەری کۆکن، مەبەست لە ئینتیگراسیۆنی کۆمەڵایەتی پێکەوەبوون، هاوپێوەستبوونی یان ئیدارە و ڕێنوێنیکردن بۆ پێکەوەبەستنەوەوی هەموو هاوبەشبە جیاوازەکانی کۆمەڵگە یان وڵاتێکە تا هەموو بەیەکەوە بەکەڵک وەرگرتن لە فرست و هەل و کەرستەکانی هاوبەشیان بەشی کامڵ یان تەواوی کۆمەڵگە درووست بکەن کە دیارە لێک تێگەیشتن و ڕێز لەیەک نان بەتایبەتی لەبوواری کولتووری و فرەچەشنی ئایینی و ڕەگەزی دەتوانێ لە فاکتەرە کاریگەر و گرینگەکانی هاوپێوەستبوونی کۆمەڵایەتی یان سۆسیال ئینتێگراسیۆن بن.

ئینتێگراسیۆنی سیاسی: بەم سیاسەت، قانوون و ئیستراتیژیانە دەوتریت کە لە ڕێگەیانەوە هەوڵ دەدرێت کە هەموو هاووڵاتیان بەبێ هیچ جیاوازیەکی ڕەگەزی، ئێتنیکی یان ئایینی ماف و بەرپرسیارەتیی و هەلی هاوشێوەیان پێبدرێت لە بەشداربوون، لە بڕیاردان، بنیاتنان و بەرەوپێشچوون و بەرەوپێشبردنی خۆیان و وڵاتەکەیان. هەروەها هەموو بەبێ جیاوازی دەستیان بەو کەرستانە ڕابگات کە پێویست و پەیوەستن بەم بووارەنەوەی ناویان برا. دیارە خراپ نییە کە ئاماژەیەکیش بە وشەی سێگرێگاشون (segregation) بکەیین کە چەمکی پێچەوانەی ئینتێگراسیۆنە و بە واتای هەڵاواردن و تەبعیزی نەژادییە و بە شێوازگەڵێکی جیاواز و لەوانەش لە شوێنی کار و مەسکەن، خوێندن و بەشداریپێکردنی سیاسی و ئابووریدا خۆی دەبینیتەوە.

پرۆسەی ئینتێگراسیۆن بریتییە لەم پرۆسەیە کە بە شێوەیەکی دوو لایەنە، واتە لایەنی خانەخوێ و لایەنی تازە هاتوو یان میوان، هەوڵی خۆ پێکەوەگونجاند و خۆ ڕێکخستن بۆ بەیەکەوە ژیان دەدەن بەپێی ئەو هەل و مەرجە تازەیە کە هاتۆتە ئاراوە و لایەنە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لەم پرۆسەیەدا فێری یەکتر تەحەممولکردن و ڕێزگرتن لە یەکتری دەبن. دیارە ئەو پرۆسەیە بۆ پەنابەرەکان بریتییە لە فێربوونی زمان و خوێندن و کار و ئاشنابوون و ڕێزگرتن لە بەهاکانی کۆمەڵگەی تازە و کۆمەڵێک شتیتر و بۆ لایەنی خانەخوێش بریتییە لە ناسین و ڕێز لێنان و فرسەتپێدانی یەکسان بەو کەسانە، لە پێناو ژیانێکی ئارام و کەڵک وەرگرتنی هەردووک لایەن لە تواناییەکانی یەکتر.

کولتوور بە کۆی ئەو داب و نەریت یان نۆرم و بەها کۆمەڵایەتییانە دەوترێت کە لە لایەن بەهاگەل یان ئەزشەکانی نەتەوە یان کۆمەڵگە جیاوازەکانەوە بڕیاریان لەسەر دەدرێت و لە درێژخایەندا پەرەیان پێدەدرێت.

نەسلی یەکەم و دووهەمی پەنابەران(first- and second-generation)، ئامانج لە نەسل یان بەرەی یەکەمی پەنابەران، ئەم بەرەیە کە لە تەمەنی سەرووی ٥ تا ٦ ساڵەیی وڵاتی خۆیان جێهێشتووە و هاتۆتە ئەو وڵاتەی لێی دەژین کە زۆرتر ئامنج لەو کەسانەیە کە بناخەی کولتوری و زمانییان لە وڵاتی خۆیان دامەزراوە، بەڵام ئەو نەسلەی کە زۆر بە منداڵی هاتوونە دەرەوە یان لەو وڵاتەی لێی دەژین لە داییک بوونە و بە پرنسیب و داب و نەریت و زمانی ئەو وڵاتە گەورە و پەروەردە بوونە، بە نەسلی دووهەم دەناسرێن.

باسی تێئۆرییەکانی ئینتێگراسیۆن

لەسەرتای باسی تێئۆرییەکاندا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بکەم بە وتەی یەکێک لە لێکۆڵەرە شارەزاکانی ئێرانیی بوواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە سوئێد بە ناوی نادر ئەحمەدی کە لە سەرەتای باکگراوندی بڕوانامەکەشدا ئاماژەم پێکردووە کە دەڵێ: ئەگەر ئێمە بمان هەوێت ژیانی تاراوگە نشینەکان لەبابەت مەسەلەکانی پێوەست بە ئینتگراسیۆن موتالعە بکەیین و لێی بکۆڵینەوە، پێویستە سەرەتا بگەڕێینەوە دواوە و پێداچوونەوەیەک بکەیین بەسەر هەموو ئەو قۆناخ و تەنگ و چەڵەمانە یان ئەو فشارە ڕووحی و جیسمیانە کە ئەو تاکانە پێیدا تێپەڕیون. دەلیلەکەشی ئەوەیە کە پێیوایە هۆکاری بەشێکی بەرچاوی ڕووداوەکان و ڕەفتارەکانی ئەوڕۆی تاکەکان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕابردووەی کە تاکەکان پێیدا تێپەڕیون و تەجرەبەیان کردووە و لەوێدا لێکۆڵەر دەتوانێت وەڵامی بەشێک لەو پرسیارانەی خۆی یان لانیکەم هۆکاری زۆر یەک لە ڕەفتار و گرفتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان کە پاشان لە ڕەفتاری تاک و بنەماڵەکاندا سەریان هەڵداوە، بدۆزێتەوە. هەر بۆیەش من سەرەتا بە شێوەیەکی مێژوویی لە پێشەکیی لێکۆڵینەوەکەدا چوومەتە سەر هۆکاری هاتنی پەنابەران بۆ ئەورووپا پاش شەڕی جیهانی دووهەم و بەتایبەتیس هۆکار و مێژووی هاتنی کورد بۆ ئەورووپا کە ئەگەر خولاسەی بکەمەوە دەکرێ بڵێین دوو هۆکاری سەرەکی لەناویاندا بەرچاون. یەکەمیان باش بوونی وەزحی سەنعەتی و پێویستیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەتیش سوئێد کە بەشداریی شەڕەکەی نەکردبوو و دووهەم هۆکار هەڵگیرسانی چەندین شەڕ و ئاژاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەشێک لەو شەڕانە ڕاستەوخۆ لەدژی کورد بوون بۆ وێنە کودتا سەربازییەکەی تورکییە لە ١٩٧١ و پاشان شەڕیان لە دژی کوردی تورکییە و هێرشەکانی ئەنفالی سەدام لە کوردستان و یان لەو شەڕە ناڕاستەوخۆیانە کە کوردێکی زۆری تێدا ئاوارەو قوربانی بوو، شەڕی ئێران و ئێڕاق بوو و چەندین فاکتەری تریش، کە لێرەدا بۆ درێژ نەبوونەوەی بابەتەکە دوورنەکەوتنەوە لە باسی تێئۆرییەکان باسیان ناکەم.

خۆی ئەو فاکتەرانەی لە مەسەلەی ئینتیگراسیۆنی کۆمەڵایەتییدا کاریگەرن زۆرن و بێجگەلە مەسەلەی باکگراوند کە بە کورتی باسمان کرد دەکرێ ئاماژە بکەیین بە چەندین فاکتەری گرینگیتر وەک: خوێندن، کار و مەجالەکانی کار بە شێوەیەکی یەکسان، بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی، بنەماڵەو کولتوور، کاتی ئازاد و فرسەتەکانی، ئایین و زۆر فاکتەریتریش کە لێرەدا من بە کورتی ئاماژە بەو تێئۆری و بۆچوونانە دەکەم کە نەسلی دووهەمی لاوان و بەتایبەتییش کچەکان دەگرنەوە.

لەنێوان ئەو فاکتەرانەی سەرەوە کە ئەم بەرە یان نەسلە دەگرێتەوە من زۆرتر ئاماژەم بە مەسەلەی بنەماڵە، کولتوور و ئایین ، کاتی ئازاد و هەل و فرسەتەکانی ئەم بەرەیە لە کاتی ئازاد دا کردووە، وێڕای ئەو تەئسیرانەش کە ئەم فاکتەرانە لەسەر درووستکردنی ناسنامە واتە هوویەت و کەسایەتیی تاکەکانی ئەم نەسلەیان دەبێت.

با بگەڕێینەوە سەر مەسەلەی سۆسیال ئینتێگراسیۆن کە هەروەک پێشتر ئاماژەم پێکرد مەبەست لە هاوپێوەستبوونی کۆمەڵایەتی پێکەوەبوون، و هاوبەشبوونی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیە تا هەموو بەیەکەوە بەشی کامڵ یان تەواوی کۆمەڵگە درووست بکەن کە لە ڕاستییدا جۆریک لە پێکەوە ژیان و تۆلێرانس لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیەکی فرە کولتوور و فرەچەشن دێنێتە ئاراوە.

لەم بارەوە لائورا ئاهوکاس لە تێئۆریی خۆیدا دەیهەوێت ئەم هەڵە یان چارەڕوانیی و تەسویرە هەڵەیەی کۆمەڵگەکانی میزبان یان موهاجرپەزیر راست بکاتەوە کە گۆیا فێنۆمێن یان دیاردەی ئینتیگراسیۆن تەنیا پێوەستە بە کۆچبەرەکان و بریتییە لە خۆ ڕێکخستن و خۆ گونجاندنی کۆچکردووەکان یان بێگانەکان لەگەڵ کولتووری زۆرینە لە ڕێگەی چەند تەدبیر یان ڕێچارەیەکی وەک فێربوونی زمان، خوێند و کار کردن، بەڵام ئاهووکاس ئەوە ڕەت ددەکاتەوە و پییوایە کە ئینتێگراسیۆن پڕۆسە یان پرسێکی دوولایەنەیە لە نێوان هەر دوو لایەنی کۆچبەران لەلایەک و خەڵک و سیستەمی خانەخوێ (میزبان) لەلایەکیتر. واتە کۆمەڵگە یان لایەنی خانەخوێ بە سنگفراوانی و تێگەیشتن لە هەل و مەرجی لایەنی کۆچبەر و وێرای ڕێزگرتنیان، پێشوازیی و بەخێرهاتنیان دەکات و هەل و فرسەتی بەرابەری فێربوونی زمان، نیشتەجێبوون و کار و خوێندنیان بۆ دەڕەخسێنێ، لەلای دیکە واتە لایەنی کۆچبەریش پێویستە بەدڵەوە پێشوازیی لەم هەل و فرسەتانە بکات و نیشانی بدات کە دەیهەوێت بەشێک لە کۆمەڵگەکە بن بەشێوەیەک کە بتوانن خۆیان دەگەڵ زمان و کولتوور و بەها بنەڕەتییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە ئاشنا بکەن و خۆیانی دەگەڵ بگونجێنن. بەڵام لێرەدا دەمهەوێ بچینە سەر ئەو دیاردە یان فاکتەرانەی کە لەسەر پرۆسەی سۆسیال ئینتێگراسیۆنی پەنابەران بەتایبەتیش لەسەر نەسلی دووهەم کاریگەرییان هەیە و کە ئەگەر بە کورتی ئاماژەیان پێبکەم، بریتین لە: فاکتەر یان دیاردەی ناسنامەی کەسیەتیی (هۆویەتی فەردی) ،هەروەها فاکتەرەکانی بنەماڵە و بەتایبەتیش خانەوادەی سوننەتی، تەزاددی کولتووری، جیاوازیی و پێڕەویی ئایینی، فاکتەرەکانی ڕەگەزپەرەستی (ڕاسیسم)، جوداسازیی نەژادیی یان سێگرێگەیشن و فاکتەری کاتی ئازاد کە لەم ناوەدا هەرکام لەم فاکتەرانە نەخشی ئەرێنی یان نەرێنیی تایبەتیی خۆیان هەیە.

درێژەی هەیە...