ڕۆڵی زایەند لەسەر پێگەی کار و دەسەڵاتی تاک لە کۆمەڵگەدا!
سوورکێو زەکی
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی زانستی سەردەم، بەتایبەتییش زانستە کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتییەکان، پێناسەکردن، شرۆڤەکردن و هەڵسەنگاندنی ورد و کۆنکرێتی هەموو بووارێکی کولتووریی، کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و هەروەها هەموو چەمکێکە کە لەو زانستانەدا بەکار دێن. چەمکی زایەند (Gender) یەکێکە لەو چەمکانەی کە بەهۆی کارتێکەریی جنسیی مرۆڤەکان کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا هەیانبووە و هەیانە، تایبەتمەندیی و بەهایێکی تایبەتیی بۆ لێکۆڵەران هەیە. گرنگیی جنس یان زایەند دەگەڕێتەوە بۆ نەخشێک کە جنس لە سترۆکتور و بیر و هزری کۆمەڵگە و تەنانەت سیستەمی سیاسییشدا، بۆ وێنە لە دابەشکرانی کار و دەسەڵات بۆ تاک واتە بۆ خاوەنی جنس هەیەتی.
دیارە مێژووی ڕۆڵێک کە زایەند لە نرخاندنی مرۆڤ و ڕادەی کار و دەسەڵاتیدا گێڕاویەتی هەم زۆرە و هەم زۆریش کۆنە. لەوانەیە سەردەمانێک بووبن کە ژن بەهۆی ژن بوونییەوە بەنرختر بووبێت، هەروەک لە زۆرینەی ئەو سەردەمانەی پاش و پێش سەدەکانی ناوەڕاست و تا دەگاتە ئەوڕۆش پیاو بەهۆی جنسی پیاو بوونییەوە نرخی زۆرتری بۆ داندراوە. ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە بێجگە لەو چەند دەیەی ڕابردوو، ئەویش لە بەشێکی بچووکی ڕۆژئاوادانەبێت، لانیکەم لەو دوو تا سێ هەزار ساڵەی کە بەشێکی زۆری مێژووی مرۆڤ دیارە و دەورە مێژووییەکانیشی ڕوونن، ژن تەنیا بەهۆی جنسییەتەکەیەوە لەلایەن زۆرینەی هەرە زۆری پیاو و تەنانەت هەموو بیرۆکەکانی هەتا دوایی سەدەی نۆزدەهەمی زایینیش چەوساوەتەوە و کەنیزێکی خزمەتکاری بێدەسەڵاتی، بێ حەقدەستی، منداڵ هێنەر و جلشۆر و خاوێنکەرەوە و ڕەحەتکەری بێ ئەولاو ئیملای پیاو بووە. بەڵام بۆ ئەوەی لە باسی بابەتەکە دوور نەکەومەوە، نامهەوێت لێرەدا مێژووەکەی بەوردیی و کۆنکرێت بگێڕمەوە. لەڕاستییدا ئەوەی لەمبارەوە گرینگە و بەکورتی دەمانباتە سەر کاکڵەی بابەتەکە ئەوەیە کە بەهۆی گۆڕانکارییە یەک لەدوای یەکەکانی کە لەدوای کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست و چوونە ژێر پرسیاری بەهاکانی کلێسا و هاتنە ئارای ڕێنێسانس لە ڕۆژئاوا و چوونە سەر کاری ژنان لە سەردەمی شۆڕشی سەنعەتیی و سەرهەڵدانی دەیان ئایدۆلۆژیی و بێرۆکەی جیاواز لە سەردەمی مۆدێرنیسم و پاشان هاتنە مەیدانی جووڵانەوە مەدەنییەکان و لەوانەش جوڵانەوەی کرێکاران، ژنان و ئێتنیکە چەوساوەکان و نوێ بوونەوەی ئایدۆلۆژیاکانی سەردەمی مۆدێرنیسم و تەنانەت چوونە ژێرپرسیاری نوێ بووەکان لە سەردەمی پۆست مۆدێرنیسمدا، ڕۆژ دەگەڵ ڕۆژ ئەو بیرۆکە ڕەخنەگرانەیەی لەناو زانایانی ڕۆژئاوادا بەهێزتر کرد کە، بەڕاستی حەقیقەت چییە؟ یان بۆ وێنە بە گوێرەی کام حەقیقەت، ئایدۆلۆژیی یان بەرژەوەندیی دەکرێ مافی پێکهاتەیەک یان تەنانەت بچووکترین پێکهاتەی ناو کۆمەڵگەیەک حاشای لێبکرێت یان پشت گوێ بخرێت؟ بێگومان لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی مافی مرۆڤ لە یەک دوو سەدەی ڕابردودا، بیرۆکەی یەکسانیی کەمینە و ئێتنیکە جیاوازەکان و لەناویاندا گرووپە جنسییەکان و ڕۆڵ و مافەکانیان لە ڕۆژئاوا، دیار و بەرچاو بووە. بەڵام سەرەڕای هەموو بەرەوپێشچوونەکان، پێشێلکرانی مافی مرۆڤ، بە شکڵ و ڕەنگی جیاواز هەر بەردەوام بووە و تەنانەت لە ڕۆژئاواش کە مافی مرۆڤ زۆر زیاتر لە ڕۆژهەڵات لەبەرچاو دەگیرێت، لە هەندێک بووارەوە ئەو پێشێلکارییە لە ڕەنگ و فۆرمێکی شاراوەتردا هەر بەردەوامە و لەمبارەوە وێڕای شیکردنەوەی مانای جنس، زایەند (Gender) و چەمکەکانی پێوەندیداری بابەتەکە، وەک نموونە، تیئۆریی و ڕووانگەکانی چەند زانایێکی ڕۆژئاوایی لەبابەت نەخشی زایەند لەسەر پێگەی تاک لە کۆمەلگەدا بە کورتی شیدەکەمەوە.
زایەند (Gender) چییە؟
وشەی "Gender" (زایەند، جنس) کە لە فەرهەنگی لاتینییەوە وەرگراوە، بە چەند واتایەکی جیاوازی وەک: ڕەچەڵەک، بنەماڵە، خزم، ڕیشە و هەروەها زایەند یان جنسییەت مانا کراوەتەوە. لێرەدا مەبەستی بابەتەکە لەلایەک هەڵسەنگاندن و شرۆڤەکردنی ڕۆڵی زایەندە لەسەر پێگەی خاوەنی زایەند وەک تاکێکی ناو کۆمەڵگە و لەلایێکیتر وەک ئەندامێک لەو گرووپەی کە تاکەکان بە کاتەگۆریی جنسیەتیی لە گرووپەکانیتر جیا دەکاتەوە.
لە سەرەتادا ئەو ڕوونکردنەوەیە بە پێویست دەزانم کە لە فەرهەنگی کوردیی (هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار) زۆر بەدوای دیتنەوەی وشەیەکدا گەڕام کە مانای چەمکی"Gender" بدات بەڵام هیچ وشەیێکم بۆ ئەو مەبەستە نەدۆزییەوە. بەڵام لە فەرهەنگی لێکسین ی سویدی کە بە چەند زمانیتریش، بۆ وێنە بە ئینگلیسیش وەرگێڕدراوە، مانای سویدی وشەکە ”Genus”ه کە بە زمانی سویدی بە یێنووس دەخوێندرێتەوە و بە کوردییش بە هەردوو وشەی جنس و زایەند لێکدراوەتەوە، هەربۆیەش لێرەدا من لەو دوو وشە کەڵکم وەرگرتووە.
دیارە لە کولتووری کوردییدا، کاتێک ناوی زایەند یان جنس دەهێندرێت، لە لایەنی بەرامبەرەوە بە ئۆرگان یان ئەندامی سێکس لێکدەدرێتەوە. لە هەمانکاتدا باسی جنس لە کولتووری گشتیی خەڵکی ڕۆژئاوادا و بەتایبەت لە نیگای یەکەمدا چوونە بۆ سەر باسی ئازادیی جنسییەتی و بەرابەریی کەمیینە جنسییەکان(Trans-bi-homosexual) و هەڵسەنگاندنی بیرۆکە و تیئۆرییەکانی ئەو بووارە جنیسییانە کە مەبەستی ئەو بابەتە نیین.
لە زمان و ئەدەبیاتی زانستیی و بەتایبەت لە زانستە کۆمەڵایەتیەکاندا، وشەی زایەند یان جنس (Gender) جیاوازە لە ئۆرگانی سێکس (Sex organ) کە بە جنسی بایۆلۆژیی دەوترێت. واتە ئاماژە بە چەمکی جنس (Gender) لە بوواری زانستییەوە بە کورتی ئاماژەیە بە جنسی کۆمەڵایەتیی (Social gender) و زۆرتر بۆ بەیانکردن و لێکدانەوەی تێڕوانینی کولتوریی و کۆمەڵایەتییە بۆ جنسی ژن و پیاو و ئەو تێڕوانینەی کە کار دەکاتە سەر بەهادان و ناساندنی پێگە سیاسیی و ئابووریی و پێڕەوادیتنی بەرپرسایەتیی کاریی و سیاسیی، (لە بەشداریی لە دەسەڵاتی ئیداریی و سیاسیی و لە چۆنیەتی دابەشکردنی بەرپرسایەتیی ئابووریی و بەشداریی لە بازاری کار) و هەروەها بۆ شرۆڤەکردنی چوارچێوەی سیستەمی جنسیی، کۆنتراکتی جنسیی و هەڵسەنگاندنی ماف، ئەرک و بەرپرسیارییەکانی ژن و پیاو (لە پێوەندی لەگەڵ ئەم سیستەم و کۆنتراکتەدا،) ئەو چەمکە بەکار دەهێندرێت و باسی لێدەکرێت.
دابەشکرانی کار لەسەر بنەمای جنس
مەبەستی سەرەکی لە دابەشکرانی کار لێرەدا بریتییە لەو دابەشکرانەی کە لە ماوەیەک یان دەورەیەکی مێژووییدا لەنێوان ژن و پیاودا بەگوێرەی کولتوور یان داب و نەریتەکانی کۆمەڵگە هەبووە و بەو پێیەی کە تێئۆریسێنەکانی بابەتی جنس و لێکۆڵەرەکانی، زۆرتر ڕۆژئاوایی بوونە و ئەو مەسەلەیە زۆرتر لە ڕۆژئاوا بابەتی ڕۆژ بووە، لێکۆڵەر و هەڵسەنگێنەرەکانیش زۆرتر مەبەستیان ڕۆژئاوا بووە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەو تێئۆریانە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات نەگرنەوە یان لەگەڵیاندا بەراورد نەکرێن.
ئەگەر بەکورتی ئاماژە بە چۆنییەتی دابەشکرانی کار لە ڕابردوودا بکرێت، ئاشکرایە کە ڕۆڵی ژن لە زۆربەی ئەو شوێنانەی ژیانیان لێ بووە، بێجگەلە کاری خزمەتگوزاریی لەناو ماڵ، هاوکات لە زۆر بوواریترەوە بۆ وێنە لەناو کێڵگەو لەسەر زەوی و زارەکاندا یارمەتیی پیاوی داوە و کاری کردوە. لەوبارەوە ئوللا ویکاندێر "Ulla Wikander" (پرۆفسۆری مێژووی ئابووری لە سوئێد) دەلێت کە زۆربەی ژنەکان لە هەموو دەورەکانی مێژوودا کاریان کردوە، جا بۆ ئەو کارە حەقدەستیان پێدرابێت یان نا. ئاشکرایە کە لە کۆمەڵگەکانی بەر لە شۆرشی پیشەسازیی، ژنان بەگشتیی بەشێوەیەکی خۆبەخشانە لەناو ماڵدا، واتە بەبێ حەقدەست و داهات ئیشیان کردوە. دیارە زۆرینەی ئەو ژنانەش کە لەدەرەوەی ماڵ، یارمەتیدەری بنەماڵەکانیان بوونە، هاوکات ناچار بوونە پاش گەڕانەوەیان ئەرکەکانی ناو ماڵیشیان وەک چێشت لێنان، بەخێوکردنی مناڵ و پاک و خاوێنی ماڵ، دۆشین و تاقەتکردنی ئاژەڵ بەڕێوەبەرن. سەرەڕای ئەوەش، پیاو و ژن لە ژیانی هاوسەرێتیشدا وێڕای کاری ئابووری بەیەکتر وابەستە بوونە. ئەو وابەستەبوونە دوولایەنە لە ڕووانگەی ویکاندێرەوە "خۆی بنەما بووە بۆ دابەشکرانی کار و سەرەڕای ئەوەش ژن بەشێوەیەکی فەرمیی لەلایەن پیاوەوە چەوسێندراوەتەوە. لەپاش سەرهەڵدانی شۆڕشی پیسەسازییش، ئەو چەوساندنەوە بەشێوازگەلی جیاواز و لەوانەش بە کاری کەمبایەختر و حەقدەستی کەمتر بەردەوام بووە."
کورتەیەک لەسەر نەخشی مۆدێرنیتە لەم بووارەوە
پێشکەوتنی تێکنۆلۆژیی و چاک کرانی ژمارەیەک کەرستەی باشترژینیی (ڕەفاهی) وەک ماشێنی جلوبەرگشۆریی، سەرهەڵدانی دیاردەی شارنشینی، سەرهەڵدانی ژمارەیەک ئەنستیتۆی ئابووری نوێ، سەرهەڵدانی مێدیا و وشیاربوونەوەی خەڵک و کۆمەڵێک چاکسازیی یاسایی و بەتایبەتییش ڕێفۆرم لە بەشی کار بەدرێژایی سەدەی نۆزدەهەم لە ئەورووپادا، هەلومەرجێکی باشتری لە بوواری کار و سووکتربوونی کاری ژنان خوڵقاند. بەڵام بە گوێرەی ویکاندێر "سەرەڕای هەموو پێشکەوتن و گەشە ستاندنەکان کە بەدرێژایی دەورەی پیشەسازیی و مۆدێرنیتە ڕوویانداوە، بەشێکی زۆر لەو ئەرکانەی کە لەناو ماڵدا بە هی ژن و بە کاری ژنانە ئەژمێردراون، هەروا لە ئەستۆی ژنن. بۆ وێنە ئەرکی پاک و خاوێنی و شوردن، بە هاتنەوەی ماشێنی لیباس شوردن بۆ ناوماڵ، وەک گەلێک لە ئەرکەکانیتری ناوماڵ، دووبارەش بە ژن سپێردرایەوە". سەرەڕای ئەوانەش، خەباتی ژنان بۆ یەکسانیی، بەشێوازگەلی جیاواز و بەتایبەتییش لە ڕێگەی بزووتنەوەی ژنانەوە و خوێندەواربوون و هاتنەدەری ژن لەناو ماڵ، وای کرد کە زۆرینەی ئەو ئەرکانەی کە بە ژن ڕەوا نەدەدیتران، ئەوڕۆ لە زۆربەی وڵاتانی ئازاد دا بەشێکی بەرچاو لە ژنان بە یەکسانی لەگەڵ پیاودا وەدەستی بێنن و تێشیدا سەرکەوتوو بن. بەڵام ئەوەی لێرەدا جارێکیتر بەڵام بەشێوازێکیتر بە وتەی وێکاندێر ژن جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئێستاش تەنانەت لە کۆمەڵگە دێموکراتەکاندا لە زۆر بووارەوە، ژن ئیزنی هەلومەرجی یەکسانی لە کاردا نییە و تەنانەت لە زۆربەی کارەکانی فەرمییدا، بۆ کارێکی هاوشیوە، بە خوێندەواریی، شارەزایی و چالاکیی هاوشێوەوە، حەقدەستی ژن لە پیاو کەمترە. هەروەها ئێستاش تەنانەت سترۆکتوری کۆمەڵگە هەر بەو شێوەیە کە بۆ ئەو کارانەی کە بە هی ژن دەژمێردرێن، ژنان داخوازییان زۆرترە و بۆ پیاوانیش هەر بەم شێوەیە."
وەک دیارە ئەوەی هەمووی ئەو مێژووە بە پێشکەوتنەکەشیەوە لەوبارەوە سەلماندوویەتی، ڕۆڵی زایەند ە لە پێگەی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەتایبەتییش لە بەشی ئابووریی و ڕەخسانی هەلی کار. لەگەڵ ئەوەشدا وێکاندێر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دابەشکرانی کار لەسەر ئەساسی جنسیی، بنەمایێکی سرووشتیی نییە و" ئەوە هەڵاواردنێکە کە سترۆکتورە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان، پێگەو شوێنی کاریان بەسەر ژنانە و پیاوانەبووندا دابەشکردوە."
ڕۆڵی زایەند (Gender role)
چەمکی "ڕۆڵی زایەند" ( کە لەم دوایانەدا لەجێی ووشەی زایەند لە لایەن فێمینیستەکانەوە بەکار هێندراوە،) ئەو جیاوازییە کۆمەڵایەتیی و کولتوورییانە دەگرێتەخۆ کە لە نێوان جنسییەتە جیاوازەکاندا بەدیدەکرێن و لەوانەش جیاوازیی بەهاکان، نۆرمەکان، کەرستە، ڕەفتار، پێگە و هەلومەرجە جیاوازەکان، کە هەرکام لەو تایبەتمەندییانە دەتوانن پێوەندیی و هەلومەرجی لایەنە بەرامبەرەکانی زایەندەکان بگۆڕێ و بە زەرەر یان بە قازانجی لایەنێکدا بیشکێنێتەوە. دیارە بەکارهێنانی چەمکی "ڕۆڵی زایەند" لەجێی وشەی "زایەند، جنس" تا ڕادەیەکی زۆر کەوتۆتە ژێر ڕەخنەی کۆمەڵناسان و بەشێکی زۆر لە ڕەخنەگران( لەوانەشGayle Rubin و Yvonne Hirdman ) لەسەر ئەو باوەڕەن کە چەمکی "ڕۆڵی زایەند" ناتوانێ لە تیئۆرییدا بە پوختیی، ستروکتوری دەسەڵات (کە یەکێک لە فاکتەرە سەرەکیەکانی کێشە لەسەرە لەبابەت پێوەنیی نێوان کەمایەتیە جنسیەکان،) پێناسە بکات.
تیئۆری "ڕۆڵی زایەند"
بەگوێرەی تیئۆری "ڕۆڵی زایەند"، جنسییەت لە دوو کاتەگۆری جیاوز یان دژبەر پێک دێت کە بریتیین لە نێرینەیی (نێرینە بوون) و مێیینەیی (مێیینە بوون). واتە ڕۆڵی تاکەکان لە نیگای یەکەمدا دەبەسترێتەوە بەوەیکە تاکەکە نێرینەیە یان مێیینە. لەم بارەوە بۆ وێنە باسی ئەوە دەکرێت کە نۆرمەکان ئەوەیان سەپاندووە کە ژنێک دەبێ لە ماڵ چێشت لێنێ و مناڵ بەرهەم بێنێ و ئەرکی جل شوردن و پاک و خاوێنی ناو ماڵی لە ئەستۆ بێت و پیاوێکیش لە دەرەوە کار بکات و ئەرکی بەڕێوەبەریی و بەخێوکردنی ژن و مناڵی لەئەستۆ بێت، کە لەبنەڕەتدا ئەو شێوازە دابەشکردنەی کار و ئەرک، دەتوانێ ژن وەک لایەنێکی جنسیی، لە زۆرینەی مافەکانی و هەروەها لە گەشە ستاندن و پێگەیشتن بێبەش بکات.
ئەوەی لێرەدا زۆرتر جێی ڕەخنەی لێکۆڵەران و زانایانە، ئەو سنوور و چوارچێوە نەگۆڕ و نادادپەروەرانەیە کە نۆرمە سەپاوەکان ڕێ لە بەزاندنی دەگرن و دەبنە هۆی جیاوازبینیی و هەڵاواردنی جنسییەت لەنێوان تاک یان گرووپە جیاوازەکان و ناهێڵن ئەوان بە ئازادیی و بە ئارەزووی خۆیان بژیین و پێشکەون. لێرەدا دەردەکەوێ کە ئەو شیوازە دابەشکردنەی ئەرکەکان، جنسی مێیینە بەئاشکرایی پەراوێز دەخات و لە زۆرینەی دەرفەتەکانی کار و دەسەڵات کە لە دەرەوەی ماڵەوەن بێبەش دەکات و دەردەکەویت کە زۆرینەی ئەو شیوازە هەڵاواردنانەش لە پێکهاتەو ناوەرۆکی سیستەمی جنسیەتیەوە"Gender System" سەرچاوە دەگرن.
سیستەمی زایەندیی (جنسی) "Gender System"
بە گوێرەی تێئۆری هیردمەن ( Hirdman Yvonne )، سیستەمی جنسی لەو سترۆکتورە کۆمەڵایەتییە پێکدێت کە لەسەر بنەمای جنسییەت دامەزراوە. ئەو سیستەمە خۆی مەرجێکی بناخەییە بۆ نۆرم و ڕەوشە کۆمەڵایەتییەکانیتر و هەرەها کار دەکاتە سەر ڕەوشەکانی ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و سیاسیی لە دابەشکردنی دەسەڵات و پێگەکاندا.
تێئۆری هیردمەن لەمبارەوە هەڵگری دوو مەنتیقە:
مەنتیقی یەکەم بریتییە لە دیکۆتۆمی ژنانە و پیاوانە واتە مەنتیقی لێک جیاکەرەوە یان جیاواز ڕاگرتن ( ئەوەیکە پێویست ناکات کە ژن و پیاو تێکەڵاو بکرێن).
مەنتیقی دووهەم بریتییە لە هیرارشیی واتە دەسەڵاتی سەرەوە بۆ خوار ( کە لێرەشدا پیاو وەک نۆرم یان وەک پێکهێنەری نۆرمەکان دەبیندرێت).
ئەم دوو پرەنسیپە (بە بۆچوونی هیردمەن) وا دەکەن کە پیاو وەک کەسایەتیی یان پێکهاتەیەکی نۆرماڵ و سروشتیی، و ژن وەک کەسایەتیی یان پێکهاتەیەکی لاڕێ، بەلاڕێداچوو یان ناتەواو سەیر بکرێت، کە ئەو بنەمایە لە کۆتاییدا دابەشکران و داڕشتنی سەرەوە بۆ خوارووی لێدەکەوێتەوە. دیارە هیردمەن لێرەدا دەیهەوێت بڵێ کە تێگەیشتنی ئێمە لە پیاو و ژن وەک دوو پێکهاتەی جیاواز، خۆی بنەمای مەنتیقی یەکەم واتە مەنتیقی لێک جیاکەرەوە پێک دێنن و هەر لەڕێگەی بەردەوامیی ئەو پرنسیپەشەوەیە کە ئەم هەڵاواردنە لەناو کۆمەڵگەدا بە فەرمیی دەمێنێتەوە. نموونەیەکی زیندوو لە دابەشکرانی کار لەسەر بنەمای مەنتیقی لێکجیاکردنەوە یان هەڵاواردنی ژن و پیاو تەنانەت لەو سەردەمەدا، لە بازاڕی کارە کە لەو بازاڕەدا ژن بەگشتیی لە شوێنی سەرڤیس و شوێنە خزمەتگوزارییەکانی وەک خاوێنکردنەوەی شوێنە عموومیەکان، پەرستاریی، بەخێوکردن، چاودێریی منداڵان و نەخۆشەکان و هتد ئیش دەکەن، لەکاتێکدا پیاوەکان زۆر زیاتر لە ژنان بە بەرپرسیارەتیی و کارە تەکنیکییەکانەوە سەرقاڵن. ( مەبەستی هیردمەن لێرەدا پێگەی ژن و پیاو بەگشتییە، نەوەک چەند ژن یان پیاو کە لە بەرزیی یان نزمییدا پێگەی هاوشێوەیان هەبێت.)
مەنتیق یان لۆژیکی دووهەم کە هیردمەن لە سیستەمی جنیسیی زاڵ دا ناوی دەبات بریتییە لە بە نۆرم بوون یان بە پێوەر کرانی پیاوە و ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەیکە هەرشتێک کە بە پیاوانە بنرخێندرێت، ئەوە شتێکی نۆرماڵ دێتە ئەژمار و لەوە زیاتر شتێکی نائاسایی و نامۆ، لاڕێ و ناڕێکە. بۆ وێنە لە دابەشکرانی ناوی کار و ئەرکەکان لە ئەدەبیاتی ڕۆژانەدا بەو شێوەیە ناوی ئەو ئیشانە دەێت: بەرپرسەکان و ژنە بەرپرسەکان، تێنیس و تێنیسی ژنانە، فوتباڵ و فوتتباڵی ژنانە، پزیشک و پزیشکی ژنانە و هتد. ئەو شێوازە داڕشتنەی نۆرمەکان و بیرۆکەکان دەریدەخات کە لەناو ئەو بازنەی کە سیستەمی جنسیی تێدا ڕێکخراوە، شێوەی دابەشکران و ڕێکخرانی جنسیی، خۆی دەبێتە بنەمای داڕشتن و نەزمپێدانی دەسەڵات. واتە چ ئەو دەسەڵاتە لە بازاڕی کار دا بێت یان لەناو کۆمەڵگەو یان خود لە دەسەڵاتی سیاسییدا، ئەوەی لە نۆرمەکان لادەدا، بەهای پێویستی پێنادرێت و لەو ئاستەدا کە ژن بەهۆی جنسییەتەکەیەوە نۆرماڵ نایەتە ئەژمار، بەشێوەیەکی گشتیی نرخێکی کەمتری هەیە لە پیاو کە خۆی نۆرم و نۆرماڵە. بۆ نموونەی ئەو نرخاندنە دەکرێت ئاماژە بەوە بکرێت کە پیاو بە گشتیی لە زۆرینەی ئیشەکانی بازاڕی کاردا، بۆ کارێکی هاوشێوە حەقدەست و پاشکەوتی زۆرترە لە ژن و ئەو جیاوزییەش لەو نیگایەوە دێت کە ژن بە کەمبایەختر دەدیترێ یان دەنرخێندرێت.
ئەوەی لە کۆتاییدا هیردمەن ئاماژەی پێدەکات ئەوەیە کە سیستەمی جنسییەتی زاڵ، نە لەخۆیەوە هاتۆتەدی و نە بەتەنیا پیاویش پێکی هێناوە. بەڵکو ئەوە پەیماننامە یان کۆنتراکتێکی جنسییە کە هەردووک لایەنی ژن و پیاو لەڕێگەی بنیاتنانی ستروکتورە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان لە پێکهێنان و تەنانەت لە بەردەوامبوونیشیدا بەشدارن و هەردوو لایەن پەسندیان کردووە و بۆ هەمووان شتێکی نۆرماڵ دێتەبەرچاو. بێگومان ئەوە ئێمەین کە (وەک ئەندام و تاکی ژن و پیاوی کۆمەڵگە،) بەردەوام ئەو ستروکتورانە لە ئاکار و ڕەفتاری ڕۆژانەماندا دەپارێزین و بەبێ بەردەوامیی و پشتیوانی ئێمە، ئەو بنچینە نادادپەروەرانە ناتوانن بەردەوام بن. هەر بەم پێیەش ئەرکی هەموومانە کە یارمەتیدەر بین بۆ گۆڕیینی سیستمی جنسیی و پێویستە لە فرسەتەکانمان بۆ هەنگاو نانەوە بەرەو یەکسانیی نێوان جنسەکان کەڵک وەرگرین. (Yvonne Hirdman)
یەکێک لە ستراتیتژییەکانیتر کە زانایانی ئەو بابەتە بۆ گۆڕانکاریی پێشنیاریان کردووە ئەوەیە کە لەپشتی ئوستوورەکانەوە، بەدوای ڕاستییەکاندا بگەڕێیین و خۆمان لە پێشداوەریی لەسەر ژنانە بوون یان پیاوانە بوونی شتەکان بپارێزین. هەروەها لە ڕێی ڕوونکردنەوە و بردنەسەری ڕادەی ڕۆشنبیریی و بردنە ژێر پرسیاری هەڵاواردنی ئێتنیکی و نۆرمە پیاوانەکان، لە درێژخایەندا گۆڕان بەسەر سیستەمە هەڵاوێرەکاندا بێنین.
ئەوەی لێرەدا گرینگە شیی بکرێتەوە، تەنیا شرۆڤە کردنی سترۆکتوری نادادپەروەرانە و شێوازی دابەشکرانەکانی دەسەڵات و کار نیین. بەڵکو ئەو ڕوونکردنەوانە پێویستە بمانگەیەننە ئەو قۆناخ و ئامانجە، کە دابەشکرانی کار و ئەرکەکان لەسەر ئەساسی پیاوانەبوون یان ژنانەبوون و پاشان بەردەوامیی تەبلیغ و تەڵقینکردنی ئەو کولتوور و نۆرمە کولتوورییانە، ئەو شێوازە مۆدێلە فیکرییە لەسەر بنەمای ستروکتوری کۆن لەناو نەوەی نوێدا بەزیندوویی دەهێڵیتەوە و هەر بەو شێوەیەش ئەو سیستەمە بەرهەم دەهێندرێتەوەو درێژەی پێدەدرێت.
سەرەڕای هەموو تێئۆریی و ڕێکارەکان، هیوادارم سەرنجدان بەو بابەتە، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کە ئێستاش بەڕادەیەکی زۆر، لە زۆر بووارەوە دوورە لە یەکسانیی و پڕە لە نۆرم و نەریتی چەوسێنەر، ئەو شییکردنەوانە، بەدەر لە چوارچێوەی بابەتەکە بتوانن لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەی ئێمەشدا لەبوواری ڕەخنە هەڵگرییشەوە یارمەتیدەربن. بەبڕوای من ئەو تێڕوانیین و شیکردنەوە و ڕەخنەگرتنەی ڕۆژئاواییەکان لە مێژوو و پێشکەوتنەکانی خۆیان و دەرخستنی کۆنکرێتی وردەکارییەکان بەم شێوەیە، دەتوانن زۆر شت فێری ئێمە بکەن. بۆ وێنە ئێمە فێربووینە هیچ کات ڕەخنە لە خۆمان و ڕابردوومان نەگریین و بە هوموو چاکە و خراپەکانمان شانازیی بکەیین، هەربۆیەش لەسەر خراپەکانمان بەردەوام دەبین و نۆرم و نەریت و گەلێک لەو سوننەتانەی ڕێگرن لە چوونەپێشمان، لەسەریان بەردەوامین. بەڵام ئەوە واقعێکی حاشا هەڵنەگرە کە زانایانی ڕۆژئاوایی، پاش ئەو هەموو گۆڕانکاریی و بەرەوپێشچوونە، هەڵە و بەربەستەکانی کولتووری، سیاسیی، ئابووری و مێژوویی پێشوو و ئێستای خۆیان بەبێ ترس دەخەنە بەرباس و ڕەخنەی لێدەگرن و تەنانەت ڕەخنە لە زۆریەک لەو گۆڕانکارییانەی سەردەمیش دەگرن و بە ناتەواویان دەزانن. هەر لەو بارەشەوە یەکێک لە زانایانی ڕۆژئاوایی بەناوی دێیڤید تێیدێر (David Tjeder ) دەڵێت " زۆر کار کراون، زۆر پێشکەوتن هاتوونە ئارا، بەڵام زۆر زۆریش ماوە کە بکرێت." ئاواتەخوازم ئێمەش فێر بین کە ئەگەر کاری زۆریشمان بۆ پێشکەوتنی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان کرد، نەڵێین تەواوە و بە بەردەوامیی لە شرۆڤەکردن و هەروەها بە ڕێفۆرم لەو نۆرم و نەریتانەی کە ڕێگرن لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەکەمان، ئایندەیێکی پێشکەوتوو و یەکسان بۆ داهاتوومان بڕەخسینیین.
گەلاوێژی ١٣٨٩ / سوید
سەرچاوەکان:
Hirdman, Yvonne, Genussystemet - reflexioner kring kvinnors sociala underordning i Genushistoria Studentlitteratur 2004
Ulla Wikander, Kvinnoarbete i Europa 1789-1950 : genus, makt och arbetsdelning, Atlas 2006
Tjeder, Kvinnor, män och alla andra: en svensk genushistoria, Studentlitteratur 2009
http://lexin2.nada.kth.se/sve-eng.html
سوورکێو زەکی، لەدایکبووی باشووری کوردستان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم. لە ڕاستییدا سوورکێو ناوی دووهەممە، بەڵام لە ناو کوردان زیاتر بەم ناوەوە ناسراوم، خۆشم هەر ئەو ناوەم پێ خۆشترە لە ناوی یەکەمم، سولەیمان یان سوولمەن ناوی ناسنامە و ناوی سویدییەکەمە.